وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) هۆشداری دایە حكوومەتی عێراق لە بەردەوامی هێرشەكان بۆ سەر سەربازگەكانیان، جەختیشی كردەوە لە ئەگەری بەردەوامییان وەڵامیان بۆیان دەبێت.
پێنتاگۆن ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دوێنێ و پێرێ گرووپەكانی سەر بە ئێران دوو هێرشی شكستخواردوویان بۆ سەر هێزەكانمان لە عێراق و سووریا ئەنجام دا.
راشیگەیاند: داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین هەنگاوی پێویست بهاوێژێ بۆ پاراستنی هێزەكانمان، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر هێرشەكان بەردەوامیان هەبێت، بێدەنگ نابین و وەك جارانی رابردوو وەڵاممان بۆیان دەبێت.
شەوی رابردوو بە درۆن هێرشكرایە سەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنباڕ كە بەشێك لە سەربازانی ئەمەریكی تێدایە.
پێرێ شەویش بەهەمانشێوە بە پێنج مووشەك هێرشكرابووە سەر سەربازگەی ئەمەریكی خەراب ئەشک لەنێو خاكی سووریا، بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەكان مووشەكەكان لەلایەن گرووپەكان لە پارێزگای نەینەوا ئاراستەكرابوون، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان دروست نەكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.