لە پەراوێزی پێشانگایی (SEPOR)ی نێودەوڵەتی لە پارێزگای لۆرکا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا بە هاوکاری دامەزراوەی ژوری بازرگانی ئیسپانی – عێراقی، سیمینارێکی بۆ کۆمپانیاکانی ئیسپانیا و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ڕێکسخت.
لەو سیمینارەدا کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەی بوون، پشتیوانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کورستان لە ئیسپانیا بۆ کۆمپانیا ئیسپانی و کوردستانیەکان دووپات کرایەوە.
د.دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا ڕاگەیاند: ''هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکانی ئیسپانیا دەکەین، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەمنییەوە ئارامترین شوێنی ناوچەکەیەوە و حکومەتی هەرێمیش دەرفەتی تەواوی بۆ کۆمپانیاکان ڕەخساندوە بۆئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.''
دواتر لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە داتا و زانیاری و کارو چالاکی و دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە سمینارەکەدا ڕوونکردنەوە و پشتوانی و کارئاسانی وەزارەتی کشتوکاڵی بۆ کۆمپانیا ئیسپانی و بیانییەکان دوپات کردەوە.
لە کۆتایدا سوپاسی ڕۆڵی جوامێرانەی دامەزراوەی ژوری بازرگانی ئیسپانی - عێڕاقیش کرا کە پشتیوان بوون لە هێنانی چەندین کۆمپانیا بۆ پێشەنگاکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.