لە پارێزگای لۆرکای ئیسپانیا، فولجینسیۆ گیل جۆدار، پارێزگاری لۆرکا و کاربەدەستانی شارەکە، پێشوازییان لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و د.دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا.
پارێزگاری لۆرکا، پشتوانی پارێزگاکە و دەستەی وەبەرهێنان و ژووری بازرگانی شارەکەی بۆ کاری پێکەوەیی دووپات کردەوە و هیوای خواست لە نزیکترین کاتدا، کارەکان بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە و سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئیسپانیا، کە لە مانگی ڕابردووەوە هاندەر بووە بۆ هێنانی کۆمپانیاکان بۆ پارێزگاکەیان و بەشداریکردنیان لە 56 هەمین پێشەنگای نێودەوڵەتی گۆشت لە ناوەندی ئەو پارێزگایە.
شاندی حکومەتی هەرێم هیوایان خواست گەشەی زیاتر بە کاری پێکەوەیی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بدرێت لە بواری کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی دا.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەفەرمی بانگهێشتی پارێزگاری لۆرکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ببین و بەشداری بکەن لە ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و پێشخستنی جوڵەی ئابووری و پیشەسازی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.