Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 17:00

بەهۆی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

کوردستان TV
100%


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشەکانی سەر ئیسرائیلەوە سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنن.

سولیڤان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک جۆ بایدن هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس و هاوپەیمانانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هەمەلایەنەی ئێران، لەو چوارچێوەیەشدا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و، ڕایگەیاند: ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، لەوانەیش ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە پشتیوانی لە بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و وەزارەتی بەرگریی و سوپای پاسداران دەکەن.

هەروەها سولیڤان باسی لەوە کرد کە پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی دیکەش لە دوای ئەمریکا سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنن و، ئەوەیشی خستەڕوو کە لە بەرامبەر توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران، واشنتۆن بەردەوامە لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانیی و مووشەکی و سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەیک سولیڤان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم سزا نوێیانە و ڕێوشوێنەکانی دیکە درێژەیان دەبێت بۆ گوشارخستنە سەر ئێران بۆ کۆنترۆڵکردن و لاوازکردنی توانای سەربازییەکەی.


ئیسرائیل لە یەکی نیساندا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، لەو هێرشەدا حەوت کەس کە دووانیان جەنەراڵ بوون لە سوپای پاسداران کوژران.

ئێران هێرشەکەی بە هێرش کردنە سەر خاکی خۆی لە قەڵەمدا و، ئاماژەی بەوە کرد کە وەڵامی دەداتەوە.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەداتەوە.

ئێران لە 13ی نیساندا بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازە و مووشەکی کروز و بالستی دەستی بە هێرش کرد بۆ سەر ئیسرائیل و، چەند ئامانجێکی سەربازیی بۆردومان کرد.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەو هێرشەدا زۆربەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆیکەوانەکانی ئێران لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ولاتەکەیەوە خراونەتەخوارەوە، بەڵام بنکەیەکی سەربازیی باشووری وڵاتەکەی پێکراوە.

ڕاگەیاندنی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە حکوومەتی تەل ئەبیب بڕیاریداوە بە شێوەیەکی "ڕوون و کاریگەر" وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بداتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.