Erbil 32°C ھەینی 20 ئەیلوول 10:30

ئاگر به‌ستی مرۆیی دەستی پێکرد کە چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بۆ سەر غەززە ڕابگیرێت

کوردستان TV
100%


لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ و پێکدادانەکان دەستی پێکرد، کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ هێرشەکان بۆ سەر غەززە بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی دیل و هاوکاریە مرۆییەکان دەدات.

چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ و پێکدادانەکان، لە کەناراوەکانی شاری سدیرۆتی ئیسرائیلەوە کە نزیکترین شارە لە کەرتی غەززەوە، بەردەوامی دەنگی پێکدادانە چەکدارییەکان و تەقینەوە توندەکان دەبیسترا، لە کەرتی غەززەوە مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا و زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرش لە ناوچەکە لێدرا.

بەپێی ئەو پلانی لێکتێگەیشتنەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە کاتژمێر 8ی به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 24ی11ی2023 بەکاتی هەولێر) شەڕ و پێکدادانەکانیان ڕاگرت، لە دەروازەی سنووری ڕەفحەوە هاوکارییە مرۆییەکان دەست بە گواستنەوە دەکەن بۆ کەرتی غەززە.

بەپێی ئەو ئامارەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، لە کەرتی غەززە کە ڕووبەڕووی گەمارۆی توند و هێرشی چڕی ئیسرائیل بووەتەوە، یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەربوون و، هێشتا پلانێک ڕانەگەیەندراوە بۆ ناردنی هاوکاریی بۆ دەیان هەزار فەڵەستینی لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای کەرتی غەززە کە کارەساتی مرۆیی و کاولکاری زۆریان تێدا ڕووداوە.

- ئازادکردنی دیلەکان

بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان، لە یەکەم ڕۆژدا 13 کەس لە هەمان خێزانی ئیسرائیلی کە پێکهاتوون لە ژن و منداڵ ئازاد دەکرێن و کاتژمێر 4ی ئێواره‌ بەکاتی ناوخۆ، بەرەو دەروازەی سنووری ڕەفح جووڵە دەکەن.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، پێداویستی لۆجستی دیلەکان دابین دەکات. لەو بارەیەوە لیژنەکە بڵاویکردەوە ''ئەمان لایەنێک نین لە دانوستانەکان، بەڵام وەک ئامڕازێکی بێلایەن لەو لێکتێگەیشتنە مرۆییەی لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون دەوری هەیە لە بەجێگەیاندنیدا".

بەپێی ئەو زانیاریەی رادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل کە لە میسر چاوەڕوانن، دوای ئەوەی دیلەکانیان وەرگرت، دەیانگەیەنن بە خاکی ئیسرائیل و لەو نەخۆشخانەیەی دیاریکراوە پشکنینی ناسنامە و تەندروستییان بۆ دەکرێت.

هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئیسرائیل، لە ڕێگەی ئەو ناوەندەی دایمەزراندووە، سات بە سات پێشهاتەکانی دەرچوونی دیلە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە دەگوازێتەوە.

لەگەڵ تەواوبووانی کۆنترۆڵی دیلە ئیسرائیلییەکان، دەستبەسەرکراوە فەڵەستینییەکان لە ژن و منداڵ کە ئازاد دەکرێن، لە گرتووخانەی سەربازی عوفەر لە کەرتی ڕۆژئاوا کۆدەکرێنەوە.

دیلە فەڵەستینییەکان کە یەکەم ڕۆژ ئازاد دەکرێن و هێشتا ژمارە و ناسنامەیان بڵاونەکراوەتەوە، دەهێنرێن بۆ خاڵی پشکنینی بیتونیا لە نزیک گرتووخانەی عوفەر و لەوێ ڕادەستی بەرپرسانی فەڵەستینی دەکرێن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.