بەربژێرێكی دەم پارتی سەرەڕای ئەوەی بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ ركابەرەكانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە پارێزگای وان سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ناوی بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی پارێزگاكە دیاری نەكرا.
عەبدوڵا زێدان بەربژێری پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگای وانی بەدەستهێنا كە رێژەی زیاتر لە 55%ی دەنگەكان بوو.
نزیكترین ركابەری بەربژێری ئاكپارتی عەبدولئاهات ئاڤراس بوو كە تەنیا رێژەی 27.15%ی دەنگەكانی پارێزگای وانی بەدەستهێنابوو، واتە بەربژێرەكەی دەم پارتی دوو هێندەی دەنگی لەو زیاتر مسۆگەر كردبوو.
بەڵام ئەمڕۆ بە بڕیاری دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان بەربژێرە سەركەوتووەكەی دەم پارتی عەبدوڵا زێدانی بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان دوورخرایەوە، لە شوێنی ئەویش عەبدولئاهات ئاڤراس براوەی دووەم و بەربژێرەكەی ئاكپارتی بۆ سەرۆكی شارەوانی دیاری كرا.
بڕیارەكەی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان لەسەر داوایەكی بەربژێرەكەی ئاكپارتی دەركرا كە داوای كردبوو وردبینی لە پڕۆسەی خۆبەربژێركردنی عەبدوڵا زێدان بكرێت، لە وردبینییەكەش دەركەوت كە بەربژێرەكەی دەم پارتی لە پێشكەشكردنی بەڵگەنامەكان بۆ دەستەی هەڵبژاردن دواكەوتووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵا زێدانی دەركرد و لە شوێنی ئەویش عەبدولئاهات ئاڤراسی بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی پارێزگای وان دیاری كرد.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەم پارتی و هاووڵاتییانی پارێزگای وانی لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگاكە ناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندان دەستی پێ كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.