Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 23:08

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا كرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی 5ـی 2024 مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پلان و پڕۆژەکان لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی ، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.

پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورماڵەی سەر بە کار گرووپ-یان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەیان بەسەر کردەوە.

دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا گرنگی بە ێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق وهەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و  پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدرالدا دەربڕی.

گوتیشی خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە .

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.