وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ئەمڕۆ هەینی رێنمایی سەرجەم هاووڵاتییانی كرد سەردانی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەكەن بەهۆی هەڕەشەكانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل كە پێشبینی ئاڵۆزبوونی دۆخەكەی لە ناوچەكەدا لێ دەكرێ.
لە رێنماییەكەی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسادا هاتووە كە سەردانی هەریەك لە وڵاتانی ئێران و ئیسڕائیل و لوبنان و فەڵەستین نەكەن.
هەروەها داواشی لە هاووڵاتییانی فڕەنسی كردووە ئەوانەی ئێستا لەو چوار وڵاتە و هەندێ وڵاتی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ئاگاداری خۆیان بن و هۆشیار بن لە ئەگەری هەر رووداوێكی نەخوازراودا.
ئەم رێنماییەی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند رۆژێكە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەستیارە بەهۆی هەڕەشەكانی ئێران بە تۆڵەكردنەوەیان لە ئیسڕائیل لە ئەنجامی بۆردومانەكەی هەفتەی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
هەر لەبارەی هەڕەشەكانەوە، رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریكی بڵاوی كردبووەوە كە ئێران پلانی داڕشتووە لە ماوەی 24 یان 48 كاتژمێری داهاتوو هێرش بكاتە سەر ئیسڕائیل.
رۆژنامەیەكی ئیسڕائیلیش بەناوی (یەدعوت ئیحرنووت) ئاماژەی بەوەداوە كە سوپا و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیل (مۆساد) ئامادەكاری تەواویان بۆ هەر ئەگەرێك كردووە و تەنانەت لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئێرانیش رێككەوتوون.
جەختیشی كردووەتەوە كە وەڵامەكەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران بە هەماهەنگی و ئاگاداری ئەمەریكا دەبێت و تێیدا گورزێكی بەهێز و توند لە ناوخۆی ئێران دەدرێت.
هەموو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەش لە ئەنجامی بۆردومانەكەی ئێوارەی رۆژی دووشەمی هەفتەی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دروست بوون كە بەهۆیەوە 16 كەس كوژران، لەنێو كوژراوەكانیش ژمارەیەك فەرماندە و بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران هەبوون كە گرینگترینیان محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودس بوو لە سووریا و لبنان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.