Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 14:11

زمانحاڵی سوپای پاسداران بۆ چه‌واشه‌كاری په‌نا بۆ هه‌واڵی ساخته‌ و وێنه‌ی فۆتۆشۆب ده‌به‌ن

کوردستان TV
100%

ئاژانسی ته‌سنیم كه‌ زمانحاڵی فه‌رمی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌ هه‌واڵێكی ساخته‌ و چه‌ند وێنه‌یه‌كی به‌ فۆتۆشۆب دروستكراو بڵاو ده‌كاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی راستكردنه‌وه‌ی باری لارییان و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ و چه‌واشه‌كاری و دۆزینه‌وه‌ی بیانوو بۆ بۆردومانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوویان بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر و شه‌هیدیكردنی پێشڕه‌و دزه‌یی و ژینای كچه‌ بچووكی و خه‌ڵكانی سڤیلی و بێتاوان.

ئاژانسی ته‌سنیم له‌ راپۆرتێكدا پێشره‌و دزه‌یی وه‌ك هاوبه‌ش و سیخوڕی ده‌زگای مۆسادی ئیسڕائیلی ناساندووه‌، له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی ساخته‌ی به‌ فۆتۆشۆب دروستكراوی داناوه‌، وه‌ك له‌ وێنه‌كان دیاره‌ كاری ساخته‌كردنه‌كه‌شیان ئه‌وه‌نده‌ به‌ نه‌شاره‌زایی كردووه‌ كه‌سانی شاره‌زای سه‌رتایی له‌ فۆتۆشۆب و كاری دیزاین و ته‌نانه‌ت هاووڵاتییانیش ده‌زانن وێنه‌كه‌ ساخته‌یه‌ و دروستكراوه‌.

بۆ خوێنه‌ر و بینه‌رانی (كوردستان تیڤی) وێنه‌ راسته‌قینه‌كانمان داناوه‌ و بینه‌رانیش ده‌توانن زۆر به‌ ساده‌یی و ته‌نانه‌ت به‌ ‌یه‌ك روانینی ئاسایی وێنه‌ راسته‌قینه‌ و ساخته‌كان له‌ یه‌كتر جیا بكه‌نه‌وه‌.

دروستكردنی وێنه‌ی ساخته‌ی پێشڕه‌و دزه‌یی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ سه‌رجه‌م تۆمه‌ت و ئیدیعاكانی سوپای پاسدارانی ئێران كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا خستوویانه‌ته‌ڕوو، دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی به‌خشیویانه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بۆردومانه‌كه‌ی هه‌ولێر بێ بنه‌ما و ناڕاستن.

كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یه‌وێت به‌م جۆره‌ هه‌واڵه‌ چه‌واشه‌كاری و وێنه‌ ساخته‌ و فۆتۆشۆبانه‌ سه‌رنجی گه‌لانی ناوخۆی وڵاته‌كه‌یان بۆخۆیان رابكێشن و بیانوو بۆ تاوانه‌كانیان بهێننه‌وه‌، به‌ڵام نازانن له‌به‌رامبه‌ردا گه‌لی ئێران زۆر له‌وه‌ چاوكراوه‌ترن و هه‌رگیز به‌م جۆره‌ چه‌واشه‌كارییانه‌‌ باوه‌ڕ ناكه‌ن كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان و خه‌ڵكی سڤیل و بێ تاوان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

وێنه‌: ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ وێنه‌ راسته‌قینه‌ و ساخته‌كانی ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانییه‌:-

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.