Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 14:15

بنه‌ماڵه‌ی پێشڕه‌و دزه‌یی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ كاتێك كاری بازرگانی نه‌وتیان نه‌كردووه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق عێراق كه‌ له‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بووه‌ بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان له‌باره‌ی مووشه‌كبارانكردنی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و دزه‌یی، رایگه‌یاند كه‌ بنه‌ماڵه‌ی پێشڕه‌و دزه‌یی جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ هیچ كاتێك كاری بازرگانی نه‌وتیان نه‌كردووه‌.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ یەكشەم وەك لێژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرخستنی راستییەكان لەبارەی مووشەكبارانكردنی ماڵی شەهید پێشڕەو، سەردانی ماڵەكەیان و شوێنە بۆردومانكراوەكەمان كرد.

ڕاشیگه‌یاند: هەر ئەمڕۆ لەگەڵ كەسوكاری نزیكی شەهید پێشڕەو دزەیی گفتوگۆمان كرد، ئەوان جەختیان لەوە كردەوە كە هیچ كاتێك بازرگانیی نەوتیان نەكردووە، ئەوان هیچ جۆرە تێكەڵییەكیان لەگەڵ كاری سیاسیی نییە و نەبووە. ئاماژه‌یان به‌وه‌ش دا كه‌چەند هەفتەیەك پێش ڕووداوەكە، شەهید پێشڕەو دزەیی خۆی لە بەغدا بووە و گفتوگۆی لەبارەی ئەوە كردووە كە پرۆژەی وەبەرهێنان لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیشدا بكات، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە شەهید پێشڕەو هیچ پەیوەندییەكی بەو تۆمەتانەوە نەبووە كە ئێستا ئاراستەی دەكرێت، ئەگینا چۆن دەچووە بەغدا و چۆن ئامادەیی خۆی بۆ سەرمایەگوزاری لە ناوچەكانی عێراق دەردەبڕی؟.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی ئاماژه‌شی دا كه‌ لێژنەكەی ئه‌مڕۆ چەند ئەندامێكی سەر بە پێكهاتەی شیعەی تێدابووه‌، ئەوانیش هاوڕابوون لەگەڵمان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

•⁠ ⁠ ئەو ماڵەی مووشەكبارانكراوە، هیچ پەیوەندییەكی بەو بانگەشانەوە نییە كە باس لە بوونی بنكەی مۆساد دەكەن، بەڵكو ماڵەكە شوێنی نیشتەجێبوون بووە و كەسانی سڤیل لە ژن و منداڵ لەو ماڵەدا بوون و شەهید بریندار بوون.

•⁠ ⁠ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پاساوێكی بۆ وڵاتانی دراوسێ نەهێشتۆتەوە بۆ بۆردومانكردنەكان، بە تایبەتیش لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا لێژنەیەكی باڵای ئەمنی بەپێی ڕێككەوتنێك دامەزراوە كە لەنێوان هەرسێ حكوومەتی (ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان)دایە. لێژنەكە دوو ڕۆژ پێش مووشەكبارانەكە لە عێراق بوون و هیچ یەكێك لەو قسانەیان نەكردووە كە دوای مووشەكبارانەكە كراون.

•⁠ ⁠ تاوەكو ئێستا ئێران ئەو بانگەشانەی لە میدیاكانییەوە دەیكات، نەیسەلماندووە و ئەوەی دەیڵێت لەبارەی بوونی بنكەی مۆساد لە شوێنە بۆردومانكراوەكە ڕاست نییە.

•⁠ ⁠ پێویستە هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر بە ئەم مووشەكبارانكردنە تەنیا بە سەركۆنەكردن نەوەستێت، بەڵكو هەموو هەوڵێك بدرێت كە جارێكی دیكە پێشێلكاریی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

•⁠ ⁠ هەمووان هاوڕابوون كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران پەیوەندییەكی دۆستانە بێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەكتر، ناكرێت قەبووڵ بكرێت بەهیچ بیانووێك سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێل بكرێت.

•⁠  ⁠راپۆرتی كۆتایی لێژنەی لێكۆڵینەوەكە یەك بخرێت و لە راپۆرتەكەدا هەریەك لە بەڕێزان (وەزیری ناوخۆی عێراق، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و لێژنەی لێكۆڵینەوەكە) پێكەوە یەك ڕاپۆرت ئامادە بكەن و هەموو راستییەكانی تێدا بخەنەڕوو.

•⁠ ⁠ هەموومان هاوخەم بووین لەگەڵ كەسوكاری زوڵملێكراوی شەهید پێشڕەو دزەیی، دڵمان ئازاری چەشت بە بینینی كەلوپەلی ئەو منداڵانە كە لەنێو ئارامترین شوێنیاندا كە ماڵەكەی خۆیانە، بەبێ هیچ تاوانێك، بە مووشەكی ئەوتۆ بۆردومان كراون كە لە جەنگە گەورەكاندا بەكار دێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیشی كردوه‌ كه‌ "بۆمان دەركەوت كە شەهید پێشڕەو دزەیی یەكێك بووە لەو كەسانەی لە كاتی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ئەوپەڕی هاوكار بووە و هاوكاریی كەسوكاری شەهیدانی شەڕەكانی كردووە بەبێ جیاوازی، بۆیە بەهیچ شێوەیەك شایانی ئەم زوڵمە نەبوو كە لێی كراوە!".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.