Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 08:26

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی سەر ئامانجی حووسییەکانی لە یەمەن ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%


سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر لانی کەم 12 ئامانجی حووسییەکان، هێرشەکان بە فڕۆکەی جەنگیی و مووشەکی تۆماهۆک ئەنجام دران.


سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ڕایگەیاند وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان لە دەریای سوور، سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا چەند ئامانجێکی حووسییەکانی یەمەنیان بۆردومان کرد.

سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانییانەی حووسییەکانیان کردە ئامانج کە بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان لە دەریای سوور، سەرۆکی ئەمریکا بایدن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بایدن لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاند: بە فەرمانی من هێزەکانی سوپای ئەمریکا لەگەڵ بەریتانیا و پشتیوانی هەریەک لە ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا، هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند ئامانجێک کە لەلایەن یاخیبووانی حووسی لە یەمەن بەکاردەهێندران.

بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکان وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی حووسییەکانە لە دەریای سوور، کە دواهەمینیان لە نۆی کانوونی دوەمدا ئەنجامدرا و حووسییەکان ڕاستەوخۆ کەشتییەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج.

ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی کە بۆ میدیای وڵاتەکە قسەیان کردووە، باسیان لەوە کردووە سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردووەتە سەر لانی کەم 12 ئامانجی حووسییەکان، هێرشەکان بە فڕۆکەی جەنگیی و مووشەکی تۆماهۆک ئەنجام دراون.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن، سەبارەت بە بابەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشەکەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، مووشەکە بالستی و ئاڕاستەکراوەکان و ڕادار و توانای چاودێری حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج.

ئۆستن ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەمریکا لەمەودوا مافی خۆیەتی "لەکاتی پێویستدا" هێرش بکاتە سەر حووسییەکانی یەمەن، لەبەرئەوەی بەردەوامی سەقامگیری هاتوچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور کاری لە پێشینەیانە.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بانگەشەی کردنە ئامانجی فڕۆکەی جەنگی یاخود کەشتی جەنگی ئەمریکا یان بەریتانیای لەلایەن یەمەنەوە ڕەت کردەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.