Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 05:03

ده‌قی وتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچووانی قوتابییانی زانكۆی سۆران

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچووانی زانكۆی سۆران كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومی و حزبیی ناوچه‌كه‌ و دیپلۆماتكار و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌كادیمیست و كه‌سوكاری قوتابیانی زانكۆی سۆران ئاماده‌ی بوون، نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد،‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئێواره‌تان باش..

ده‌رچووانى ئازيز،
خێزان و كه‌سوكارى ده‌رچووان و ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

ئێواره‌تان باش..
هه‌موولایه‌كتان به‌خێربێن..

ده‌مه‌وێ به‌ تایبه‌تیش به‌خێرهاتنی نێرده‌ی دیپلۆماتان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێرن ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه‌ بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌، به‌خێرهاتنێكی گه‌رمیان بكه‌م، به‌خێربێن.
مايه‌ى خۆشحاڵييه‌كى زۆره‌ كه‌ ئه‌م ئێواره‌يه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ لێره‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌رچووانى ئازيز خولێكى تازه‌ى زانكۆى سۆران و ژماره‌يه‌ك له‌ ته‌واوكه‌رانى خوێندنى باڵا بۆ ساڵى خوێندنى 2022 ـ 2023، به‌شدارى له‌ شاديى سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوونى (1,366) گه‌نجى لێهاتوومان بكه‌ين. به‌ گه‌رمى و پڕ به‌ دڵ، پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم.

پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ دايك و باوك و كه‌سوكارتان و له‌ مامۆستايان و سه‌رۆكايه‌تى و ستافى زانكۆ ده‌كه‌م، ئه‌وانيش به‌ هاندان و به‌ خه‌مخۆرى و به‌ پشتگيريیان، هاوبه‌شى سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌ن ئه‌مڕۆ. ئه‌مڕۆ بۆ ئێوه‌ى ده‌رچووانى ئازيز و بۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌، ڕۆژێكى خۆشه‌ و هه‌موومان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ين.

به‌ڕێزان..

ساڵى 2009 كاتێك بڕيارى دامه‌زراندنى زانكۆى سۆرانمان دا، هيوامان ئه‌وه‌ بوو ئێواره‌يه‌كى وه‌ك ئه‌مڕۆ ببينين كه‌ تيايدا سه‌تان كچ و كوڕى گه‌نجى ئه‌م وڵاته‌ له‌ چه‌ندين به‌ش و پسپۆڕيى جيادا خوێندنى زانكۆيى ته‌واو ده‌كه‌ن و قۆناغێكى نوێى ژيان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. ئه‌و‌سا بڕيارى دامه‌زراندنى زانكۆ به‌شێك بوو له‌ به‌رنامه‌ى كۆمه‌ڵێك خزمه‌تى ديكه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌.

ئێستاش دواى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ گرینگى و بايه‌خدانى زياتر ئيداره‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆى بۆ ناوچه‌كه‌ دامه‌زراند‌ كه‌ من ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم كاتی خۆی زۆر پشتگیریی ئه‌وه‌م نه‌ده‌كرد ئیداره‌ی سه‌ر‌به‌خۆ دامه‌زرێت، كاك هه‌ڵگورد كه‌ ئێستا ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی هه‌یه‌، جارێكیان هات بۆ لام و دوای ئه‌وه‌ی قسه‌ی بۆ كردم گوتم ئێستا من بڕوام په‌یدا كردووه‌ و كارێكی زۆر باشه‌ و به ‌ڕاستیش ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشییان لێ بكه‌م چه‌ندين پرۆژه‌ى جۆراوجۆر له‌ بواره‌كانى ڕێگه‌وبان، ئاو، كاره‌با، بيناكارى و بواره‌كانى ديكه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌، ده‌ستخۆشى و پشتگيرييان لێ ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم و هه‌روه‌ها سوپاسی كاكه‌ كرمانجیش ده‌كه‌ین كه‌ پێشتر لێره‌ به‌رپرسیارێتیی وه‌رگرتووه‌ و ئه‌ویش به ‌ڕاستی جێی ده‌ستی دیاره‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ كراوه‌، هه‌مووتان پێكه‌وه‌ ته‌مه‌ندرێژ بن، سه‌ركه‌وتوو بن له‌ خزمه‌تكردنی كوردستان و له‌ خزمه‌تكردنی ملله‌ته‌كه‌مان.

به‌ خۆشحاڵييه‌وه‌، ئێستا دواى چوارده‌ ساڵ، ڕۆڵ و كاريگه‌ريى زانكۆ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌بينين، ئاماده‌يى و ئاستى زانكۆى سۆران دياره‌. ئه‌مساڵيش وه‌ك چه‌ندین جارى پێشتر، يه‌كه‌مى سه‌ر ئاستى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان بووه‌، ئه‌مه‌ مايه‌ى خۆشحاڵى و شانازيی هه‌موومانه‌‌، ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆكايه‌تى و مامۆستايان و قوتابيان و ستافى زانكۆ و ڕۆڵى كارايان ده‌كه‌م و هيوادارم هه‌ميشه‌ ئاوا به‌ سه‌ركه‌وتوويى بتانبينم له‌ خزمه‌تكردن به‌ وڵات و به‌ كوردستان و به‌ ملله‌ته‌كه‌مان.

جێى خۆيه‌تى لێره‌دا سوپاس و پێزانين ئاراسته‌ى يه‌كه‌م ستافى دامه‌زرێنه‌رى زانكۆى سۆران بكه‌ين. به‌ڕێزان سه‌رۆكى پێشووى زانكۆ و ئه‌و ستافه‌ى له‌گه‌ڵیان بوون.

ناوچه‌ى سۆران و ده‌وروبه‌رى ناوه‌ندێكى گرینگ و كاريگه‌رى شۆڕشه‌كانى كوردستان و مه‌ڵبه‌ندى خه‌بات و تێكۆشانى چه‌ندين نه‌وه‌ى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ له‌پێناو ئازادى و سه‌رفرازيدا خزمه‌تیان كرد و خه‌باتیان كرد، ئه‌مڕۆ كه‌ پۆلێكى ديكه‌ى ده‌رچووانى زانكۆ به‌ڕێ ده‌كه‌ين، ئه‌وه‌ له‌ سايه‌ و ئه‌نجامى گيانفيدايى و قوربانييه‌ مه‌زنه‌كانى خه‌ڵكى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌يه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌پێناو سه‌رفرازی و سه‌ركه‌وتنی ملله‌ته‌كه‌ماندا خه‌باتیان كرد، خوێنیان ڕشت، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لێره‌ پێكه‌وه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ سه‌ری ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م ئه‌وانه‌دا داده‌نوێنین.

دوێنێ باب و باپيرانتان لێره مێژوويه‌كى پڕ سه‌روه‌رييان تۆمار كرد، له‌ خه‌بات و ئه‌رك و پێشمه‌رگايه‌تى و ئاواره‌ييدا، ڕه‌نجێكى زۆريان كێشا بۆ ئه‌وه‌ى ئێوه‌ ئازاد بن، بۆ ئه‌وه‌ى داهاتوويه‌كى باشترتان هه‌بێت، ئه‌مڕۆش ئێوه‌ كه‌ زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌ركتانه خه‌ون و ئومێدى ئه‌وان له‌ كوردستانێكى ئازاد و پێشكه‌وتوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى كراوه‌ى مه‌ده‌نى له‌ وڵاتێكى ئارام و هه‌رێمێكی به‌هێ، به‌جێ بهێنن.

پێتان وانه‌بێت به‌ ته‌واوكردنى زانكۆ به‌ وه‌رگرتنى بڕوانامه‌ ئه‌رك و ماندووبوونتان كۆتايى هات، نه‌خێر ئه‌وه‌ تازه‌ سه‌ره‌تاى ڕێگه‌ى قۆناغى كار و داهێنان و بنياتنان و خزمه‌تكردنه بۆ وڵاته‌كه‌تان‌، ئيتر هه‌ر يه‌كێكتان له‌ بوارى خۆيدا ده‌بێ بچێته‌ پێشه‌وه‌ و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانى وڵاتدا بكات.

ئێوه‌ سه‌ركرده‌ى دواڕۆژن، داهاتووى وڵات له‌ ده‌ست ئێوه‌ و ئه‌ستۆى ئێوه‌دايه‌، ئێوه‌ ئه‌مڕۆ به‌ كار و خزمه‌ت، به‌ زانست و زانين، به‌ دڵسۆزى و نيشتمانپه‌روه‌رى، داهاتووى وڵات ده‌نه‌خشێنن. بۆيه‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيتان گه‌وره‌يه‌ و كار و ڕه‌نج و ماندووبوونى جددى ده‌وێت، دڵنياين له‌ ئاستى چاوه‌ڕوانى و به‌رپرسياريه‌تيدا ده‌بن. به‌ هه‌بوونى گه‌نج و نه‌وه‌ى ژير و به‌تواناى وه‌ك ئێوه‌، داهاتووى كوردستان باشتر ده‌بێت و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ و ڕووناكتر ده‌بێت‌.

گه‌نجانى كوردستان ده‌بێ به‌ ئومێده‌وه‌ بۆ داهاتوويه‌كى باشتر هه‌وڵ بده‌ن و كۆڵ نه‌ده‌ن. هه‌رگيز ڕێگه‌ نه‌ده‌ن كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان نائومێدتان بكات. ڕێگه‌ نه‌ده‌ن بيرى توندڕه‌وى و نامۆ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، جێى ببێته‌وه‌. دڵنيا بن، كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان تێده‌په‌ڕن و به‌ هه‌وڵ و كۆششى ئێوه‌ و خه‌ڵكى دڵسۆزى كوردستان، ده‌گه‌ينه‌ داهاتوويه‌كى باشتر.

هه‌ر لێره‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانين بۆ هاووڵاتيیانى دڵسۆزى كوردستان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه كه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ تێگه‌يشتنيان بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌يه‌، ڕه‌چاوى قه‌يران و دۆخى سه‌ختى دارايى ده‌كه‌ن و خۆڕاگرانه‌ به‌رگه‌يان گرتووه‌. خه‌ڵكى كوردستان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان به‌رده‌وامن.

له‌مباره‌يه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عيراقى فيدراڵى به‌ جددى له‌ هه‌وڵ و په‌يوه‌ندى و گفتوگۆدايه‌. سوپاسى مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵوێستى به‌رپرسارانه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران محه‌مه‌د شياع سوودانى ده‌كه‌ين كه‌ هه‌موو نيازێكى بۆ لێكگه‌‌يشتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نيشان داوه‌. هيوادارين له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى بگه‌ينه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدا بێت.

بۆيه‌ داوا له‌ مامۆستايان و كارمه‌ندانى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكى كوردستان قه‌يران و دواكه‌وتنى مووچه‌ ته‌نگى پێهه‌ڵچنيون، په‌روه‌رده‌ و فێركردن و خوێندنى نه‌وه‌كان، نه‌بێته قوربانيى بارودۆخه‌كه‌، با چيتر ده‌رگه‌ى قوتابخانه‌ و په‌يمانگه‌ و كۆڵيژه‌كان داخراو نه‌بن، له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگادارى دۆخى ژيان و گوزه‌رانى ئێوه‌ين و دڵنيابن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ باشتركردنى ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌.

به‌ڕێزان،

زانكۆ مه‌ڵبه‌ندى زانست و زانين و پێگه‌ياندن و مه‌عريفه‌يه‌، ده‌رچووى زانكۆ ده‌بێ نموونه‌ى كه‌سى سه‌ركه‌وتووى داهێنه‌ر و بنياتنه‌ر، ڕه‌خنه‌گر، ده‌سپێشخه‌ر و خاوه‌ن بيرى كراوه بێت، ده‌بێ بۆ هه‌ر كێشه‌يه‌ك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت، ڕۆڵى له‌ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ردا هه‌بێت. به‌شدارێكى كارای بێت له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى كولتوور و ئاستى هۆشياريى تاك و كۆمه‌ڵگه‌‌.

بۆيه‌ ده‌بێ زانكۆ هه‌ميشه‌ گرینگى به‌ كواليتيى باڵا و ئاستى به‌رزى خوێندن بدات. ئه‌وپه‌ڕى سوود له‌ دوايين پێشكه‌وتنه‌كانى زانست و ته‌كنه‌لۆژيا وه‌ربگرێت و هه‌ميشه‌ به‌ تازه‌ترين ڤێرژنه‌كان، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خۆى نوێ بكاته‌وه‌. گرینگيى تايبه‌ت به‌ بواره‌كانى خوێندنى زانستى و مرۆيى بدات و له‌گه‌ڵ زانكۆ و ناوه‌نده‌ زانستييه‌كانى جيهان له‌ په‌يوه‌ندى و هاوكاريى به‌رده‌وامدا بێت.

مرۆڤايه‌تى ئێستا به‌ ته‌واوه‌تى له‌ جيهانێكى تازه‌دايه‌، ته‌كنه‌لۆژياى تازه‌ و زيره‌كيى ده‌ستكرد ڕۆژانه‌ پێش ده‌كه‌ون و ده‌رفه‌تى جددى و مه‌ترسيى ئاڵۆز له‌گه‌ڵ خۆياندا ده‌هێنن، له‌ بواره‌كانى كيميا و فيزيا و زينده‌وه‌رزانى و زانسته‌ مرۆيى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا به‌رده‌وام نوێبوونه‌وه‌ هه‌يه‌. كێشه‌ و قه‌يرانى جددى وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا، هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسايشى سايبه‌رى، بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌رد و په‌تاى تازه‌، نه‌هێشتنى هه‌ژارى، كێشه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، سياسى، ئابوورى و كارگێڕى‌، به‌رده‌وام ده‌رفه‌ت و ئاڵنگاريى تازه‌ دروست ده‌كه‌ن.

زانكۆكانمان ده‌بێ ناوه‌ندى لێكۆڵينه‌وه‌ى زۆر باشيان هه‌بێت و به‌رده‌وام له‌و بوارانه‌دا خه‌ريكى لێكۆڵينه‌وه‌ بن. له‌ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان و له‌ چۆنيه‌تيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كاندا، ڕۆڵ و به‌شدارييان هه‌بێت. ئێمه‌ ته‌نيا به‌ زانست و زانين و مه‌عريفه‌ ده‌توانين داهاتوويه‌كى باشترمان هه‌بێت و جێمان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ پێشكه‌وتوودا بكه‌ينه‌وه‌، بۆيه‌ هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ بره‌ودان به‌ ئاستى زانكۆكان لێره‌ له‌ زانكۆی سۆران دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

له‌ كاتێكدا ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكى زۆر ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت، ئێمه‌ له‌ عێراق و به‌تايبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش هه‌يه‌. ده‌بێ هه‌موولايه‌ك له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ وردى ڕه‌چاوى هه‌موو ئه‌گه‌رێك بكه‌ين و چى پێويسته‌ بيكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتمان پارێزراو بێت.

ده‌بێ هه‌موومان له‌ عێراق، به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات بخه‌ينه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكى ديكه‌وه‌، ده‌بێ زۆر هۆشيار بين و به‌ هيچ پاساوێك نابێ ڕێگه‌ بدرێت وڵاته‌كه‌مان بخزێته‌ ناو ناكۆكى و ئاڵۆزييه‌كانه‌وه‌ و ببێته‌ به‌شێكى كێشه‌ و ئاشووبه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ زيان و ناسه‌قامگيرى و چاره‌نووسێكى ناديار، هيچ سوودێكى تری بۆ عێراق و بۆ هه‌رێمی تێدا نابێت.

له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكيى سياسى، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان، هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان كۆ بكاته‌وه‌، ته‌نيا پێكه‌وه‌يى و كارى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى و ته‌بايى، ده‌بێته‌ پارێزه‌رى ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانمان.

له‌ كۆتاييدا، ده‌مه‌وێ دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ ده‌رچووان و خێزان و كه‌سوكاريان و له سه‌رۆك و مامۆستايانی خۆشه‌ویست و ستافى زانكۆى سۆران بكه‌م، هه‌روه‌ها پيرۆزبايى له‌ وه‌رگيراوانى ئه‌مساڵ له‌ زانكۆ ده‌كه‌م، پێيان ده‌ڵێم: ئێوه‌ شانستان هه‌يه، چانسێكی زۆر باشتان هه‌یه‌‌ كه‌ له‌ زانكۆيه‌كى سه‌ركه‌وتوو وه‌كو زانكۆی سۆران وه‌رگيراون و درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆتان ده‌ده‌ن، هيوادارم هه‌ميشه‌ ئاوا له‌ سه‌ركه‌وتن و خۆشيدا بتانبينم.
یه‌ك قسه‌ ماوه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌م، پێموایه‌ تۆزێك غه‌درم كردووه‌ له‌ كه‌سێك كه‌ لێره‌ دانیشتووه‌، دكتۆر ئیدریس هادی كه‌ ئه‌و كات وه‌زیری خوێندنی باڵا بوو، ئه‌و كاته‌ی‌ زانكۆی سۆران دامه‌زرا، خۆم ئاگادار بووم چه‌ند هه‌وڵی دا و چه‌ند تێكۆشا و چه‌ند خزمه‌تی كرد، پڕ به‌ دڵ سوپاسی ده‌كه‌م.

ئێواره‌يه‌كى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و هیوادارم په‌نا به‌خوا سه‌ركه‌وتوو بن، ته‌مه‌ندرێژ بن، خوای گه‌وره‌ بتانپارێزێ و سه‌ركه‌وتووتان بكات له‌ خزمه‌تكردن به‌ وڵاته‌كه‌مان، به‌ كوردستان. ته‌مه‌ندرێژ بن و كوردستان هه‌ر ئاوه‌دان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.