Erbil 15°C شەممە 15 حوزەیران 09:46

ئەمساڵ21 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگاى دهۆک بە برنج چێنراوە

کوردستان TV
100%


ئەمساڵ نزیکەی 21 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆک کراوەتەوە برنج و پێشبینی دەکرێت 23 هەزار تۆن برنجی لێ بەرهەم بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربارى پشتیوانیکردنی بووژاندنەوەى کشتوکاڵی، پلانی بەبازاڕ کردنی بەرهەمی برنجیشی هەبووە، هەناردەکردنی برنج وای کردووە بازاڕی برنج خۆش بێت و نرخی برنجی تا ڕاددەیەکی باش لە بەرژەوەندیی جووتیاران بەرز کردووەتەوە.

هاوکات، سیستەمی ئاودێریی برنج، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی گەشەى ئەو کەرتە، و بەرنامەی کابیەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان ئەوە بووە ئاوی سەرزەوی بەکار بهێنێت و ئاوی ژێرزەوی بپارێزرێت، ئەوەش بە بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی ئاودێری و دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان.

عەزیز محەمەد، جووتیارە و دەڵێت: "پلانی کابینەی نۆیەم زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیە و لەم پێناوەشدا پاڵپشتیی ئێمەی جووتیارانی کردووە. ئەمساڵ لە پارێزگاى دهۆک، 21 هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێنراون و چاوەڕوانیش دەکرێت 23 هەزار تۆن برنجی کوردی بەرهەم بهێنرێت."
ئەو جووتیارە ئەوەشی گوت: "برنجی ئاکرێ زۆر باشە و خواستێکی زۆری لەسەرە، برنجێکی زۆر جوانە. چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: شەشمەهی، پێنجمەهی کەسنەدیتی، سێمەهی، تەحالوف، میسری، سەدری وعەنبەری و باشترین جۆریشیان شەشمەهی و کەسنەدیتییە؛ کارگەیەک لە ئاکرێ دامەزراوە کە کارگەیەکی باشە و برنج هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش بازاڕی برنجی گەرم کردووە."

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی چاندنی پارێزگای دهۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و بازاڕسازییش بۆ بەرهەمی جوتیاران دەکات، ئەمەش وای کردووە بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتر بێت و پاڵپشتیی خواستی ناوخۆ بکات، بە پێی زانیارییەکان، هەرێمی کوردستان بۆ خۆبژێوی، پێویستیی بە 300 هەزار تۆن برنج لە ساڵێکدا دەبێت."

برنج خۆراکی سەرەکیی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاییە. لە ساڵی 2022-2023 نزیکەى 517 ملیۆن تۆن برنج لە سەرانسەرى جیهان خوراوە. برنجی کوردستانیش، بە باشترین جۆری برنج لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت و خواردنی ڕۆژانەى کوردستانیانە. کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆرى بەو بەرهەمە داوە و پلان هەیە خۆبژێویی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە و زیاتر ڕەوانەى دەرەوە بکرێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.