Erbil 13°C پێنجشەممە 14 تشرینی دووەم 00:05

به‌ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران 43 كۆڵبه‌ری كورد ده‌بنه‌ قوربانی

کوردستان TV
100%


له‌ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا 43 كۆڵبه‌ری كورد به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران بوونه‌ته‌ قوربانی.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆماری ئێران بۆ شاری بانە، دەستڕێژی گولـله‌  له‌ ژماره‌یه‌ك كۆڵبه‌ری كورد كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌  40 كۆڵبه‌ری كورد برینداربوون و 3 كۆڵبه‌ریش به‌ته‌قه‌ی ئه‌و هێزان كوژراون. 
 رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، رۆژی 17ی11ی2023، فەرزاد حوسێنی، کۆڵبەرێکی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە  ئه‌منییه‌كانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە.

هەر له‌ كاتی ئاماژه‌ پێكراودا، حەمیدڕەزا حافیزی، تەمەن 18 ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و سولەیمان ئەمینی، تەمەن28 ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ئەو هێزانە هەر لەو سنوورە بریندار بوون و بەهۆی قووڵیی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەتەوە.
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌شه‌وی چوارشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردووش،  بارزان عوسمانی، کۆڵبەرێکی  لاو تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیسان لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بووە. 
ئه‌وم لاوه‌ کە بە چەکی ساچمەیی سەر و مل و شانی پێکراوە و بریندار بوو، بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترایەوە.
هه‌نگاو راشیگه‌یاندووه‌، هەروەها دیاکۆ ڕەمەزانی، تەمەن 25 ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و حامید محەممەدزادە، تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی گوندی "ئالیار"ی سەر بەو شارە، هەمان شەو لە سنووری هەنگەژاڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار بوون. هەنووکەش باس لەوە دەکرێت کە باری تەندروستیی حامید محەممەدزادە ناجێگیرە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا (دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بانە)، لانی کەم3 کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بە برینداربوونی ئەو چەند کۆڵبەرەی ئەم دوایییانەوە، لانی کەم 40 کۆڵبەریش بریندار بوون.
 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.