Erbil 7°C شەممە 30 تشرینی دووەم 00:01

وه‌زیری دارایی باسی مووچه‌ و دوایین سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌كات

کوردستان TV
100%

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شاندێكی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا باسی مووچه‌ و دوایین سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا كرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کە پێکهاتبوون لە ئان مەسوون بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و مایکل لومبەرادو پاشکۆی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە عیراق.

لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئامادەبوونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند كه‌ توانیویانە بۆ سێیەمجار داتاو ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگه‌ی دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکوومەتی عێراق پشتڕاست بکەنەوە و خەرجی و داهاتەکانیش بەڕاپۆرتێکی ورد و پڕ زانیاری پێشکەش بکەن.

لای خۆشییەوە بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەنگاوێکی گرینگ لە قەڵەمدا بۆ نیشاندانی نییەتپاکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغداد.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا ئاوات جەناب نووری ڕایگەیاند وەک وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و مادانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە درێژەی دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر هەنگاوەکانی پرۆژەی هەژماری من بۆ شاندی میوان خستەڕوو و ڕایگەیاند كه‌ (هەژماری من) پرۆژەیەکی گرینگە بۆ چاکسازی و پەیڕەوکردنی شەفافییەت لە قۆناغی داهاتوودا فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوە و لەو ڕووەشەوە دەرگایان کراوەیە بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکارییەک لەلایەن بانکەکانی ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا پرسی هاندان و پشتیوانی کۆمپانیا بیانییەکان و دابینکردنی شایستەکانیان و بابەتی ڕێکخستنەوەی بانکەکان و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە بە بایەخەوە گفتوگۆی لەسەر کرا و جەخت لە پشتیوانی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ئەو کێشانە کرایەوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.