Erbil 6°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 10:38

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم په‌یامێك له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێك له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ بڵاو كرده‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كه‌دا داوای له‌ هه‌موولایه‌ك كرد هاوكاری لیژنه‌كه‌ی حكوومه‌تی فیدڕالی بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنی هێرشكاره‌كان.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند "شەوی ڕابردوو هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و ئەنجامەکەی نەمانی کارەبای هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بوو".

‌راشیگه‌یاند "ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرینگی وەک کارەبا، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و  ئیش و کاروباری ڕۆژانەیان".

پێشه‌وا هه‌ورامانی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند "ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکارین هەموولایەک هاوکاری لێژنەی حکوومەتی فیدراڵی بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تیرۆریستان و سزادانییان و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کردەوەی هاوشێوە".

دره‌نگانی شەوی ڕابردوو لە ڕێگه‌ی دڕۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆر لە شارۆچكه‌ی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و به‌هۆیه‌وه‌ کارەکانی کێڵگەکە راوه‌ستێنرا.

هه‌ر به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ، وەزارەتی کارەبای حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كه‌ و كەوتنەوەی ئاگر له‌ به‌شێكی كێڵگه‌كه‌دا‌، بەرهەمهێنانی كارەبا راوەستاوە.

وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا راشیگه‌یاند‌ "له‌ كاتژمێر 10:22ی شەوی ڕابردووه‌وه‌ بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە كێڵگەی غازی کۆڕمۆر، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیراوه‌، ئەمەش بووەته‌ هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2 هەزار و 800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.