Erbil 5°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:31

به‌یتۆجان ..ده‌نگه‌ برینداره‌كه‌ی كوردستانی توركیا

(1955_2023) ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی به‌دڵ خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد ...
کوردستان TV
100%

سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو دژواری و نه‌هامه‌تی و چاره‌ڕه‌شییه‌ به‌رۆكی نه‌ته‌وه‌ی كوردی له‌هه‌رچوارپارچه‌كه‌ گرتووه‌، كه‌چی هێشتا  نه‌ته‌وه‌یه‌كی  خۆڕاگر و هه‌رزیندووه‌ ، یه‌كێك له‌ هۆكاری زیندوو مانه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌، هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی یه‌ ، هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌ ده‌نگبێژ و ژه‌نیاره‌وه‌ به‌رده‌وام تێكۆشاون و له‌خه‌می به‌رزڕاگرتنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان بوون و پاراستوویانه‌، به‌ده‌نگ هونه‌ره‌كه‌یان به‌رپه‌رچی دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستانیان داوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌سه‌نگه‌ری خۆڕاگری دابوون، زۆر له‌و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆز و خه‌مخۆر و خاوه‌نی هه‌ستی  نه‌ته‌وایه‌تی ، له‌لایه‌ن داگیركه‌ره‌وه‌ له‌هێلانه‌كه‌یان دوور خراونه‌ته‌وه‌‌ و نه‌یانهێشتووه‌ به‌كامی دڵ له‌ناو زێد و هاوزمان و كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی خۆیاندا به‌ئازادانه‌ تێبچریكێن و گۆرانی بۆ عه‌شق و ئازادی بخوێنن ..؟!
سه‌ره‌ڕای ته‌ره‌ و ئاواره‌بوون  له‌تاراوگه‌ هونه‌رمه‌نده‌ بوێر و دڵسۆزه‌كانی هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ی گه‌له‌ چه‌وساوه‌كه‌یاندابوون ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو له‌مپه‌ره‌ زۆرانه‌ی به‌رده‌می ژیانیان له‌ غوربه‌ت  دا ، كه‌چی  به‌گه‌رووی پڕ هه‌ستیان گۆرانی و سروودیان بۆ ئازادی  خاك و نیشتمانی كورد خوێندووه‌، 
هونه‌رمه‌ندێك (32) ساڵ له‌زێده‌كه‌ی دوورخراوه‌ته‌وه‌، له‌كیشوه‌رێكی دیكه‌وه‌ به‌ئازار و خه‌می گه‌له‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ڕۆژی (12/9/2023)  به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ژیانئاوایی ده‌كات و سه‌رده‌نێته‌وه‌ و گۆڕ غه‌ریب ده‌بێت ، هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان ، له‌ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا چاوه‌كانی بۆهه‌میشه‌ داخست ، 
به‌یتۆجان له‌ دیاربه‌كره‌وه‌  بۆ ستۆكهۆڵم ...؟! 

كوڕه‌ كوردێكی ده‌نگبێژ و خاوه‌ن گه‌روویه‌كی كوردانه‌، به‌شێوه‌ زاری كرمانجی سترانی چڕی ، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌م ده‌نگخۆشه‌ پڕ ئاوازه‌ خه‌مانگێزه‌ له‌هێلانه‌كه‌ی هه‌ڵیده‌فڕێن و له‌هه‌موو پیرۆزییه‌كانی زێده‌كه‌ی بێ به‌شی ده‌كه‌ن ..! 
به‌یتوڵا گونه‌ری ، ناوی ته‌واوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ بریندار و پڕ سۆزه‌ هونه‌ری یه‌ ، له‌نێو هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان دا به‌ هونه‌رمه‌ند ( به‌یتۆ جان) ناسراوه‌ ،
له‌ڕێكه‌وتی ( 1 ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1955) له‌ ده‌ڤه‌ری ( فارقین) ی سه‌ربه‌شاره‌ شیرینه‌كه‌ی 
( دیاربه‌كر) ی كوردستانی توركیا كوردستان له‌دایكبووه.(1).  
هیچ گومانی تێدانییه‌ ئه‌م كوڕه‌ كورده‌ خاوه‌ن زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووره‌ دێرینه‌، له‌زێده‌كه‌ی به‌ئارامیی نه‌ژیاوه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی داگیركاری ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ژێر زه‌برو زه‌نگ و گرتن و چاوسووركردنه‌وه‌ی قه‌ره‌وڵه‌كانی سوپای داگیركه‌ری توركدا ئازاری چه‌شتووه‌، 
مامۆستا (هێمن ،1921_16/4/1986) شاعیری به‌رزی كورده‌واری له‌ هۆنراوه‌ی ( فرمێسكی ڕونوو) دا ده‌ڵێت  :
( نایه‌ڵن ئاسووده‌ دانیشم له‌لاپاڵی چیام
قاسپه‌ قاسپی خاسه‌كه‌ و بێ ، گرمه‌یی مینم ده‌وێ ؟
ئاره‌زوومه‌ هه‌رچی ئینسانه‌ به‌ئازادی بژی
چۆن گه‌لی داماو  و دیل و مات و خه‌مگینم ده‌وێ ؟ ) (2). 
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌ ( به‌یتۆجان) گرفتاری چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تییه‌ بووه‌ و به‌هه‌ست و توانایه‌وه‌ وه‌ك كوردێكی سته‌م لێكراو تێكۆشاوه‌،  ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كارێكی یاساغ و بڤه‌یه‌، 
 به‌یتۆجان له كاتی  كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی ‌ساڵی (1980) ، واته‌ له‌ڕێكه‌وتی (12/9/1980) هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی توركه‌وه‌ ده‌گیرێت و سزای (15) ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت، 
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌، ماوه‌ی (6) ساڵ و (5) مانگ له‌ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندان دا ژیان به‌ڕێ ده‌كات، پاشان له‌ڕێی لێبوردنه‌وه‌ له‌ساڵی (1987) له‌زیندان ئازاد ده‌كرێت، 
به‌یتۆجان دوای سێ ساڵ له‌ئازادبوونی ، واته‌ ساڵی (1990) یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی به‌ناوی ( ته‌ نادن من)  به‌زمانی شیرینی كوردی بڵاوده‌كاته‌وه‌، مه‌خابن داگیركه‌رانی كورد هه‌میشه‌ له‌زمان و كه‌لتووری كورد ترساون ، هه‌روه‌ك چۆن ( نازم حیكمه‌ت)  له‌هۆنراوه‌ی ( لێناگه‌ڕێن) دا ئاماژه‌ی پێداوه‌ له‌هه‌موو شتێك ده‌ترسن :
( دەممان ئەگرن لە گۆرانی، ئەی هەواڵ
 ئەی بولبولم، ئەی بولبولی هەڵۆ باڵ
 لێناگەڕێن گەروو پڕكه‌ین لە ووتن
 هەی لە بەربەیـان ئەترسن و لە بیستن
 لە بینین ‌و لە لێ ‌کەوتن ئەترسن
 ئەترسن، ئای ئەترسن لە خۆشویستن ئەترسن لێناگەڕێن وەکو فەرهاد پەیمان ببەستن هەی
 لە دەنک و ئای لە تۆوی گوڵ ئەترسن
 لە ئامانج و لە هیوامان ئەترسن
 لە گشت شتێک، لە خوڕەی ئاو ئەترسن
 لێناگەڕێن گەروو پڕكه‌ین لە وتن هەی
 لە بەربەیـان ئەترسن و لە بیستن..!)  (3) 
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی توركه‌وه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ی به‌یتۆجان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت و فشاری ده‌روونی ده‌خرێته‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند، 
له‌ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند به‌یتۆ جان ، به‌ناچاری وڵات جێ دێڵێ و خۆی ده‌رباز ده‌كات و له‌وڵاتی ( سوید) ده‌گیرسێته‌وه‌، 
هونه‌رمه‌ند له‌ئه‌وروپا درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دا و به‌شداری مه‌راسیم و ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان به‌تایبه‌ت جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌كات ، له‌ڕێی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار به‌رهه‌م و سترانه‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه‌، 
هونه‌رمه‌ند  چه‌ند سترانێكی خۆش و دیاری هه‌یه‌ وه‌ك ( جانێ ، ئه‌زبمرم ، لۆ دلۆ  و ئاگر كه‌تیه‌ دلێ من) 
سترانی ( ئاگركه‌تیه‌ دلێ من) یه‌كێكه‌ له‌ گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان و بۆته‌ ناسنامه‌ی هونه‌ریی ، ئه‌و گۆرانییه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكه‌وه‌ دووپاته‌ كراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ( زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵڵا و ئیبراهیم تاتڵیس) .
هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان،  دوو جار له‌وڵاتی سویده‌وه‌  سه‌ردانی شاری هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ ، جاری یه‌كه‌م ساڵی (2009) له‌كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس به‌رنامه‌ی هونه‌ریی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدرا، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی (2020) سه‌ردانی دووه‌می بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و به‌شداری له‌چه‌ند به‌ر‌نامه‌یه‌كی هونه‌ریدا كردووه‌ و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی  به‌گۆرانی یه‌ ناوداره‌كه‌ی ( ئاگركه‌تیه‌ دلی من) دڵی ئاماده‌بووان و بینه‌رانی كه‌ناڵه‌كانی خۆشكردووه‌(4) .
 هونه‌رمه‌ند به‌یتۆ جان  له‌دوای خۆی چوار ئه‌لبومی سترانی پێشكه‌ش به‌گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كردووه‌ ، به‌رهه‌مه‌ ناوداره‌كانی هونه‌رمه‌ند بریتین له‌  :
( یان مرن یان دیاربه‌كر  ، 21ی ئادار ، ته‌ناده‌ن من  و  ئه‌تونا دلێ من) .
دوای به‌سه‌ربردنی (23) ساڵ ژیان له‌تاراوگه‌ ، هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان ده‌رفه‌تی بۆده‌ڕه‌خسێ ، له‌ساڵی ( 2014) به‌سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری (ئامه‌د) و له‌لایه‌ن خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌ناوی( فه‌رحه‌ داغ ) و ( موحه‌ڕه‌م جه‌به‌) به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتیاری و شاره‌وانی ئامه‌د و هونه‌رمه‌ند ( فارقین) پێشوازی گه‌رمی لێده‌كه‌ن  و به‌زێده‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه‌ و له‌نێو زێده‌كه‌یدا ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی له‌ڕێی كۆنسێرتێكه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌ جه‌ماوه‌ر و هه‌وادارانی هونه‌ره‌كه‌ی  (5).
هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان ، له‌نێو هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی كه‌سێكی خۆشه‌ویست و به‌هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی كورد ناویان بردووه‌، له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی (2020) هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان دووچاری نه‌خۆشیی ( شێرپه‌نجه‌) بووه، دوای ووردبینی و پشكنین له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌ ، له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوید، نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ ده‌كرێت و به‌شێك له‌ (چه‌ناگه‌) ی لێده‌كرێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری بووه‌ له‌سه‌ر ئاخاوتنی،  دوابه‌سه‌ربردنی ماوه‌ی سێ ساڵ ، ژیانێكی دژوار و پڕ ناڕه‌حه‌تی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌وه‌، 
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (12/9/2023) ، له‌ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا له‌ستۆكهۆڵم هونه‌رمه‌ند
( به‌یتۆ جان) ، ژیانئاوایی له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان  و ئازیزانی ده‌كات.‌ 
به‌داخه‌وه‌ دوای (32) ساڵ ئاواره‌یی و به‌سه‌ربردنی ژیان له‌تاراوگه‌ به‌هیواو ئومێدێكی زۆره‌وه‌، ده‌خرێته‌ ئامێزی خاكی وڵاتی سوید و گۆڕ غه‌ریب ده‌بێت. 
ڕۆحی شاد و ناو و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌رده‌م به‌رزو زیندو بێت .
جه‌مالی ده‌لاك  (13/9/2023) هه‌ولێر. 
 سه‌رچاوه‌ :
(1 و 5)ویكیپیدیا ،،،، هونه‌رمه‌ند به‌یتۆجان.
(2) دیوانی هێمن ، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌ شیعریه‌كانی مامۆستا هێمن  ، لاپه‌ڕه‌( 360) 
(3)  گۆرانی  لێناگه‌ڕێن  ،  به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌نی ده‌رزی)  ، هۆنراوه‌ی ( نازم حیكمه‌ت)  وه‌رگێڕانی بۆسه‌ر زمانی كوردی مامۆستا ( گۆران) .
(4) سایتی  باس نیوز ، ( 14/11/2020).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.