Erbil 14°C شەممە 11 کانوونی دووەم 12:55

روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی گه‌نجێك به‌هۆی له‌فه‌ی فه‌لافله‌وه‌ ده‌درێت

کوردستان TV
100%

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركووك ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوی مردنی گه‌نجێك بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی وا بڵاو كرابووه‌وه‌ به‌هۆی خواردنی له‌فه‌یه‌كی فه‌لافله‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدابێت‌.

ته‌ندروستی كه‌ركووك له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند: رۆژی سێشه‌می هه‌فته‌ی رابردوو ڕێكه‌وتی 5/12/2023 له‌ كاتژمێر 5:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یان گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ به‌ناوی (س. م. ع) گه‌یه‌نرایه‌ به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری كه‌ركووك.

ڕاشیگه‌یاند: كاتێك گه‌نجه‌كه‌ گه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ بارودۆخی خراپ و بێ هۆش بوو، له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان له‌ ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ هه‌رچی پێویست بوو له‌ به‌شی فریاكه‌وتن بۆی كرا، به‌ڵام له‌ كاتژمێر 6 بارودۆخی ته‌واو تێكچوو و هه‌ناسه‌ی نه‌ما و دڵی له‌ لێدان كه‌وت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دوای به‌په‌له‌ گواستنه‌وه‌ی بۆ به‌شی چاودێری چڕ، به‌داخه‌وه‌ له‌ كاتژمێر 6:45ی هه‌مان رۆژ گیانی له‌ده‌ست دا، بۆ دیاریكردنی هۆكاری مردنیشی ته‌رمه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كه‌ركووك كرا.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ به‌شێك له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ شاری كه‌ركووك وا بڵاوكرابووه‌وه‌ كه‌ گه‌نجه‌كه‌ به‌هۆی خواردنی له‌فه‌ی فه‌لافله‌وه ته‌ندروستی تێكچووه‌ و‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.