Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 11:42

له‌چامپیۆنس لیگدا بارسیێلۆنا و مانچێسته‌ر سێتی و پاریس سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا

کوردستان TV
100%


 
لە چوارچێوەی یاریەكانی گەری سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لەیارییەكی كۆمەڵەی هەشتەم، یانەی بارسێلۆنا لەسەر یاریگای لویس كۆمپانیس بەدوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆلێك سەركەوتنی بەسەر یانەی شاختاری میوانی تۆماركرد.
 لەگێمی یەكەم یاریزانانی بارسێلۆنا بەهێزەوە دەستیان بەیاریكردو لەخولەكی بیست و هەشت ڤیران تۆریس گۆلی پێشكەوتنی بۆ بارسێلۆنا تۆماركرد، گوشارەكانی بارسێلۆنا درێژەی هەبوو تا لەخولەكی سی و شەش ڤیرامین لۆپز گۆلی دووەمی بۆ بارسێلۆنا بەدەستهێنا.
 ئەو گێمە بارسێلۆنا بەدوو گۆلی بێ بەرامبەر لە پێشەوەبوو، لەگێمی دووەم یاریزانانی بارسێلۆنا چاویان لەگۆڵی زیاتر بوو، بەڵام شاختار ریزەكانی خۆی رێكخستەوەو لەچەند بۆنەیەك چانیسی خۆیان تاقیكردەوە، ئەوەبوو لەخولەكی شەست و دوو جیۆرجی سۆداكۆف گۆلێكی تۆماركردو جیاوازی گۆڵەكانی كەم كردەوە.
 بارسێلۆنا زۆر هەولیدا گۆڵی دیكە تۆمار بكات، بەڵام بەهۆی ئۆفسایدەوە دوو گۆڵی بارسێلۆنا رەتكرایەوە.
 بەم جۆرە یاریەكە بەدوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆلێك بەسەركەوتنی یانەی بارسێلۆنا تەواو بوو، بەم ئەنجامە كۆی خاڵەكانی بارسە بووە نۆ خاڵ و شاختاریش سێ خالی هەیە.  

هەر لەركابەرییەكانی چامپیۆنز لیگ، لەیاریەكی كۆمەلەی پێنجەم، یانەی فاینۆردی هۆلەندی بەسێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆلێك سەركەوتنی بەسەر یانەی لازیۆی ئیتاڵی تۆماركرد.
 لەگێمی یەكەم و لەخولەكی سی و یەك سانتیاگۆ خمینز گۆلی پێشكەوتنی بۆ فاینۆرد تۆماركرد، گوشارەكانی تیپی میواندار درێژەی هەبوو، لەكۆتا خولەكی گێمی یەكەم رامز زروفی گۆلی دووەمی بۆ فاینۆرد تۆماركرد، گێمی یەكەم فاینۆرد بەدوو گۆڵ لەپێشەوەبوو.
 لەگێمی دووەم یانەی لازیۆ چاوی لەگۆرینی ئەنجامی یاریەكە بوو، بەڵام لەخولەكی حەفتاو چوار سانتیاگۆ خیمینز دووەم گۆڵی خۆی و سێیەم گۆڵی یانەكەی تۆماركردو ئەركی لازیۆی دوو ئەوەندە قورس كرد، یاریەكە بەرەو كۆتایی بوو، لەخولەكی هەشتاو چوار لازیۆ لێدانی سزای بەدەستهێنا، پیدرۆ رۆدرێگز سەركەوتوو بوو لەجێبەجێكردنی لێدانەكەو جیاوازی گۆڵەكانی كەم كردەوە.
 بەم جۆرە یارییەكە بەسێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆلێك بەسەركەوتنی یانەی فاینۆرد تەواو بوو. 

لەلایەكی دیكە لەوڵاتی فەرەنسا، یانەی پاریس سان جێرمان لەیاری لوتكەی كۆمەڵەی شەشەم میوانداری یانەی ئەی سی میلانی ئیتالی كرد، یارییەكە بەسێ گۆڵی بێ بەرامبەر بەسەركەوتنی یانەی پاریس تەواو بوو.
 لەگێمی یەكەم و لەخولەكی سی و دوو كلیان مبابی گۆڵی پێشكەوتنی بۆ پاریس تۆماركرد، سەرەاری هەوڵەكانی هەردوولا، بەڵام ئەم گێمە پاریس بەگۆلێك لەپێشەوەبوو، لەگێمی دووەم یارییەكە بەگەرم و گوری لەنێوان هەردوولا درێژەی هەبوو، ئەمجارەیان لەخولەكی پەنجاوسێ راندل كۆلۆ گۆڵی دووەمی بۆ پاریس بەدەستهێنا، سەرەرای چەندین هەولی یانەی میلان بۆ گۆرینی ئەنجامی یاریەكە، بەڵام لەكۆتا خولەك كانگ ئان لی گۆڵی سێیەم و دڵنیایی تۆماركرد،.
 بەم جۆرە یاریەكە بەسێ گۆڵی بێ بەرامبەر بەسەركەوتنی پاریس سان جێرمان تەواو بوو، بەم ئەنجامە پاریس بەكۆكردنەوەی شەش خاڵ هاتە پێشەنگی ریزبەندی و میلانیش لەكۆتا خانەیە و تەنیا دوو خالی هەیە. 


لەدووەم یاری كۆمەڵەی شەشەم، یانەی نیوكاسڵ یونایتدی ئینگلیزی میوانداری یانەی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی كرد، یانە ئەلمانیەكە توانی بەگۆلێكی بێ بەرامبەر لەدەرەوەی یاریگای خۆی براوە بێت، تاكە گۆلی یاریەكە لەخولەكی كۆتایی گێمی یەكەم فلێكس نمیشا تۆماریكرد، گێمی یەكەم زەردەواڵەكان بەگۆلێك لەپێشەوەبوون.
 لەگێمی دووەم نیوكاسل چەندین جار چانسی خۆی تاقیكردەوە، بەڵام زیاتر لەجارێك ستوون و گۆڵپارێز رێگربوون لەبەردەم هەولەكانی نیوكاسڵ، بەمجۆرە یاریەكە بەگۆلێكی بێ بەرامبەر بەسەركەوتنی برۆسیا دۆرتمۆند تەواو بوو.
بەم ئەنجامە هەردوو یانە چوار خالیان هەیە و نیوكاسڵ بۆ خانەی دووەم دابەزی و برۆسیا دۆرتمۆندیش بەجیاوازی گۆڵ لەخانەی سێیەمە.  


هەر لەركابەریەكانی گەری سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لەیاریەكی كۆمەڵەی حەوتەم، یانەی مانچێستەر ستی پاڵەوانی وەرزی رابردوو بووە میوانی یانەی یۆنگ بۆیزی سویسری، یاریەكە بەگۆلێك بەرامبەر بەسێ گۆڵ بەسەركەوتنی ستیزن تەواو بوو.
لەگێمی یەكەم میواندار خۆراگربوو لەبەردەم هێرشەكانی مان ستی، ئەو گێمە بەبێ گۆڵ تەواو بوو، لەدەستپێكی گێمی دووەم و دوای تێپەربوونی سێ خولەك، مانویل ئەكانجی گۆلی پێشكەوتنی بۆ مان ستی تۆماركرد، لەبەرامبەردا یانە سویسریەكە لەخولەكی پەنجاو دوو لەرێی یاریزان میشاك ئیلیا گۆڵی بەرامبەر بوونەوەی تۆماركردەوە.
 دوابەدوای ئەم گۆڵە، لەخولەكی شەست و حەوت مانچستەر ستی لێدانی سزای بەدەستهێنا، ئیرلیگ هالاند سەركەوتوو بوو لەجێبەجێكردنی لێدانەكەو گۆڵی دووەم و پێشكەوتنی بۆ مان ستی تۆماركرد، یاریەكە بەرەو كۆتایی بوو، چوار خولەك بەر لەتەواوبوونی كاتی یاسایی ئیرلیك هالاند دووەم گۆڵی خۆی و سێیەم گۆڵی مانچێستەر سێتی تۆماركرد، بەمجۆرە یاریەكە بەسێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆلێك بەسەركەوتنی مانچێستەر سێتی تەواو بوو. 


                                                          

 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.