Erbil 4°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 02:57

هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ تاوتوێی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌نجام دا

کوردستان TV
100%

ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌م هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌بێ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی نزیك له‌ حه‌شدی شه‌عبی، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ تاوتوێی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام دا‌، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌یاننامه‌یه‌كی نه‌رم و دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌ركرده‌كانی نزیك له‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌وانه‌ نووری مالیكی و قه‌یس خه‌زعه‌لی و هومام حه‌موودی و فالح فه‌یاز ئاماده‌ نه‌بوون.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تاوتوێی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر باره‌گای گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌نێو خاكی عێراق و سووریا.

هه‌رچه‌نده‌ هێرشه‌كانی شه‌وی هه‌ینی رابردوو بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگه‌ی ئه‌نباڕ كوژراو و برینداری لێ كه‌وته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و نه‌رم كۆتایی هات.

به‌یاننامه‌كه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ ئامانجگرتنی راوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌لایه‌ن گرووپه‌كان ره‌ت كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پاڵپشتی بۆ حكوومه‌تی عێراق دووپاتكرده‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامی گفتوگۆكان بۆ كۆتاهێنان به‌ ئه‌ركی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌نێو خاكی عێراق.

له‌ هه‌مانكاتیشدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی كرا و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق ره‌تكرایه‌وه‌.

به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ و به‌تایبه‌تیش هێرشی سه‌ر تاوه‌ر 22 كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكایه‌‌ له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی ئوردن و كوژرانی 3 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و برینداربوونی زیاتر له‌ 40ی دیكه‌، شه‌وی هه‌ینی رابردوو ئه‌مه‌ریكا هێرشی ئاسمانی كرده‌ سه‌ر چه‌ند بنكه‌ و باره‌گایه‌كی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌نێو خاكی عێراق و سووریا.

له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانیش‌ له‌ هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سووریا به‌لایه‌نی كه‌م 40 كه‌س كوژران.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.