وەزارەتی دارایی و ئابووری رایدەگەیەنێت کەوا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من' وەرگرتووە. جەختیشی كردەوە کە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتر دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند: وەک پێشتریش ئاماژەی پێدرابوو، ئامانج لەم پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت.
دووپاتیشی كردەوە كە هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لە هەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە، هیچ کەس و لایەنێک بە حکوومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بە هیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات، هەر بۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بووەستن و هەروەها پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وا دەکات هەم کات و هەم ماندووبوونێکی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە و هەمیش کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا: خۆشحاڵین کە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاووڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان دروست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن.
لەکۆتاییشدا جەختی كردەوە كە دەیانەوێت ئەوە ڕابگەینن کەوا سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەندبن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە 84 ئامێری جیاوازی ڕاکێشانی پارە ATM، ئامانجیان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی 1000 ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاووڵاتییان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت. ئەو کەسانەش كە شارەزایییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانەوە هاوکاری دەکرێن.
بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ و لە ڕێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن. هەربۆیە وەزارەتی دارایی جەختی كردەوە كە بەو پەڕی توانایانەوە هەموولایەک هان دەدەن تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.