Erbil 19°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 17:22

وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئەیلول دەكات

کوردستان TV
100%

 ئەمڕۆ یەكشەممە 17-9-2023، وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی حكومەتی عێراقی بۆ مانگی ئەیلول ڕاگەیاند.
وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، دوای تەواوكردنی سەرجەم ڕێكارەكانی پەیوەست بە پرۆسەی خەرجكردنەكە، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكردووە بە ڕێكارەكانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئەیلول. 
هەروەها وەزارەتەكە داوای لە هەموو یەكەكانی خەرجكردن لە وەزارەتەكانی حكومەت و پارێزگاكانی عێراق و لایەنە ناپەیوەندیدارەكان كردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بكەن بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی خەرجكردنی مووچە.
دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلولی مووچەخۆرانی عێراق لەكاتێكدایە كە هێشتا حكومەتی عێراق مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە.
دوای سەردانی شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی،سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە هەفتەی رابردوودا ، وابڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سوودانی ،سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر پێشنیازی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدات.
شایانی باسە شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان،لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا پێشنیازی كردووە بۆ مانگەكانی (7 تا 12ـی ئەمساڵ) حكومەتی عێراق ،مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.