Erbil 9°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 20:08

له‌ هه‌ولێر.. پارساڵ چه‌ند پڕۆژه‌ جێبه‌جێكران و له‌ 2024یش چه‌ندی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌درێن

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەم لە کۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا ئاماری کار و پڕۆژەکانى ساڵی رابردووی سنوورى پارێزگه‌ى هەولێرى راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ لە ساڵی 2023 لە هەولێر و دەوروبەری 1053 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار ئەنجامدران.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر گوتی "پڕۆژه‌كان لەسەر بودجەی پارێزگه‌ی هەولێر، بودجەی وەزارەتەکان، بودجەی داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لە سەرجەم سێکتەرەکانى ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامە ناوخۆییەکان، رێگاوبانەکان، ئاو و ئاودێری، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو و وشکەساڵی، سێکتەری پەروەردە و خوێندن، زیادکردنى رێژەی سەوزایی، سێکتەری تەندروستی، پڕۆژەکانی کارەبا، پڕۆەژەکانی تایبەت بە وەرزشی و لاوان و کشتوکاڵ ئەنجامدراون".

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كانی 2024یش، ئومێد خۆشناو گوتی "پلانی پەرەپێدانى ئەمساڵ ئامادەیە و ئەمڕۆش لەمبارەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکمان هەبووە، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان پڕۆژەکان دیاریکراون کە بۆ ئەمساڵ (130 ملیار دینار) بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگه‌ی هەولێر دیاری کراوە".

گوتیشى "جگە لەوەی لە بودجەی گشتیی عێراقدا زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگه‌کانیش لە حکوومەتی عێراق بودجە بۆ پارێزگه‌کانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵام لە کابینەی نۆیەم بە بەرزکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازییەکان، لە چوارچێوەی روانگە و تێفکرینەکانی سەرۆکی حکوومەت، پڕۆژەکانی پەرەپێدان لە سەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردەوە و بە خۆشحاڵییەوە لە ساڵی 2021ـەوە ئەو بودجەیە دەستی پێ کردووەتەوە".

لە کۆتایی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پارێزگارى هەولێر سوپاسى پاڵپشتى و هاوکارى بەردەوامى سەرۆکى حکوومەت و ئەنجوومەنى وەزیران و سەرجەم وەزارەتەکانى کرد، هەروەها دەستخۆشى لە سەرجەم فەرمانگە و ئەندازیار و تیمەکانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکان کرد، دەستخۆشیشى لە بەڵێندەران کرد کە سەرەڕای قەیرانى دارایی و گرفتى دواکەوتنى خەرجکردنى سولفەى پێویست، پڕۆژەکان بەردەوامیان هەبووە و نەوەستاون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.