پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایدەگەێنێت، ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە لایەن هێزێكی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوكاریی جاش و هاوكارەكانیان بۆ سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
دەقی بەیاننامەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان..
شەوی ڕابردوو 30/12/2023 كاتژمێر 11:45 بە 2 درۆنی بۆمبرێژكراو هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر ،كە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ كەوتەوە.
ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە لایەن هێزێكی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوكاریی جاش و هاوكارەكانیان بۆ سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
ئێمە ئەو لایەنانە و حكومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆكانە، چونكە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حكومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەكدار دەكرێن و بە بەر چاوی حكومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەكەن و چەك و موشەك و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەكەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەكان.
لە كاتێكدا كە حكومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەلكی كوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەكرێن.
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی كرداری لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەكیش لە كات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەكان دەكەین كە لەو كردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەك كە بە گونجاوی بزانین.
خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
31/12/2023
حكومەتی هەرێم: هێزێكی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوكاریی جاش و هاوكارەكانیان هێرشیان كردۆتە سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.