Erbil 17°C ھەینی 01 تشرینی دووەم 21:29

ئێران هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌مه‌ریكا و ئیسڕائیل

کوردستان TV
100%

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هۆشداری دایه‌ ئه‌مه‌ریكا و ئیسڕائیل سه‌باره‌ت به‌ له‌ده‌ستده‌رچوونی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌هۆی جه‌نگی نێوان سوپای ئیسڕائیل و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین.

حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند: ناوچه‌كه‌ ئێستا وه‌ك به‌رمیله‌ بارووتی لێ هاتووه‌ و هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامدانی تاوان به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتییانی غه‌ززه‌، دۆخه‌كه‌ به‌ته‌واوی له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێت.

كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك هات له‌گه‌ڵ هاوتاكه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقیای باشوور و گوتی: جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی ته‌لئه‌بیب ده‌كات و به‌ ئاشكرا پشتگیری له‌ حكوومه‌تێك ده‌كات كه‌ هاووڵاتییانی سڤیلی غه‌ززه‌ ده‌كاته‌ ئامانج، هه‌روه‌ها به‌ ئاشكراش ده‌ڵێت هه‌زاران سه‌رباز و فڕۆكه‌ و هاوكاری سه‌ربازیش ده‌گه‌یه‌نین، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌ڵێت ڕێگه‌ ده‌ده‌ین 20 بارهه‌ڵگری هاوكارییه‌كان بگاته‌ غه‌ززه‌.

حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵاهیان گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا به‌ ئاشكرا هاتۆته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك سزایه‌كی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران هۆشداریشی دایه‌ واشنتۆن و ته‌له‌ئه‌بیب و ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانیان به‌رامبه‌ر هاووڵاتییانی غه‌ززه‌ ڕانه‌گرن، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا دۆخه‌كه‌ بته‌قێته‌وه‌ و دووكه‌ڵی جه‌نگ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بگرێته‌وه‌.  

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.