لە سەرەتای هەفتەی ئاییندەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و لە زۆربەی ناوچەکان پێویستتان بە ئامێری فێنککەرەوە نابێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی 09ـی 2023 ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئاماژەی بە دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەکات و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: لە ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە لە ئەنجامی ھەڵکردنی بایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر ناوچەکانمان بە ڕێژەیەکی بەرچاو 3 تاوەکو 4 پلە، پلەکانی گەرمی نزم دەبنەوە و کەشوھەوای ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی فێنکبوونەوە.
ڕاشیگەیاند: لەگەڵ ئەم بارستەھەوایە کە لە ئەنجامی درێژبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاستە لە ڕۆژانی ناوەڕاستی ھەفتەی ئاییندە ڕێکەوتی 2 و 4ـی مانگی داھاتوو ئەگەری ھاتنی شێ و نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما دەبێت لەگەڵ دروستبوونی ھەور و چڕبوونەوەیان لە ناوچەی جیاجیا بەشێوەی نمەباران و بارانی کەم و چالاکبوونی با و لە ھەندێ ناوچەش ھەورەبرووسکە و بارانی مامناوەند لەگەڵیدا چالاک دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە بە دوو قۆناغ پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە، قۆناغی یەکەم لە ڕۆژانی 30ـی 09 و 10ـی 01 بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بەمشێوەیە دەبێت:-
ھەولێر: 32 پلە
سلێمانی: 30 پلە
دھۆک: 31 پلە
ھەڵەبجە: 32 پلە
کەرکووک: 34 پلە
گەرمیان: 36 پلە
ڕاپەرین: 32 پلە
سۆران: 31 پلە
ئەو شارەزایەی کەشناسی سەبارەت بە قۆناغی دووەم ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕۆژانی 2 و 4ـی مانگی داھاتوو دەبێت، کە بەھۆی ھەور و بوونی باران پلەکانی گەرما بەراورد بە قۆناغی یەکەم 2 تاوەکو 3 پلەی دیکە نزمتر ئەبێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان پێویست بە لابردنی ئامێرە فێنککەرەوەکان دەکات و کەش تاڕادەیەک لە ڕۆژدا فێنک و شەوان سارد دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.