Erbil 6°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 00:59

سەرۆكی حكومەت بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی پەیامێكی بڵاوكردەوە 

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی ،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 31-12-2023 بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی..
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2024، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم كوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەكەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان بێت. 
سوپاسی خۆڕاگری هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە، بارودۆخێكی سەختی داراییمان بەڕێكرد. هیوادارین لە ساڵی نوێوە، كۆتایی بەو ستەم و نادادییە بێت كە بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی  مووچەخۆرەكانی دەكرێت و كێشەی شایستە داراییەكانی هەرێم، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكان و یاسای بودجە چارەسەر بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش، وەك مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق،مانگانە مووچەكانیان بەبێ تێكەڵكردنی لەگەڵ كێشە سیاسییەكان وەربگرن .
داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبیی و كەسییەكان و لە پێناو پاراستنی ئارامی و مافە ڕەواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كار بكەن.
جێی خۆشحاڵییە كە ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری ، توانیمان بە هاوكاری كەرتی تایبەت، چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شارو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا ئەنجام بدەین. هەروەها لە بواری دیپلوماسیش، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان، لە ساڵی ڕابردوودا گەشەیەكی باشی كرد.  
هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی كۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزی و كاولكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بێت بەگشتی و ئاشتی و ئارامی جێگیر بێت و ساڵی دەستكەوت و گەشەپێدان و بووژانەوەی گشتگیریی كوردستان بێت. 
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت.
مەسرور بارزانی 
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 
2023/12/31
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.