Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 00:59

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێی وه‌رگرتنی ره‌گه‌زنامه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌یان‌ په‌سند كرد

کوردستان TV
100%

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ره‌گه‌زنامه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌ركرد، به‌گوێره‌ی بڕگه‌یه‌كی پڕۆژه‌یاساكه‌ مافی وه‌رگرتنی ره‌گه‌ز‌نامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ 8 ساڵه‌وه‌ بۆ 5 ساڵ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار بۆ 3 ساڵیش كه‌مكراوه‌ته‌وه‌‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌یاسای به‌ده‌ستهێنانی ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كه‌یان كۆبووه‌وه‌ كه‌ تێیدا به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر چاكسازی له‌ یاسای پێشووتری وڵاته‌كه‌دا كراوه‌.

پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌ 382 ده‌نگی به‌ڵێ به‌رامبه‌ر به‌ 234 ده‌نگی نه‌خێر له‌ په‌رله‌مان په‌سند كرا.

به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌یاسا نوێیه‌كه‌ مافی وه‌رگرتنی ره‌زگه‌نامه‌ی ئه‌ڵمانیا خێراتر كراوه‌ و له‌ 8 ساڵه‌وه‌ بۆ 5 ساڵ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.

جگه‌ له‌مه‌ له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك زمانی ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی باش بێت و كاری یاسایی هه‌بێت و هه‌روه‌ها رێز له‌ یاسا و دیموكراسی ئه‌و وڵاته‌ بگرێت و كاری خۆبه‌خشیش ئه‌نجام بدات، ده‌توانێت به 3 ساڵ داوای وه‌رگرتنی ره‌گه‌زنامه‌ بكات.

هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا داوای ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن، ده‌توانن ببنه‌ خاوه‌نی دوو  ره‌گه‌زنامه‌.

بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌و منداڵانه‌شی كه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌دایك ده‌بن، راسته‌وخۆ ده‌توانن ببنه‌ خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌.

له‌به‌رامبه‌ر داوای وه‌رگرتنی ره‌گه‌زنامه‌ش، ده‌بێت داواكار چه‌ند مه‌رجێكیشی تێدا هه‌بێت له‌وانه‌ دژی ره‌گه‌زپه‌رستی بێت و دوور بێت له‌ هه‌ر كارێكی توندوتیژی و گره‌نتی پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ بدات و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش دژی جووله‌كه‌ نه‌بێت.

جێی باسه‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ ده‌كات كه‌ به‌ یاسای مۆدیلكردنی ره‌گه‌زنامه‌ و چاكسازی له‌ یاسای پێدانی ره‌گه‌زنامه‌ داده‌نرێت.

ئه‌ڵمانیا / خالید عه‌لی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.