Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 16:35

راگه‌یاندراوێك له‌ یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌

کوردستان TV
100%


یانه‌ی هه‌ولێر راگه‌یاندراوێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكرده‌وه‌.
یانه‌ی وه‌رزشی هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، نیگەرانی و سەرسوڕمانی توندی خۆمان رادەگەیەنین بەرامبەر ئەو هەڵە زەق و کاریگەرانەی کە ناوبژیوانان دژی یانەکەمان لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئەنجامی دەدەن، بە تایبەتی لە یاری دوێنێمان بەرامبەر یانەی (تەڵەبە) لە چوارچێوەی گەڕی شەشەمی خولەکە.
یانه‌ی هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت، کە هەڵەکانی ناوبژیوانی ئەم یارییەی دوێنێمان کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر گۆڕینی ئەنجامی یارییەکەمان و بەهۆیەوە یانەکەمان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر تووشی شکست هات، جگە لەو حاڵەتانەی کە گۆڵێك و لێدانێکی سزای بۆ یانەکەمان دوای گەڕانەوە بۆ سیستەمی (ڤار) ڕەتکردەوە، لە هەمان کاتدا ناوبژیوانی یاری (واثق محه‌مه‌د) چاوپۆشی لە لێدانێکی سزای روون و ئاشکرا کرد و نەگەڕایەوە بۆ سیستەمی ڤار کاتێك یاریزان (ئاداما بالۆ) لە ناو هێڵی سزای یانەی تەڵەبەی خرایە خوارەوە، کە دڵنیاین ئەگەر بێتوو ناوبژیوان لێدانە سزاکەی ئەژمار بکردایە گۆڕانکاری تەواو لە ئەنجامی یارییەکە دەهاتە ئاراوە. 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێردا هاتووه‌، جگە لە هەڵەکانی ناوبژیوان لەم یارییە سەرەڕای بوونی سیستەمی ڤار، لە چەند گەڕی رابردووش بەهەمان شێوە یانەکەمان، ستەمی گەورەی لێکرا بە تایبەتی لە یاری بەرامبەر یانەی (قاسم) لە گەڕی دووەمی خولەکە کاتێك ناوبژیوان گۆڵێکی نادروستی یانەی قاسمی ئەژمار کرد لە کاتێکدا گۆڵێکی دروستی یانەکەمانی رەتکردەوە، کە بەهۆیەوە یانەکەمان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك تووشی دۆڕان هات.
یانه‌ی هه‌ولێر راشیگه‌یاندووه‌، ئەم هەڵانە وادەکات کاریگەری نەرێنی (سلبی) بکاتە سەر ململانێی دادپەروەرانە لە نێوان یانە بەشداربووەکانی خولەکە، هەروەها  رێگا خۆشکەرە بۆ ئەنجام دانی هەڵەی دیکەی گەورەتر و کاریگەرتر کە لە کۆتاییدا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر ریزبەندی یانەکەمان لە خولەکە .
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌،  لە پێناو پاراستنی مافی یاسایی یانەکەمان، بە مافی خۆمان دەزانین بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و پێشکەش کردنی نووسراوی ناڕەزایی و ماف خوران بۆ یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فيفا) هاوپێچ بە سەرجەم ئەو هەڵانەی کە ناوبژیوانان بە ئاشکرا بەرامبەر یانەکەمان ئەنجامیان داوە ئەگەر بێتو یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق یاخود لیژنەی ناوبژیوانان هیچ رێوشوێنێك بەرامبەر ئەو ناوبژیوانانە نەگرنەبەر و ماف بۆ یانەکەمان نەگێڕنەوە .
لە کۆتاییدا یانه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌، ئیرادەی بەرزی ستافی راهێنەران و یاریزانان دووپات دەکەینەوە کە لە توانایاندایە زاڵ بن بەسەر ئاستەنگی و سەختیەکانی بەردەمیان، سەرکەوتنیش لای خوای گەورەیە.
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.