Erbil 28°C شەممە 27 تەمووز 02:36

بۆنی ناخۆشی دەم پەیوەندی بە نەخۆشییەوە هەیە

کوردستان TV
100%

كۆمەڵێك نەخۆشی هەن كە ڕەنگە هیچ نیشانەیەكی دەستبەجێیان نەبێت جگە لە بۆنێكی ناخۆش كە لە دەمەوە دێت.
هەندێك تێكچوونی میتابۆلیكی دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم بەهۆی كێشەی جۆراوجۆر لە ڕیخۆڵەكان، خوێن، یان جگەردا.
ئەمانەی خوارەوە دیارترین حاڵەتە پزیشكییەكانن كە دەبنە هۆی كێشەكە:
شەكرە ..
حاڵەتێكی باو كە دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم و قوڕگ بریتییە لە نەخۆشی شەكرە، بەو پێیەی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوكۆز دەبێتە هۆی گەشەكردنی بەكتریا زیانبەخشەكان.
بەو پێیەی ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە كێشەی ئەنسۆلینیان هەیە، لەوانەیە خانەكان ئەو گلوكۆزەی پێویست بۆ وزە بەدەست نەهێنن و لەبری ئەوە جەستە دەست دەكات بە سووتاندنی ئەو پێكهاتانەی چەوری بەرهەمهێنەر كە پێیان دەوترێت كیتۆن.لەوانەیە كیتۆنەكان لە خوێن و میزدا كۆببنەوە و ببێتە هۆی بۆنی ناخۆشی دەم.یەكێك لەو كیتۆنانە ئەسیتۆنە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی هەناسە بۆنی بۆیەی نینۆك بدات.
ئەگەر كەسێكی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە هەستی بە بۆنەكە كرد، پێویستە سەردانی پزیشكی ڕاوێژكاری بكات، چونكە دەكرێت بەهۆی ترشەڵۆكی كیتۆی شەكرەوە بێت، كە حاڵەتێكی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی.
نەخۆشی جگەر..
ئەگەر هەناسەی كەسێك بۆنێكی بەهێز و ناخۆشی هەبێت، ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی جگەر ماددە ژەهراویەكان ناپاڵێوێت.
پزیشكان ئەم بۆنە جیاوازە بە "هەناسەی مردووەكان" ناودەبەن، بەهۆی پەیوەندییەكەی بە نەخۆشییە توند و كوشندەكانی جگەرەوە.
نەخۆشی گورچیلە..
نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە حاڵەتێكە كە گورچیلەكان تێكدەچن و ناتوانن خوێن بە باشی بپاڵێون، هەر ئەمەش وایكردووە شلەمەنی زیادە و پاشماوەی خوێن لە جەستەدا بمێنێتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی كێشەی تەندروستی دیكە، وەك نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك.ئەو كەسانەی گورچیلەیان لەكاركەوتووە لەوانەیە تووشی بۆنی ناخۆشی دەم ببن.
كاتێك گورچیلەكان دەست دەكەن بە لەكاركەوتن، ناتوانن یوریای میتابۆلیك بە شێوەیەكی كارا لە میزدا دەربكەن و لە خوێن و لیكدا كۆدەبێتەوە.پاشان لەش یوریا دەگۆڕێت بۆ ئامۆنیا، ئەمەش دەبێتە هۆی تامێكی تاڵ لە دەم و بۆنی ناخۆشی دەم.
زیادبوونی میتیۆنین لە خوێندا..
بریتییە لە زیادبوونی بڕگەیەكی دیاریكراوی بنیاتنانی پرۆتین (ترشی ئەمینی) كە پێی دەوترێت میتیۆنین لە خوێندا.ئەو كەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە زۆرجار هیچ نیشانەیەكیان نییە، بەڵام ئەگەر هەناسە، ئارەقە، یان میزیان بۆنی قەیسی كوڵاوی لێهات، پێویستە سەردانی پزیشك بكەن.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.