Erbil 5°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:20

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان .. له‌پێناو  لاوك و ستران دا،ده‌ست به‌رداری ئه‌وینه‌كه‌ی بوو؟!

(1904 _ 1949)
کوردستان TV
100%

له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، ده‌نگ و هونه‌ری ئافره‌تانی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت( أم كلثوم31/12/1898_ 3/2/1975)  و (ئه‌سمه‌هان 1912_1944)  له‌ وڵاتی (میسر) له‌ڕێی ڕادیۆ و ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌گشتی و له‌ عێراق یشه‌وه‌ ده‌نگی خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك( صدیقة الملایة 1901_1969) ، ( زوهره‌ حسێن 29/4/1924_24/12/1964)  و ( وه‌حیده‌ خه‌لیل 1928_1995)  له‌ باشووری كوردستان بڵاو ده‌بۆوه‌و ناو و نازناو و هونه‌ره‌كه‌یان ده‌بیستراو خه‌ڵك به‌ده‌نگیان ئاشنابوون، بابه‌ته‌كه‌مان تایبه‌ته‌ به‌ده‌نگ و هونه‌ری ژنان و ئافره‌تانی كورد بۆیه‌ ناوی ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌ڕه‌گه‌ز( عه‌ره‌ب) ئاماژه‌ پێداوه‌، چونكه‌ به‌راوردێكه‌ بۆ ئه‌وان ژینگه‌یه‌كی له‌بار و بۆ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد نه‌هامه‌تی و پڕ زه‌حمه‌ت ، له‌وبواره‌دا و له‌وسه‌رده‌مه‌دا گه‌لی كوردخاوه‌نی چه‌ند ده‌نگێكی ئافره‌ت بووه‌ له‌هه‌ردوو دیالێكته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی زمانی كوردی ( سۆرانی و كرمانجی) به‌ڵام له‌ڕووی تۆماركردن و  ژه‌نیار و ئامێره‌كانی مۆسیقاوه‌ بێگومان جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوانیاندا‌ هه‌یه..؟!

هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب به‌گشتی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌ژینگه‌یه‌كی ئارام دا و  بوونی تیپێكی مۆسیقای پڕی ئامێره‌كانی مۆسیقا له‌پشتی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌به‌وه‌ بوون ، هه‌روه‌ها بوونی شاعیری لیریك و هونه‌رمه‌ندی ئاوازدانه‌ر ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژی كورد( ئافره‌ت و پیاو) به‌ر‌ده‌وام له‌ناو ژینگه‌یه‌كی نائارام و پڕكێشه‌و داگیركاری و ده‌ربه‌رده‌ی دا ، له‌بارودۆخێكی هه‌ژاری و كه‌م ده‌رامه‌تی دا، به‌ڵام لێوان لێو له‌دڵسۆزی و خه‌مخۆری بۆهونه‌ره‌كه‌یان ژیاون ،  له‌كاتی تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانیان دوای هه‌وڵ و ماندوبوونێكی زۆر تا ده‌رفه‌تیان بۆڕه‌خساوه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان تۆماربكه‌ن ئه‌ویش له‌ كوێ و له‌گه‌ڵ كێ..؟  له‌ڕێی كۆمپانیاكانی تۆماركردنی( قه‌وان _ سه‌فحه‌ی گرامافۆن) و ڕادیۆی كوردی به‌غدا و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ ژه‌نیارێكی غه‌یره‌ كورد كه‌ شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌ له‌باره‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردییه‌وه‌، به‌ڵام سه‌د ئافه‌رین بۆ هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌گشتی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ، سه‌ركه‌وتووانه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان تۆماركردووه‌ و ده‌ست و په‌نجه‌ و ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقای ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ غه‌یره‌ كوردانه‌یان په‌لكێشی گه‌روو وده‌نگ و میلۆدییه‌ كوردییه‌كان كردووه‌،

(دكتۆر ئامانج غازی) له‌وباره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی(  له‌ بواری گۆرانیدا‌ تاچه‌ند ئافره‌ت توانیویه‌تی بابه‌تێكی جوان پێشكه‌ش بكات و ده‌نگی زوڵاڵی بگه‌یه‌نێته‌ خه‌ڵك، بۆیه‌ ئەم ڕۆڵە کارایە له‌ سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی ئێستگه‌ی كوردی له‌ به‌غداوه‌ ده‌ست پێده‌كا و تا ئه‌مڕۆ بەردەوامیان هه‌بووه‌، موزیكژه‌نه‌كان كه‌ زۆربه‌یان له‌ ئێستگه‌ی كوردی به‌غدا كاریان كردووه‌، نه‌یانتوانیوه‌ مۆركێكی گۆرانی كوردیمان پێ بناسێنن وه‌ك موزیك، به‌ڵام ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان توانیویانه‌ به‌ ده‌نگه‌كانیان میلۆدییه‌ كوردییه‌كانمان بپارێزن كه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئه‌مه‌ خۆشبه‌ختییه‌كه‌ بۆ كورد، ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ له‌وێ كاریان كردووه‌ یاخود له‌ نێو دێهاته‌كانی كوردستان به‌و سروشت و میلۆدیانه‌ په‌روه‌رده‌ كراون كه‌ له‌وێ هه‌بوونه‌) (1).

ئه‌و ده‌نگه‌ مێیانه‌ له‌سه‌رده‌مێكدا خۆڕسكانه‌ دروست بوون و به‌ره‌و تروسكایی هه‌نگاویان ناوه‌ له‌پێناو هونه‌ره‌كه‌یان ، سه‌رده‌می نه‌فره‌ت كردن و به‌كه‌م ڕوانین بووه‌ له‌هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری ده‌نگ و ئاواز به‌تایبه‌تی ، ئه‌م ئافره‌ته‌ ده‌نگ خۆش و خاوه‌ن كه‌شكۆڵه‌ لێورێژه‌ له‌هونه‌ری گۆرانی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی ،به‌ڵام كۆڵیان نه‌داوه‌ و به‌سه‌ر له‌مپه‌ره‌كاندا سه‌ركه‌وتوونو تێپه‌ڕیوون، بوێر و ڕچه‌شكێن بوون تا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاواته‌ی هه‌یانبووه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ڕێی كه‌سانی ژیر و دڵسۆزه‌وه‌ له‌ كۆمپانیاكانی گرامافۆن و ڕادیۆ تۆماركردووه‌ و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ سه‌روه‌ت و سامانێكی به‌نرخی بواری مۆسیقا و ئاوازی كوردی.

لێره‌وه‌ سوپاسبژێری هه‌موو ئه‌و خاوه‌ن خامه‌و هه‌سته‌ به‌رزانه‌م كه‌ پێشتر له‌ڕێی خامه‌جوانه‌كانیانه‌وه‌ توانیویانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌گشتی بنووسن و ڕێز بۆ كاره‌كانیان دابنێن، منیش به‌پێویستم زانی هه‌ست و خامه‌م بخه‌مه‌ خزمه‌ت خاتوونێكی ده‌نگ زوڵاڵ و ده‌نگ ناسك، دوای چه‌شتنی ئازارێكی زۆر له‌ژیان و ده‌ربه‌ده‌ر له‌زێده‌كه‌ی، به‌ڵام عاشقی ستران و لاوك ( مریه‌م خان) ه‌، ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌ی له‌باكووری كوردستانه‌وه‌ به‌دنیا هات و شاری به‌غدا بووه‌ دواهه‌واری ..؟!

مریه‌م خان كێیه‌؟!

به‌ڕاستی زۆر گرنگه‌  و وه‌پێویسته‌ كاتێك گه‌ره‌كمان بێ ده‌رباره‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی هه‌رهونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بنووسین، ده‌بێت زۆر به‌ووردی و ئه‌مانه‌ته‌وه‌ لاپه‌ڕه‌ دره‌وشاوه‌كانی ژیانی ئاماژه‌ پێ بده‌ین،

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ( مریه‌م خان) ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌و ده‌نگه‌ مێیانه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌می ژیاندا خزمه‌تێكی زۆری به‌هونه‌ری ستران و لاوكی كوردی كردووه‌، دووه‌مین ئافره‌تی كورده‌ له‌سه‌ر (قه‌وان _ سه‌فحه‌) دوای خانمه‌ هونه‌رمه‌ند( دایكی جه‌مال 1928_1979) گۆرانی له‌ڕێی كۆمپانیاكانی گرامافۆنه‌وه‌ تۆماركردووه‌،  وه‌ به‌یه‌كه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی كورد ده‌ژمێردرێت‌ به‌ دیالێكتی( كرمانجی) گۆرانی له‌سه‌ر (قه‌وان _ سه‌فحه‌) تۆماركردووه‌.

به‌رله‌وه‌ی ڕۆبچینه‌ نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌وه‌، بابزانین ناوی ( مریه‌م) بووه‌ ئایا ده‌بێ ئه‌و وشه‌ی (خان) ه‌ چۆن بۆته‌ پاشگری ناوه‌كه‌ی ..؟!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند(ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ، ناسراو به ‌باكووری 5/11/1928_2/11/2022) له‌وباره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی ( له‌كۆمپانیاكانی تۆماركردنی گۆرانی نازناوی( ئاغا) یان بۆ پیاوه‌ هونه‌رمه‌نده‌كان به‌ناویانه‌وه‌ ده‌لكاند  وه‌ك ‌( كاوێس ئاغا 1889_1936) و نازناوی (خان) یش بۆ ژنان وه‌ك ( مریه‌م خان) (2).

به‌پێی ڕوونكردنه‌وه‌ی مامۆستاو هونه‌رمه‌ند باكووری ،ئه‌و وشه‌ی (خان)ه‌ به‌واتای( خان ومان و سه‌لار) دێت و،  له‌قۆناغی ژیانی به‌غداوه‌ لكێنراوه‌ به‌ناوه‌كه‌یه‌وه‌،

(مریه‌م محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د) باوكی له‌ گوند و ناوچه‌كه‌یان به‌ ( حاجی حه‌مۆ) ناسراوه‌ و دایكی ناوی ( ئایشێ) بووه‌، باوكی یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی گوند و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆی ،

له‌ساڵی ( 1904)  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند( مریه‌م خان) له‌گوندی (دێرگول) سه‌ربه‌ شارۆچكه‌ی( باسا) ی سه‌ربه‌باژێڕی( شرناخ) ی هه‌رێمی( بۆتان) له‌باكووری كوردستان له‌دایكبووه‌،

حاجی حه‌مۆ و خاتوو ئایشێی جیا له‌مریه‌م، خاوه‌نی دووكوڕیش بوون به‌ناوه‌كانی( حسێن و یه‌حیا)، واته‌ مریه‌م خاوه‌نی دووبرا بووه‌.

هه‌رده‌ڤه‌رێك له‌ باكووری كوردستان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی له‌ ستران و لاوك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باكووری كوردستان زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌وبواره‌دا، مریه‌م له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ كاریگه‌ری ده‌نگخۆشان و لاوك سترانچڕی گوند و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر بووه‌ ، له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا هه‌ست به‌ده‌نگخۆشیی كراوه‌ و له‌به‌رئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ زۆرجاران بانگهێشتی گۆڤه‌ند و زه‌ماوه‌ند كراوه‌ و ، ته‌نانه‌ت له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ئاواییه‌كه‌یانه‌وه‌ خه‌ڵك به‌تایبه‌ت بۆ گوێگرتن له‌ده‌نگی خۆشیی مریه‌م هاتوون و به‌ده‌نگی زوڵاڵی ئه‌و كچه‌ منداڵه‌ سه‌رسام بوون.

مریه‌م هێشتا ته‌مه‌نی (10) ساڵه‌، به‌هۆی هه‌ڵگیرساندنی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی ساڵی  (1914) سه‌رهه‌ڵدانی ماڵوێرانی و قات و قڕی  و هه‌روه‌ها له‌ڕێكه‌وتی ( 24/4/1915) ده‌ستپێكردنی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ و ڕاوه‌دوونانی ئه‌رمه‌نییه‌كان و كریستیانه‌كان  له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه‌، پڕیشكی ئه‌و زوڵم و سته‌م و له‌ناوبردنه‌وه‌ گه‌لی كوردیشی له‌باكووری كوردستان گرتۆته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاو و خاك و زێدی خۆیان ده‌ربه‌ده‌ربوون، ماڵباتی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند (مریه‌م خان) ئه‌وانیش وه‌ك زۆر له‌ماڵباته‌كانی دیكه‌ له‌ ترسی شه‌ڕ و  كوشتن و  پاراستنی گیانیان كۆچ ده‌كه‌ن و له‌زێدی خۆیان دوورده‌كه‌ونه‌وه‌،

لێره‌وه‌ قۆناغێكی نوێ له‌ژیانی مریه‌م خاندا ده‌ست پێده‌كات و خه‌م و ناسۆر و به‌دبه‌ختی به‌رۆكی ئه‌و خاتوونه‌ ده‌گرێت..! 

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان هێشتا ته‌مه‌نی (13) به‌هاره‌ ، ساڵی (1917) ، ساڵێكی پڕ كاره‌سات و پڕ ئازار ده‌بێت ، له‌لایه‌ك(حاجی حه‌مۆ) ی باوكی كۆچی دوایی ده‌كات و له‌سۆزی باوك بێبه‌ش ده‌بێت، ( له‌هه‌مان ساڵدا(1917) حسێنی برای له‌گه‌ڵ حه‌وت كوردی دیكه‌ ،  له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه‌ گوله‌باران ده‌كرێن به‌تۆمه‌تی هاوكاریكردنی سه‌رهه‌ڵدانی ( محه‌مه‌د به‌شیر) (3).

ده‌رباره‌ی كۆچكردنی ماڵباته‌كه‌یان دووڕا هه‌یه‌ ، ڕای یه‌كه‌م : به‌ره‌و ڕۆژئاوای كوردستان و له‌شاری

( قامیشلۆ)  بۆماوه‌یه‌ك نیشته‌جێ ده‌بن .

ڕای دووه‌م : ماڵباتی هونه‌رمه‌ند كۆچ ده‌كه‌ن بۆ گوندی

( چلكاعه‌لی ڕه‌مۆ) سه‌ربه‌باژێڕی( ماردین).

ڕێڕه‌وی ده‌ربازبوونی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند له‌جزیره‌ وه‌ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و پاشان بۆ باشووری كوردستان ، ڕای یه‌كه‌م : گوایه‌ له‌ شاری قامیشلۆ نیشته‌جێ بووه‌ و ژیانێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و به‌تایبه‌تی ماڵباتی ( به‌درخانییه‌كان) په‌یدا ده‌كات،له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌ردوو ماڵبات په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاتوچۆكردنی خانه‌واده‌یی له‌نێوانیان دا دروست بووه‌.

(كۆچكردوو حه‌سه‌ن جزیری له‌ ( 3/9/1979) لای من گوتی : له‌جزیره‌وه‌ هات بووه‌ سووریا و له‌ئه‌وێوه‌ هات بووه‌ زاخۆ ، ئه‌وجا بۆ موسڵ ، دوایی بۆ به‌غدا) (4) .

هه‌روه‌ها مامۆستای مه‌قامات و به‌سته‌( عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981) و مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری) ڕایان وایه‌ ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان  چوونه‌ته‌ ڕۆژئاوای كوردستان و له‌وێش ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێ و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ره‌و شاری (زاخۆ) له‌باشووری كوردستان كۆچ ده‌كات.

ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ژیاوه‌، له‌لایه‌ن خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ست به‌ده‌نگخۆشی مریه‌م خان كراوه‌ و ئه‌ویش زۆر لێهاتوو و زیره‌كانه‌ ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی گوێ لێگرتووه‌ و له‌سینه‌و مێشكیدا پاراستوونی ،

مریه‌م خان له‌ته‌مه‌نی (18 بۆ 19) ساڵیدا له‌هه‌ڕه‌تی جوانیدا ده‌بێت و له‌ڕێی ئه‌و تێكه‌ڵاوبوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ ماڵباتی( به‌درخانییه‌كان) ،هه‌ست و هۆش و دڵی مریه‌م خانی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر گه‌نجێكی ماڵباتی به‌درخانییه‌كان و عاشقی ده‌بێت،

عه‌شق و ئه‌ویندارییه‌كه‌ له‌هه‌ردووسه‌ره‌وه‌ ده‌بێت و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م چه‌ترێكی خۆشه‌ویستی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ و ده‌بنه‌ هاوسه‌ری یه‌كتری ، ئه‌م ژیانه‌ هاوبه‌شه‌ دڵگه‌شیی و دڵخۆشیی و شادی به‌هه‌ست و ناخی مریه‌م خان ده‌به‌خشێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و به‌خته‌وه‌ریی و شادمانییه‌ تاسه‌ر نابێت و هه‌رزۆر زوو چرای به‌ختی ده‌كوژێته‌وه‌..!

هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ماڵباتی به‌درخانییه‌كانه‌ و شێوای بیركردنه‌وه‌ی خۆیی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی مریه‌م خاندا دروست ده‌كات و ڕێگر ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ درێژه‌ به‌گۆرانی خوێندن و كاری هونه‌ری بدات( ئێمه‌ ماڵباتێكی مه‌زن و ناودارین، نابێت له‌ناو ماڵباته‌كه‌مان ئافره‌تێك هه‌بێ كاری هونه‌ری بكات و ستران بچڕێت..؟! ئه‌وه‌ شه‌رمه‌ ، ڕوو ڕه‌شییه‌و ناو  و نازناوی ماڵباتی ئێمه‌ ناشیرین ده‌كات) (5).

ئه‌و شێوازی بیركردنه‌وه‌ و ڕه‌فتاره‌ و دابڕینی له‌دنیای حه‌زو ئاره‌زووه‌كه‌ی ، جارێكی دیكه‌ بۆ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان دڵته‌نگی و به‌دبه‌ختیه‌كی دیكه‌ ده‌بێت له‌ژیانیدا ، ئه‌و له‌زێده‌كه‌ی هه‌ڵكه‌ندراوه‌ له‌ترسی كوشتن و بڕین، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆچی دوایی باوكی و جوانه‌مه‌رگ بوونی حسێنی برای ، وا لێره‌ش ڕێگرده‌بن له‌به‌رده‌م چڕینی لاوك و ستران ،

لێره‌وه‌ قۆناغێكی دیكه‌ له‌ژیانی ئه‌و خاتوونه‌ پڕ ووزه‌ و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ ده‌ست پێده‌كات و ژیانی به‌ره‌و داڕمانێكی ڕۆحی و دووڕیانێك هه‌نگاو ده‌نێ و پێویسته‌ بڕیارێك بدات و ده‌ربازی ببێت له‌و دووڕیانه‌ ناڕۆشن و تاریكه‌..؟!،

یه‌كه‌م :  هه‌ڵبژاردنی ستران و لاوك و به‌رده‌وام بێت له‌گه‌ڵ حه‌زو خولیا هونه‌رییه‌كه‌ی .

دووه‌م : هه‌ڵبژاردنی عه‌شق و ئه‌وین و ئه‌وینداره‌كه‌ی و پابه‌ندبوون به‌بڕیار و نه‌ریت و باوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ماڵباتی هاوسه‌ره‌كه‌ی ..!

ئه‌م بڕیاردانه‌ زۆر زه‌حمه‌ت و دژوارده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌و دوو ڕێگایه‌ ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان پێشتر له‌نێو دنیا و ژینگه‌یه‌كی كراوه‌ ولێوانلێو له‌ هونه‌ر و ده‌نگبێژی و  چڕینی لاوك و سترانه‌وه‌ هاتووه‌ ، گۆرانی خوێندن بۆ ئافره‌ت و پیاو پێكه‌وه‌ ئازاد ڕێگه‌پێدراو بووه‌،  به‌ڵام بڕیاردان  زۆر سه‌خته‌ و نازانێ چ بڕیارێك بدات؟!

دواجار هونه‌ری ستران و لاوك په‌لكێشی ده‌كات چونكه‌ ئه‌وه‌ حه‌زو ئاره‌زووی منداڵی بووه‌، بڕیار ده‌دات و بوێرانه‌ به‌عه‌شق و ئه‌وینداره‌كه‌ی ده‌ڵێت ( ئه‌گه‌ر گۆرانی نه‌ڵێم ، ناتوانم بژیم ، له‌خوێنمدا خۆشه‌ویستی بۆ ستران هه‌یه‌ ، ڕێگه‌م بده‌ گۆرانی بخوێنم ، من بێ هونه‌ر ناتوانم بژیم ، من بێ هونه‌ر هیچ نیم و ده‌بێ بمرم..؟!) (6).

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی سوور ده‌بێت و ڕێگری لێده‌كات، تا ده‌ست به‌رداری گۆرانی خوێندن بێ..!

مریه‌م خان  ناچار ده‌بێت بڕیاری زۆر سه‌خت وگران بدات له‌به‌ر عه‌شق و خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ری ستران و لاوك ، ده‌ست به‌رداری عه‌شق و ئه‌وینداره‌كه‌ی ببێت و له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ببێته‌وه‌ و وێڵ بێ به‌دوای ژینگه‌یه‌كی له‌بارتر بۆ خۆیی و گه‌شه‌كردنی هونه‌ره‌كه‌ی .

مریه‌م خان ته‌مه‌نی (20) به‌هاره‌ ، ساڵی (1924) ڕێگه‌ ده‌گرێت و كه‌شكۆڵه‌ هونه‌ریه‌كه‌ی ده‌كاته‌ كۆڵ و به‌ره‌و شاری (زاخۆ) ، به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ كه‌سێكی خه‌مگین و دڵشكاو و نائومێد ، سترانه‌كانی  چیتر ئه‌و سترانه‌ به‌كه‌یف و شادی به‌خشانه‌ نابن كه‌پیشتر چڕیونی..؟!

له‌ساڵی (1924) دێته‌ باشووری كوردستان و له‌(زاخۆ)  ده‌گیرسێته‌وه‌،

له‌و ته‌مه‌نه‌ گه‌نجێتییه‌دا خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان له دیوه‌خانی ئاغایه‌ك به‌ناوی ( یوسف شه‌مدین ئاغا) وه‌ك (ئیشكه‌ر _ كاره‌كه‌ر) ده‌ست ده‌كات به‌كاركردن له‌پێناو مانه‌وه‌ و دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی ،له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئه‌ودیوه‌خانانه‌ شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتن و دیداری پیاو ماقوڵ و خانه‌دانه‌كان بوون و بۆسه‌رمه‌ستی  و كه‌یف سازی خۆیان چێژیان له‌ده‌نگی خۆشیی لاوك بێژ و سترانبێژه‌كان وه‌رگرتووه‌.

دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌شاری زاخۆ و دیوه‌خانی ئاغا، مریه‌م خان زاخۆ به‌جێدێڵێ ، چونكه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ناتوانێ حه‌سره‌ت و ئاره‌زووه‌كه‌ی بێنێته‌دی ، ناچار ڕووده‌كاته‌ شاری موسڵ  و ، ماوه‌یه‌كیش له‌ماڵی خزمێكی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌شاری موسڵ بووه‌، له‌گه‌ڵ ( فڕۆكه‌وانێكی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب) ژیانی هاوسه‌رگیری پێك دێنێت ( له‌موسڵ له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌وانێكی عه‌ره‌ب هاوسه‌رگیری ده‌كات ، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ڕووداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ ده‌مرێت ) (7) .

 مریه‌م خان گوێ بیستی ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌شاری به‌غدا كۆمپانیای گرامافۆن هه‌یه‌ بۆ تۆماركردنی لاوك و ستران ، له‌لایه‌ن وه‌كیله‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ هان ده‌درێت كه‌بچێته‌ به‌غدا و سراته‌كانی تۆماربكات.

ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین ، هه‌ربه‌ته‌نها مریه‌م خان ئه‌و ڕێگایه‌ی نه‌بڕیوه‌ و هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ به‌ره‌و به‌غداد، نه‌خێر به‌ڵكو چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و به‌توانای گه‌له‌كه‌مان ئه‌و ڕێگایه‌یان بڕیوه‌و له‌ كۆمپانیاكانی قه‌وان و ڕادیۆی كوردی به‌غدا گۆرانییان تۆماركردووه‌ وه‌ك ( سه‌عید ئاغای جزیری ) ،( ئه‌ڵماس محه‌مه‌د ، ناسراو به‌ئه‌ڵماس خان 1894_1974) ، ( نه‌سرین شیروان 1922_ 1010/1990) ،( فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د 1926_1992) ، ( محه‌مه‌د عارف جزیری1912_ 17/12/1986) ، ( حه‌سه‌نی جزیری 1917_9/7/1983) ، ( دایكی جه‌مال1908_ 1979) ،( گوڵبه‌هار 1933_ 23/2/2010) و ( ئایشه‌شان 1938_ 18/12/1996) و ....تاد) .

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (باكووری) له‌زاری (جه‌لال مه‌لاحه‌سه‌ن) سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ڕۆیشتنی مریه‌م خان بۆ شاری به‌غدا نووسیویه‌تی( له‌ساڵی (1930) وه‌كیلی كۆمپانیاكانی قه‌وان له‌ موسڵ ،  بڵاویان كرده‌وه‌ هه‌رچی لاوك و به‌سته‌و حه‌یرانبێژی كورد هه‌یه‌و ده‌نگی خۆشه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی كۆمپانیاكان ده‌نێردرێنه‌ به‌غدا تاكو ده‌نگیان تاقی بكه‌نه‌وه‌ ، له‌بادینان و سۆران  و ناوچه‌ی شنگال،ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ كۆبوونه‌وه‌ و له‌شاری موسڵ بۆئه‌وه‌ی بنێردرێنه‌ به‌غدا ئه‌وانه‌ بوون هونه‌رمه‌نده‌كان :

1/ مریه‌م خان

2/ گولێ

3/ منجێ

4/ عه‌لی خه‌نجه‌رژه‌نگاری

5/ عه‌زیز ئاغا

6/ حه‌مه‌د مه‌ندۆ

7/ كاوێس ئاغا ( 1889_1936)

8/ عه‌لی پاڵانی

هه‌موویان به‌لۆریه‌ك و قه‌مه‌ره‌یه‌ك چوونه‌ به‌غدا و شۆفێری قه‌مه‌ره‌كه‌ (ئه‌حمه‌د كه‌پوو) بوو خه‌ڵكی هه‌ولێر بوو) (8).

به‌ڵام نووسه‌ر و بێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د17/1/1942_30/9/2018) ئاماژه‌ به‌كه‌سێكی دیكه‌ ده‌دات و نووسیویه‌تی ( كۆچكردوو‌ كاكه‌مین حه‌وێزی وێنه‌گری سینه‌مایی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدادله‌( 22/3/1968) به‌ منی گوت : ئه‌ز وێنه‌گربووم له‌ موسڵ ، هه‌نگی من مریه‌م خانم هێنا بۆ به‌غدا بۆ ستران چڕین لای كۆمپانیاكانی قه‌وان)(9).

به‌هه‌رحاڵ هه‌ركه‌سێك ڕێنیشانده‌ر و هاوكار و كارئاسانی بۆ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان كردووه‌ ، جێی ستایش و ڕێزگرتن و به‌رزنرخاندنی هه‌ڵوێسته‌كه‌یه‌تی كه‌ هۆكاربووه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ نه‌فه‌وتێ و تۆماربكرێت.

تۆماركردنی گۆرانی له‌سه‌ر قه‌وان و ناوبانگ ده‌ركردن ..!

به‌ڵگه‌ زۆر گرنگه‌ بۆسه‌لماندنی بابه‌ته‌كه‌، ئایا مێژووییه‌ ، هونه‌رییه‌ یان هه‌رشتێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گرهه‌یه‌ له‌ڕێی قه‌وانه‌كانه‌وه‌ كه‌ مریه‌م خان تائه‌وجێیه‌ی ده‌رفه‌تی بۆڕه‌خسابێت گۆرانی و لاوكی تۆماركردووه‌، به‌ڵام به‌شێكی ڕاست و دروستی به‌ڵگه‌ مێژووه‌ ، واته‌ مێژووی تۆماركردن و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی لاوك و سترانه‌كانی لێ تۆماركردوون،

 

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری) پێمان ده‌ڵێت ( له‌نێوان ساڵانی (1937) تا ساڵی (1945) مریه‌م خان له‌ (31) گۆرانی ( لاوك  و به‌سته‌) تۆماركرد له‌سه‌ر قه‌وان ) (10).

 به‌ڵام ڕای نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) پشت به‌ستن به‌ ئه‌رشیف و به‌دواداچوونه‌كانی ده‌رباره‌ی تۆماركردنی گۆرانی هونه‌رمه‌ندان ، ئه‌و ڕایه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ مریه‌م خان له‌ كۆتایی ساڵی (1930) وه‌ چالاكی هونه‌ریی ئه‌نجام دابێت ، و له‌كۆتایی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌شاری به‌غدا ژیابێت، فه‌رموون با سه‌رنج بده‌ینه‌ بۆچوونه‌كه‌ی به‌ڕێز (كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) (  پارێزه‌ری كۆچكردوو ( عومه‌ر جه‌لال حه‌وێزی ) له‌ ( 18/6/1986) له‌ ( كۆیێ ) دا به‌منی گووت: مریه‌م خان له‌ساڵانی (1926_1927) له‌گه‌ڕه‌كی ( سینه‌ك) ی به‌غدا ده‌ژیا ، به‌ڵگه‌ی دیار هه‌یه ‌كه‌ دره‌نگانێكی ساڵی (1930) له‌لای كۆمپانیای قه‌وانی ( هس ماسته‌ر ڤۆیس_ ئه‌بوكه‌لب) كه‌وتۆته‌ سترانچڕین  و بڵاوكردنه‌وه‌ی) ( 11).

 

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان و ژیانی له‌به‌غدا...؟!

دوای ئه‌وه‌ی له‌شاری موسڵه‌وه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و ده‌گاته‌ شاری به‌غدا،

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( ئه‌ڵماس محه‌مه‌د ، ناسراو به‌ئه‌ڵماس خان 1894_1974)ئه‌ویش له دوای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی له‌ ‌باكووری كوردستانه‌وه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بووبێت خۆی گه‌یاندۆته‌ شاری به‌غدا، ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ئامۆزای مریه‌م خانه‌،

ئه‌ڵماس خان وه‌ك سترانبێژێكی ئافره‌ت و كاركردن له‌بواری هونه‌ریدا و ئاشنابوون به‌ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ كه‌له‌ شاره‌كانی كوردستانه‌وه ‌چوونه‌ته‌ به‌غدا، ئاشنایه‌تی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵیاندا په‌یداده‌كات ، له‌ڕێی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هونه‌رییه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ی ئه‌ڵماس وه‌ك یانه‌یه‌كی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی لێهاتووه‌، شه‌وان هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران لێی كۆبوونه‌ته‌وه‌و ستران و لاوك و گۆرانیان چڕیووه‌،

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان ماوه‌یه‌ك له‌لای (ئه‌ڵماس خانی) ئامۆزای ( دۆتمام) ده‌مێنێته‌وه‌ و ماڵه‌كه‌ی ده‌بێته‌ جێی پشوودانی.

له‌یه‌كێك له‌و شه‌وانه‌ی یانه‌ی ڕۆشنبیری ماڵه‌كه‌ی ئه‌ڵماس خان ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان ، له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئاماده‌بوو ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981) ، ( محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_ 17/12/1986) ، ( حه‌سه‌نی جزیری 1917_9/7/1983) ، ( نه‌سرین شیروان 1922_ 10/10/1990) ،( فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د 1926_1992) ، ( سه‌عید ئاغای جزیری ) و ( تایه‌رتۆفیق 1922_ 20/10/1987)  و ...تاد  هه‌ریه‌كه‌یان به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یان به‌رهه‌می خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان بۆیه‌كه‌م جار له‌به‌رده‌م ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ستران به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی هونه‌رمه‌ندان داده‌نێ و هه‌موو پێی سه‌رسام ده‌بن و  وه‌ك خانمێكی هونه‌رمه‌ند ڕێزی لێده‌گرن،

مریه‌م خان له‌و دانیشتن و له‌ڕێگه‌ی ماڵی كچه‌ مامه‌كه‌ی خۆی ( ئه‌ڵماس خان)  له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆله‌ هونه‌رمه‌نده‌ په‌یوه‌ندیی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵیاندا دروست ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و مه‌به‌ستی بووه‌ له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێته‌ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی و ده‌وره‌وبه‌ره‌كه‌ی و پێیان بڵێ منی ئافره‌ت دوای هه‌موو ئه‌و بارودۆخه‌ دژواره‌ی ڕووبه‌ڕووم بۆته‌وه‌ ، هێشتا زیندووم و خاوه‌نی ئه‌و گه‌رووه‌ پاكه‌ كوردییه‌م و ده‌مه‌وێت خزمه‌ت به‌هونه‌ره‌كه‌م  به‌ستران و لاوكی كوردی بكه‌م ،

له‌ساڵی (1930) بۆیه‌كه‌مجار په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌كۆمپانیاكانی تۆماركردنی گۆرانی له‌سه‌ر قه‌وان،  

مریه‌م خان به‌ده‌نگه‌ ناسك و زوڵاڵه‌كه‌ی گۆرانی تۆمارده‌كات و له‌نێو خه‌ڵكیدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌و ده‌ستكه‌وتنی زانیاری دروست له‌سه‌ر تۆماركردنی ڕێژه‌ی قه‌وانه‌كانی ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ زانیارییه‌كانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌ری ڕادیۆ ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) نووسیویه‌تی ( به‌ڕۆشنایی قه‌وانی كۆكراوه‌م ، مریه‌م خان له‌لای كۆمپانیای ( هس ماسته‌رس ڤۆیس _ ئه‌بوو كه‌لب) ، ( دووازده‌) لاوك  و به‌سته‌ی به‌ ( پێنج) قه‌وانی ( هس ماسته‌ر ڤۆیس) و ( چوار) قه‌وانی كۆمپانیای ( كۆڵۆمبیا) پڕكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ( نۆ) قه‌وان، بێگومان سترانه‌كانی پتره‌و به‌ڕۆشنایی سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕ پێكراو ، ئه‌وه‌ مریه‌م خان (سیازده‌) به‌سته‌ی فۆلكلۆریی و ( شه‌ش) لاوكی میللیی شۆڕه‌سواریی و (پازده‌) لاوكی ئه‌ڤینی چڕیوه‌ ، دیاره‌ ( نۆ) قه‌وانی به‌شی ( سیی و چوار) ستران ناكات ، واته‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌بێت( 17_20) قه‌وانی ده‌ركردبێ،به‌پێی وردبوونه‌وه‌م له‌لای كۆمپانیای

( ئۆدیۆن) قه‌وانی هه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌كی دیار به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ له‌لای كۆمپانیای ( به‌یزافۆن) یش قه‌وانی ده‌ركردبێ ،ئه‌ز به‌دووری نازانم) (12).

له‌ڕێی كۆمپانیاكانی قه‌وانه‌وه‌ ده‌نگ و هونه‌ری مریه‌م خان بڵاو ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك دووه‌م خاتوونی هونه‌رمه‌ندی كورد ده‌نگی تۆماركراوه‌  و هه‌وره‌ها وه‌ك یه‌كه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی كورده‌ به‌دیالێكتی ( كرمانجی) گۆرانی له‌سه‌ر قه‌وان بۆتۆماركراوه‌ ،

له‌ساڵی ( 1939) له‌ڕادیۆی به‌غداد، پێشبڕكێیه‌ك بۆ توانای ده‌نگ و ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ندان سازده‌كرێت( له‌پێشبڕكێی ده‌رخستنی توانای ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان مریه‌م خان وه‌ك ده‌نگخۆشێك به‌شداری ئه‌و پێشبڕكێیه‌ ده‌كات و سه‌ركه‌وتن به‌ (پله‌ی) یه‌كه‌م به‌ده‌ست دێنێ ) (13).

له‌دوای سه‌ركه‌وتنی له‌و پێشبڕكێیه‌وه‌ مریه‌م خان له‌ساڵی (1939) وه‌ ده‌چێته‌ ڕادیۆی به‌غدا، ئاشنایه‌تی زیاتر له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار به‌تایبه‌تی ( جه‌میل به‌شیر1921_22/9/1977) و ( مونیر به‌شیر1930_28/10/1997 ) و ( عه‌بدالاحدجه‌رجیس) و زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ په‌یدا ده‌كات.

له‌باری كه‌سێتی و هونه‌ری ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی لاوك و سترانه‌وه‌ بۆته‌ جێی سه‌ر‌نج و تێڕامانی هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و به‌هه‌ڵس و كه‌وت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا زیاتر خۆی خۆشه‌ویست كردووه‌و  كه‌سایه‌تی خۆی پاراستووه‌،

هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی لاوك و ستران ( محه‌مه‌د عارف جزیری) هاوڕێ و هاوپیشه‌ی بووه‌ له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌دا پێكه‌وه‌ له‌شاری به‌غدا ژیاون و چه‌ندین شه‌و له‌كۆڕی شه‌ونیشنی ستران و لاوك و شیعردا له‌ماڵی ئه‌ڵماس خان ، پێكه‌وه‌ لاوك و سترانیان خوێندووه ، ده‌رباره‌ی مریه‌م خان دبێژێت ( مریه‌م خان له‌ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی ، جل و به‌رگ و ژیانی خۆیی و هونه‌ری خۆی هه‌مووی كوردی بوو، بۆ كورد ده‌ژیا و گۆرانییه‌كانیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بوو ) (14).‌ 

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند‌ مریه‌م خان دوای ئه‌و هه‌موو هه‌ورازو نشێوه‌ی له‌ژیانیدا به‌سه‌ریدا هاتووه‌، له‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یدا خه‌م و دڵته‌نگی و ناڕه‌حه‌تی ژیان له‌هونه‌ره‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ بووه و زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت ‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سترانی فۆلكلۆری و  ژیانی كۆچ و كۆچبه‌ری ، ئه‌وینداری و ژیانی چه‌وساندنه‌وه‌و بنده‌ستیشی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌،

هه‌روه‌ها توانیویه‌تی چه‌ند گۆرانییه‌ك به‌شێوه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی بخوێنێ ،

 هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر  و شاعیر ( عوسمان شارباژێڕی  1940_ ؟؟؟)  له‌هۆنراوه‌یه‌كیدا به‌ناوی (بولبوله‌كانی باخی گۆرانی) له‌شوێنێكدا باسی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌كات هه‌ڵگیرسێنه‌ری  چرای شادی ئاواز و گۆرانی بوون ( ئه‌وانه‌ی چرای (به‌زم)یان هه‌ڵگیرسان

(كاوێس) و (مریه‌م)(عارف) و (عیسا)ن

(سه‌بیحه‌)و (عه‌یشه‌و فاتمه‌)دیارن

(فه‌وزیه‌)و (نه‌سرین)گوڵی به‌هارن

(حه‌سه‌ن) و (ئه‌ڵماس) شایانی باسن) ( 15) .

 

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری) ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی و ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی پێكه‌وه‌ گۆرانیان خوێندووه‌، نووسیویه‌تی( مریه‌م خان چه‌ند به‌سته‌یه‌كی فۆلكلۆریی خۆشی و شادی و سووك به‌نیسبه‌ت ئیقاعیانه‌وه ‌گوتووه‌ چ به‌ته‌نیا و چ به‌دووقۆڵی له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژانی دی، وه‌كو گۆرانی ( لێ لێ وه‌سۆ) له‌گه‌ڵ ( حه‌سه‌ن جزیری) ، گۆرانی ( گرێ سیرا بسیره‌) له‌گه‌ڵ ( محه‌مه‌د عارف جزیری) ، گۆرانی ( لبن بیێ) له‌گه‌ڵ ( ئه‌ڵماس خان و محه‌مه‌د عارف و حه‌سه‌ن جزیری) به‌سێ قۆڵی خوێندوویانه‌، گۆرانی ( هه‌ی به‌رده‌ به‌رده‌) ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ( محه‌مه‌د عارف جزیری) .

مریه‌م خان فۆلكلۆر په‌رستێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو، ده‌بینین وێڕای وتنی ده‌یه‌ها به‌سته‌ و لاوك له‌سه‌ر قه‌وان  و پاراستنیان له‌فه‌وتان و ون بوون ، هه‌ندێكیان گرنگیه‌كی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ ،چونكه‌ باسی له‌شه‌ڕی كورد له‌گه‌ڵ دوژمنانی ده‌كه‌ن و ناوی چه‌ندین پاڵه‌وانی ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌ قه‌وانه‌كانی ده‌هێنێته‌وه‌) (16).

 

ستران و لاوكه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان ..!

له‌كۆتایی ساڵی (1930) یه‌وه‌ تا سه‌ره‌تای ساڵی (1948) مریه‌م خانی ده‌نگخۆش و بوێر و داهێنه‌ر ، له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی ژیانی هونه‌ریدا توانیویه‌تی نزیكه‌ی (200) لاوك و ستران بخوێنێ و تۆماربكات له‌ڕێی ( قه‌وان و ڕادیۆ) وه‌ .

به‌سته‌كانی هونه‌رمه‌ند :

1/ لۆركێ لۆركێ

2/ كراسێ ته‌ مه‌له‌زه‌

3/ ترسم ئه‌ز بمرم

4/ گولێ وه‌ی نار

5/ هه‌ی به‌رده‌ به‌رده‌

6/ لێ لێ وه‌سۆ

7/ گرێ سیرا بسیره‌

8/ لێ لێ ئیمۆ

9/ خومخومی توریڤانێ

10/ مه‌یرۆ

 هه‌ندێك له‌لاوكه‌ خۆش و هه‌ست بزوێنه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان :

1/ محه‌مه‌د و ڕۆنی ( ئه‌م لاوكه‌ چیرۆكێكی ئه‌وینداری له‌پشته‌ و به‌داخه‌وه‌ عاشق و مه‌عشوقه‌كه‌ به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتوون و ئه‌و دابڕانه‌ بۆته‌ هه‌وێنی چڕینی ئه‌و لاوكه‌ به‌سۆزه‌، كاراكته‌ره‌كه‌ش گوایه‌ خودی مریه‌م خان بووه‌، له‌سه‌ره‌تای هه‌رزه‌كاریدا عاشقی گه‌نجێكی  گوندی ( مسێریكێ) بووه‌، زۆر یه‌كترییان خۆشویستووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ردوو عاشق نه‌گیشتوون به‌یه‌ك و له‌یه‌ك دابڕاوون ، هۆكاره‌كه‌ی نه‌زانراوه‌..؟! مریه‌م خان ئه‌و لاوكه‌ له‌هه‌ناوی ئه‌و عه‌شقه‌ پاكه‌یه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و زۆر غه‌مانگێزانه‌ چڕیویه‌تی) .

2/ محه‌مه‌دی سه‌لیم

3/    ئه‌ی ده‌لال

4/ سێڤی حاجی

5/ لێ دایێ

6/ بابێ كۆر ئۆغلی

7/ یارحه‌لیمێ

8/ دوومام

9/ لۆلۆ سوارۆ (17) .

نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و بێژه‌ر ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) ده‌رباره‌ی دوا په‌یوه‌ندی و به‌شداری مریه‌م خان له‌گه‌ڵ ڕادیۆی به‌غدا نووسیویه‌تی( وه‌ك چڕی وردبوومه‌ته‌وه‌ له‌ ( 16/2/1948) به‌دواوه‌ ئیدی (هه‌رگیز ئاهه‌نگی ده‌رنه‌كه‌وتووه‌) ئه‌مه‌ مانای وه‌هایه‌ ( پێوه‌ندی و تێكه‌ڵیی له‌گه‌ڵ ڕادیۆی كوردیی نه‌ماوه‌ ) دیاره‌ ئه‌وه‌ش مایه‌ی نه‌خۆش كه‌وتنیه‌تی) (18).

سوپاسگوزاری بۆهه‌وڵ و خه‌مخۆریی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ڕێنیشانده‌ربوون كه‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان و هونه‌رمه‌نده‌كانی تر ڕێ بگرنه‌به‌ر  تا ده‌نگ و ئاواز و تێكسته‌كانیان تۆماربكه‌ن چ له‌سه‌ر قه‌وان  و چ له‌ڕادیۆ، به‌ڵام ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ته‌نها یه‌ك دوو  وێنه‌ی له‌پاش به‌جێماوه‌ ، له‌هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌  قژی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ ( كه‌چه‌ڵ) ناوبراوه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان) له‌یاده‌وه‌رییه‌كانیدا باس له‌وكاته‌ ده‌كات كه‌ چۆنی ناسیی و چۆن هاوكاری بووه‌ و هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات بۆ به‌رده‌وام له‌چكی ( فۆته‌) ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌  ( له‌ماڵی ئه‌ڵماس خان یه‌كترمانناسی  و زۆر یارمه‌تیمدا بۆ په‌ره‌پێدانی هونه‌ره‌كه‌ی و ناساندنی به‌ئیزگه‌ی كوردی و تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی، هه‌تا  هه‌ندێ گۆرانیشم بۆئاماده‌كرد و له‌سه‌ر قه‌وان تۆماریش كران، مریه‌م خان له‌هه‌موو ئافره‌ته‌ كورده‌ گۆرانیبێژه‌كانی هاوه‌ڵی زیاتر گۆرانی تۆماركراوی سه‌رقه‌وانی هه‌یه‌،مریه‌م خان ئافره‌تێكی ناسكی جوان بوو ، ده‌نگخۆش و خه‌مناك ، مات و دڵته‌نگ و ئه‌م ماتیی و خه‌مه‌ی له‌وه‌وه‌ نه‌بوو كه‌قژی سه‌ری ته‌نك و كه‌مبوو..! چونكه‌ هه‌میشه‌ به‌فۆته‌یه‌ك كه‌به‌غداییه‌كان پێیان ده‌ووت ( چرغد) سه‌ری ده‌به‌ست ، به‌ڵكو له‌وه‌وه‌ بوو وه‌ك ده‌یوت: كاتی خۆی له‌گونده‌كه‌یان دڵخوازی لاوێك بووه‌ به‌ناوی ( محه‌مه‌د)  و بۆیه‌ك نه‌بوون؟! چونكه‌ محه‌مه‌د ده‌كوژرێ ئه‌ویش له‌خه‌فه‌تا سه‌ری ده‌پۆشێ) (19).

دوای ناساندن و ده‌ركه‌وتنی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مریه‌م خان له‌نێوه‌ندی هونه‌ریی و ڕۆشنبیری له‌شاری به‌غدا، ماڵی ئه‌ڵماس خان به‌جێ دێڵێت و خۆی به‌ته‌نیا له‌گه‌ڕه‌كی ( باب معه‌زه‌م) ده‌ژی، ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ له‌ساڵی(1947) دووچاری ژانی گورچیله‌ ده‌بێت ، ماوه‌ی دووساڵ به‌و ئێش و ئازاره‌وه‌  ده‌تلێته‌وه‌، له‌ته‌مه‌نی ( 45) ساڵیدا، ( 1949)  به‌هۆی زۆری كاریگه‌ری له‌كاركه‌وتنی گورچیله‌كانی له‌نه‌خۆشخانه‌ی ( میر الیاس) گیان ده‌سپێرێت و بۆهه‌میشه‌ ماڵئاوایی ده‌كات ، ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ وه‌ك زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان گۆڕغه‌ریب ده‌بێت ، ته‌رمی ساردو سڕی له‌ گۆڕستانی ( شێخ مه‌عروفی كه‌رخی) ده‌نێژرێت ، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌كه‌ی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو ، ڕۆحی شاد و یادی به‌خێر،

بۆمه‌به‌ستی ڕێزگرتن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ ده‌نگ و هونه‌ری به‌رزی ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌ڕۆژگارێكدا كاری هونه‌رییان ئه‌نجامداوه‌و تێكۆشاون ، زۆر زه‌حمه‌تیان چه‌شتووه‌، ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقادا، ده‌نگخۆشیی ئافره‌تمان زۆره‌، ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌توانن وه‌ك ڕێزگرتن له‌هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت له‌سه‌ده‌ی پێشوو ، گۆرانی و میلۆدییه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك و پێك تر له‌ ئاماده‌كردنی مۆسیقا گۆرانییه‌كانی  هه‌ریه‌ك له‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌ڵماس خان ، مریه‌م خان ، نه‌سرین شیروان  ، دایكی جه‌مال ، فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د، گوڵبه‌هار و ئایشه‌ شان ) بڵێنه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌رهه‌مه‌ كه‌  بكرێت ، به‌هیوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ .

جه‌مالی ده‌لاك  ( 11/12/2023) هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌:

(* و 5 و 6  و 13و 14  ) PELFILM یوتوب (DENGEN NEMR)  ( ده‌نگێن نه‌مر _ مریه‌م خان ) (26/10/2020).

(1 )تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ( دكتۆر ئامانج غازی) وتار : به‌ناوی (رۆڵی ئافره‌ت له‌ نێو هونه‌ری موزیك و گۆرانیی كوردیدا) له‌( 23/2/2022) .

(2 و 8  و 10 و 16  و 17  ) كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان _ به‌شی یه‌كه‌م : دانانی ( باكووری) لاپه‌ڕه‌ ( 72).

(3 و 7 ) دیكۆمێنتی (مریه‌م خان) ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی ( ده‌نیس دارگول) كه‌نالی ئاسمانی كوردستان ، یوتوب ( 6/6/2023).

(4 و 9 و 11 و 12  و  18 )كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939_1958) به‌رگی یێكه‌م ( جزمی یێكه‌م) نووسینی (بابی لالۆ) كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه‌ (730).

(15)  كتێبی  (گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی)

 عوسمان شارباژێڕی ...لاپه‌ڕه‌ (414).

(19) كتێبی گه‌ڵای پایز ، بیره‌وه‌رییه‌كانی  عه‌لی مه‌ردان ، ئاماده‌كردنی ( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان) لاپه‌ڕه‌ ( 344) .

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.