Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 02:10

سەرۆک بارزانی: داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکه‌م بە شێوەیەكی پیشەییانە "ڕاستییەكان" بگەیەنن

کوردستان TV
100%


سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، لە 126ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، پەیامێکی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییدا هاتووه‌، بە بۆنەی سەد و بیست و شەشەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت، ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركێكی پیرۆز و هەستیاریان لەسەر شانە كە بریتیە لە پێدانی زانیاری و هۆشیاری و ئاراستەكردن و پێشخستنی كۆمەڵگە. لەویادەدا داوام لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان هەیە، ئەركی خۆیان بە شێوەیەكی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەكان و هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی فەرهەنگ و هۆشیاریی كۆمەڵگە و هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، پێویستە ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەیان هەمیشە لەیاد بێت كە میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئامرازی كاریگەرن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ناسنامە و مافەكانی گەلی كوردستان و، لە هەمانكاتیشدا ئامرازن بۆ پاراستنی بەهاكان و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی لەناو خەڵكدا.
ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆز و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.