Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 11:44

شنیار محەمەد: شانۆ تاكە ڕێگایە بۆ گەیاندنی هەر پەیامێكی مرۆڤایەتی 

کوردستان TV
100%

ئەو لە ناوپەیمانگە هەمیشە جیاواز بوو لە ئەوانی تر ،بەهۆی نواندنەكەیەوە توانی جیاواز دەركەوێت چونكە عەشق و  ئارەزووێكی شێتانەی بۆ هونەری نواندن هەبوو، ئەم خاتوونە "شنیار محەمەد شێروان" لە زۆربەی چالاكییەكانی ناو پەیمانگا و دەرەوەی پەیمانگا، بەشداری كارای هەبوو، بەمەبەستی ئاگادار بوون لە كارو چالاكییەكانی لە نزیكەوە،لەرێگەی چەند پرسیارێكەوە وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی بەسەرمان كردەوە. 
* سەرەتا ئەگەر بگرێت بەكورتی باس لە ژیانی هونەری خۆتان بۆ خوێنەرامان بكەیت.  
- سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ماڵپەڕی كوردستان تیڤی سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە، من هەر لە منداڵییەوە خولیای شانۆ و هونەریم هەبووە، هەروەها بەژداری چەندین شانۆگەری منداڵانم كردووە و هەروەها دوای ئەوەی پەرەم بە خوێندنەكەمدا لەگەڵ ئەوەشدا خولیای هونەریم زیاتر و زیاتر بوو بەهۆی ئەو شانۆگەرییانەی بەژداریم دەكرد ،بۆیە بڕیارم دا بڕۆمە پەیمانگای هونەرە جوانەكان و پەرە بە هونەرەكەم بدەم.
* بابزانین چۆن بوو جیهانی هونەری شانۆت هەڵبژارد؟
- خولیای منداڵی خۆم بوو زۆر زجار لە ماڵەوە لاسایی ئەندامانی خێزانەكەم دەكرد ،بۆیە هەستێكی تایبەتم هەبووە بۆ نواندن و  شانۆ، هەستم بەوە دەكرد كە بەهرەی هونەری نواندنم هەیە، ماڵەوەو هاورێكانیشم هاندەر بوون بۆ ئەوەی  بێمە نێو جیهانی شانۆ.  
* ئەو كەسانە كێ بوون كە پاڵپشت و هاندری تۆ بوون ؟
- خێزانەكەم پاڵپشتیان كردووم بە تایبەتی دایكم زۆر یارمەتیدەرم بووە و هەروەها چەند كەسێكی نزیكی خۆم هەمان بەشی شانۆیان تەواو كردووە، بۆیە هەردەم هاوكارو هاندەرم بۆ ئەوەی بتوانم كاری هونەری نواندن بكەم.
* ئەو هونەرمەندانە كامەن، كە كاریگەرییان لەسەر تۆ هەبووە، یاخود بە هونەرەكەیان سەرسامیت؟
- بێگومان  زۆرێك لە هونەرمەندان كاریگەریان لەسەر من هەبووە ،بۆنموونە هونەرمەندی ناوداری كورد مامۆستا "ئەحمەد سالار " كە سەرسامی كردووم بە نواندنە تایبەتەكەی خۆی هەروەها لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی دیكە لە كوردی ڕۆژهەڵات وەك " نەڤید محمد زادە " كە بینەرێكی سەرسەختی ئەوم. 
* تاچەندپەیمانگای هونەرە جوانەكان رۆڵی هەبووە لە پێشڤەچوونی توانستی تۆ لە بواری نواندن؟
- بە دڵنیایەوە پەیمانگا ڕۆڵێكی باشی هەبووە لە پەرەپێدان و پێشڤەچوونی هونەرەكەم و مامۆستاكان بەهەمان شێوە یارمەتیدەرم بوونە ، بۆ ئەوەی ئەوبەهرە هونەرییەم بە شێوەیەكی ئەكادیمی پێشكەش بە بینەرانی شانۆ بكەم. 
* بەنیاز نیت دوای پەیمانگا لە كۆلیژی هونەرەجوانەكان بەردەوامی بە خوێندنی ئەكادیمی خۆت بدەیت.
- بەڵێ بێگومان لە پڕۆژەمدا هەیە كە ئەمساڵ بچمە كۆلێژی هونەرە جوانەكان  بۆ پەرەپێدانی هونەر و تواناكانم ،چونكە هونەری شانۆ وە هونەر بەگشتی وا لە هونەرمەند دەكات، زیاترهەوڵی فێربوون بدات  شارەزای زیاتری رێچكەكانی شانۆ بێت. 
* زۆرێك لەو ئافرەتانەی كاتێ پەیمانگا تەواو دەكەن لە كاری هونەری دووردەكەنەوە هۆكارەكەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
- بە بۆچوونی خۆم هۆكار زۆرن  بۆنموونە: هەندێ لەو خاتوونانە كاتێ  دەچنە پڕۆسەی هاوسەرگیری و ژیانی خۆیان بنیاد دەنێن، چونكە ئافرەت مەسولیاتی تایبەتی خۆی لەسەر دەبێت ، لەبەر ئەوە كاتی بۆ شانۆ نابێت، چونكە شانۆ كاتی تایبەتی خۆی و حەز و خولیای خۆی هەیە، بەداخەوە هەندێكیان كاتێ دێنە پەیمانگا، ئامانجیان تەنیا بڕوانامەیە بۆ كاتێ بڕوانامەی دبلۆمی هونەری بەدەست دەهێنن، لە هونەر دوور دەكەونەوە.
* لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەكەت هەیە؟
-لە ئێستادا جگە لە خوێندنەكەم هیچ پڕۆژەیەكی دیكەم نییە، بەڵام لە داهاتوودا هەوڵدەدەم هۆڵێكی تایبەت بە شانۆ بكەمەوە، بۆ ئەو كەسانەی خولیای هونەرییان هەیە، پەرە بە هونەرەكەیان بدەن.
* ئێمەش هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوونت بۆ دەخوازین سوپاس بۆ ئەو دەرفەتەی  بەئێمەت بەخشی
-منیش دووبارە سوپاستان دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە لە كۆتاییدا دەڵێم هیوادارم ئەو كەسانەی لە بواری شانۆدا هەن، هەرگیز سارد نەبنەوە لەو هونەرەدا، چونكە شانۆ تاكە ڕێگایە بۆ گەیاندنی هەر پەیامێك، یاخود ئاماژە پێكردنە بۆ چارەسەر كردنی هەر كێشەیەك لە شارەكەماندا هەبێت، چونكە بەڕاستی شـــانـــۆ هونەرێكی پیرۆزە ، تاكە ڕێگاشە بۆ گەیاندنی هەر پەیامێكی مرۆڤایەتی .

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس


 

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.