Erbil 27°C شەممە 27 تەمووز 03:55

فرۆشتنی باڵۆن دۆرەکەی مارادۆنا لە زیادکردنی ئاشکرا لە پاریس ڕادەگیرێت

کوردستان TV
100%


فرۆشتنی باڵۆن دۆرەکەی ئەفسانەی کۆچکردووی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا کە لە ساڵی 1986 بەدەستی ھێنابوو، لە زیادکردنی ئاشکرا لە پاریس ڕادەگیرێت.

ئەفسانەی تۆپی پێ، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا کە لە 25ی تشرینی دووەمی 2020دا لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لە یاریی کۆتایی جامی جیھانی ساڵی 1986 بۆ تۆپی پێ کە لە مەکسیکۆ سیتی بەڕێوەچوو کاپتنی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوو کە بە ئەنجامی 3-2 لە ھەڵبژاردەی ئەڵمانیایان بردەوە و جامی جیھانیان بەدەستھێنا و دواتر لە ڕێوڕەسمێکدا لە پاریس، خەڵاتی تۆپی پێی ئاڵتۆنی "باڵۆن دۆر"ی پێ بەخشرا.

باڵۆن دۆرەکەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بۆ چەند ساڵێک دیار نەما، بێ ئەوەی ھۆکارەکەی بزاندرێت و پاشان لە ساڵی 2016، باڵۆن دۆرەکە دەرکەوت و دواتر دووبارە دیار نەما. دواجار لە ھەفتەی ڕابردوو دەرکەوتووە و ڕاگەیاندرا کە مانگی داھاتوو، باڵۆن دۆرەکەی مارادۆنا لە زیادکردنی ئاشکرا لە پاریس دەفرۆشرێت.

لای خۆیەوە میراتگری ئەفسانەی کۆچکردووی تۆپی پێی ئەرجەنتینی، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ڕایگەیاندووە کە باڵۆن دۆرەکەی مارادۆنا دزراوە و ئەو کەسەی کە ئێستا باڵۆن دۆرەکەی لەلایە، مافی ئەوەی نییە بیفرۆشێت.

لای خۆیەوە پارێزەری میراتگرەکەی مارادۆنا، جیل مۆریۆ بە ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە کە ئەوان بەتۆمەتی دزینی باڵۆن دۆرەکەی مارادۆنا، سکاڵایەکی بەپەلە پێشکەش بە دادگا دەکەن.

باسی لەوەشکردووە کە خێزانەکەی مارادۆنا، دەیانەوێت ڕێگری لە فرۆشتنی باڵۆن دۆرەکەی مارادۆنا بکەن، چونکە ئەوان بە موڵکی خۆیانی دەزانن.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.