Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 09:21

شادان عەلی: شیعرەكانم چێژێكی تایبەتیان هەیە

ئەوەی شیعرەكانم بخوێنێتەوە هەوڵ دەدات شیعری كەش بخوێنێتەوە
کوردستان TV
100%

كەمن ئەو كەسانەی بتوانن لە چەندین بواری ئەدەبی و هونەری و مافی مرۆڤ سەركەوتووانە ئەسپی خۆیان تاو بدەن، خاتوو(د.شادان عەلی) لە چەندین بوار وەكو شیعر و هونەری شێوەكاری ومافی مرۆڤ ،بەشداری چالاكانەی هەیە شوێن پەنجەیان دیار وبەرچاوە ،شیعرەكانی بۆ سەرچەندین زمانی جیهانی وەرگێردراون، ئەندامی سكرتاریەتی باڵوێزی ئاشتی جیهانی و منداڵان و ئەندامی مافەكانی مروڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكانە هەر بەهۆی ئەو كارانەیەوە چەندین جار لە سەر ئاستی كوردستان و جیهان خەڵات و رێزلێنانی بۆ كراوە،بە پێوستیمان زانی  بۆ زیاتر ئاگاداری بوون لە كار و چالاكییەكان لە نزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان وەكو ماڵپەری كوردستان لەگەڵیدا ئەنجام دا.
*ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرامان باس لە ژیانی هونەری و ئەدەبی خۆتان بكەیت
- من ناوم(شادان عەلی ئەحمەد)-ە  لە شاری سلێمانی لەهەرێمی كوردستان  لە دایكبووم، هەر لەم شارەدا خوێندم تەواو كردووە،پاش تەواو كردنی خوێندن ،ساڵی 2003 وەك فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانەی گشتی سلێمانی دامەزراوم،  لە 2005وە چەندین كۆرو پێشانگای كتێبی ناوخۆیی  و نێودەوڵەتیدا لەبەڕێوەبەرایەتی كتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری وەكو ئەندام و سەرپەرشتیار هەتا ئێستاش كارم كردووە و بەردەوامم.
 خاوەنی ( دوو سیدی)  شیعریم  یەكەم ساڵی 2016 و سیدی دووهەم لە ساڵی 2018  چەندین كۆڕی شیعری تایبەت و هاوبەش لەناوخۆو دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە،هەروەها بەشداری  چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی شێوەكاری لەناوخۆو دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە.
ئەندامێتی سكرتارییەتی باڵوێزی ئاشتی جیهانی و منداڵان و ئەندامێتی مافەكانی مروڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها سەرۆكی دەوڵەت ( خانەی ژنان )م لەنەتەوە یەكگرتووەكان / عێراق وەرگرتووە.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی  هەریەك لە گۆڤارو ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی ( هونەرو دیزاین)م بەناوی (IJRAD) بەڕەسمی لەوڵاتی هیندستان دەردەچێت ،لە ساڵی 2022 وەك هاوكاری ( هونەرمەندانی بێسنور) لەشاری هامبورگی ئەڵمانیاو شاری كالیفورنیای ووڵاتە یەكگرتوە كان كاردەكەم،ناوم لەكتێبی ئافرەتە ناودارەكانی كورد لەنووسینی مێژوو نووسی كورد نوسەر علی خەزنەدار لەبەشی چوارەم و پێنجەمدا هاتووە ئەم كتێبەش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی ساڵی چاپ 2021
خەڵاتی باشترین كەسایەتی ساڵانەم پێبەخشراوە لەوڵاتانی  ئەمەریكاو ئەورپاو ئاسیاو عەرەبیدا.
هەروەها گروپی وەرگێڕانی بێسنور ( فریق الترجمە بلا حدود ) كەپیكهاتووە لەچەندین وەرگێری بەتوانا كە كار لەسەر وەرگێڕانی شیعر دەكەن، لەم بوارەدا چەند شیعرێكم بۆ سەر زمانەكانی عەرەبی و ئیسپانی و پرتوگالی و ئینگلیزی و ئەمازیغی وەرگێراوە،نووسینەكانم لەپێناو ئەركەكانی پەروەردەیی بۆ ئاشتی و مافەكانی مرۆڤ  هەروەها چەندین بڕوانامەی دكتۆراو باڵوێزی ئاشتی جیهانی و مرۆڤایەتیم لە ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی  وەرگرتوو .
*باشە ئەگەر بكرێت ،ئاماژە بەو ڕێكخراو وڵتانە بدەیت كە بەرێزتان كارت تیا كردوون؟ 
- بێگومان زۆرن هەر لە هەرێمی كوردستان ، وڵاتی عێراق ،توركیا، ئۆكرانیا ،هندستان ، ئیتاڵیا ،سویسرا ،میسر ، بەرازیل ،ئەڵمانیا ، بنگلادیش ، یابان ، فلیپین ، تورینتۆ(كەنەدا)، پاكستان ، پەكین ، فەرەنسا، كۆڵۆمبیا ، ئوسترالیا ، هۆڵندا ، مەكسیك ، پۆڵندا، ڕێكخراوی یونسیفUN و خاچی سوری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوەكانی ئاشتی نێودەوڵەتی لەوڵاتانی سویسراو ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ڕۆمانیا ، ئەمەریكا ، فلۆریدا ، ڕوسیا ،ئەفەریقا، مەغریب ، هەنگاریا ، یونان ، بەلجیكا، ئەلبانیا ،فەڵەستین ، قەتەر ئەرجەنتین ، ئەندەنوسیا، سوریا ،یەمەن ، ئەردەن ، نەرویج ،فرانكفۆرت ، یەكگرتوی ئەوروپا، لیبیا، جەزائیر، كوەیت ،لوبنان ، تونس، تەكساس ،شیلی. 
*بەرێزتان لە بواری شیعر نووسین خاوەن چەندین شیعرن و چۆن تێكەڵی ئەم جیهانەی شیعر بوون؟
- تێكەڵ بوونی شیعر لەناو ڕۆحدا هەڵدەقوڵێ نازانی كەی تێكەڵ دەبیت، بەڵام ئەوەندە دەزانیت لە ساڵێكدا بەرهەمێكت بۆ یەكەمجار نوسیووە دەبێتە سەرەتای نووسینی شیعری .
ئاوێتەبوونی من لەگەڵ شیعردا دەگەرێتەوە بۆ منداڵیم  هەر بۆیە لەئێستادا شیعرەكانم چێژێكی تایبەتی هەیە ئەوەی شیعرەكانم بخوێنێتەوە هەوڵ دەدات شیعری كەش بخوێنێتەوە .
شیعر جۆرێكە لە ئەدەب كە ئامانجی ئەوەیە وەڵامێكی هەستی لە خوێنەردا بهێنێتەوە لە ڕێگەی زمانێكەوە كە هەڵبژێردراوە و ڕێكخراوە بۆ مانا و دەنگ و ڕیتم.
شیعر بە جۆرێك لە ئەدەب یان نووسینی هونەری پێناسە دەكرێت كە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تەكنیكە جۆراوجۆرەكانی شیعرییەوە هەست و خەیاڵی خوێنەر ڕابكێشێت.
شاعیر تێكەڵەیەك لە ڕیتم، هەڵبژاردنی وشە، دەنگ، هێماو وێنە، پێكهاتە و زیاتر بەكاردەهێنێت بۆ دروستكردنی پارچەیەك لە نووسین كە هەستەكانی خوێنەر دەجوڵێنێت.
شیعرەكان بە چەندین شێوە و شێوازی جیاواز دێن و زۆرجار دەقەكە جیادەكرێنەوە بۆ پەڕەگرافێك كە پێی دەوترێت ستانزا.
، ستانزا (بە ئینگلیزی: Stanza) بریتییە لە كۆمەڵێك دێڕ لەناو شیعرێكدا،  ستانزا دەتوانێت ڕیتمی ڕێك و پێكی هەبێت .
هۆنراوە بە زۆری دەربارەی بابەتێك یان بابەتێكی دیاریكراوە. هەندێك لە باوترین ئەو بابەتانەی كە شاعیر دەربارەیان دەنووسێت بریتین لە (خۆشەویستی، سروشت، هاوڕێیەتی، خێزان، ئاژەڵ، گەورە بوون و پیربوون، چاكە بەرامبەر خراپە ،گەورەبوون و پیربوون،ئازایەتی و ئازایەتی،پێشبینی ، جەنگ...)
هەر بۆیە منیش لەنووسینی ئەمانە بێبەش نیم ،چەندین شێوەی شیعر هەیە و هەندێك شاعیر لەوانەیە تێكەڵەیەك لە دوو یان زیاتر بەكاربهێنن، یاساكانی فۆرمێكی دیاریكراو بشكێنن، یان بە توندی پابەند بن بە یاساكانی فۆرمەكەوە. هەر شیعرێكیش جیاوازە و شێوەیەك بەكاردەهێنێت بۆ نوسینی گێڕانەوەی  چیرۆكێكی خەیاڵی یا واقعی هەتا بەڕوونی پەیامەكانی شاعیر لەڕێگەی شیعرەكەیەوە بگاتە شوێنی مەبەست. 
*ئایا هیچ بەرهەمێكی چاپكراوی شیعرت هەیە، تائێستا شیعرەكانت بۆ چەند زمانی جیهانی وەرگێردراون؟
- بەڵێ بەرهەمی چاپكراوم هەیە بەناوەكانی كتێبی" تۆدڵمی یا خاكی نیشتیمان" تایبەتە بەشیعر ، "كتێبی زیوا "، كتێبی زیوا یەكێكە لەكتێبە دەگمەنەكان تایبەت لەهەرێمی كوردستان كەتوانیومەوەكو یەكەم هونەرمەندی شێوەكارو شاعیر ئەم كتێبە بەرهەم بهێنم كە پێك هاتووە لە30 پارچە شیعرو 30 تابلۆی شێوەكاری  واتا شیعرێك بۆ تابلۆیەك نوسراوە، جگە لە جەندین نوسین لەناو ئەم كتێبەدا.
لەئێستاشدا كتێبێكی ترم لەبەردەستدایە لە كاری دیزایندایە ئەم كتێبەشم تایبەتە باچاپ بكرێت لەكاتی خۆیدا باسی بابەتی ناوكتێبەكە دەكەم.
*شیعرەكانت بۆ سەرچەندین زمانی بیانی وەرگێردراوەن،ئەگەر زیاتر روونكردنەوەی لەسەر بدەیت؟ 
- ئەوەی راستی بێت چەند وەرگێرێكی باش كاری وەرگێریان بۆ كردووم بەتایبەت بۆ سەر زمانەكانی زمانی هۆڵەندی ، ئیسپانی ،ئەلبانی، هەنگاری، بولگاری ،فەڕەنسی ،ڕوسی، كوڵومبی، چینی ،ئینگلیزی، مەكسیكی ، تەكساس  ،ئەمەریكی، ئەمازیغی ، توركی ، عەرەبی ، یۆنانی و ..هتد 
*بابزانین چۆن ئاوێتەی هونەری شێوەكاری بوویت ،زیاتر لەسەر چ قوتابخانەیەك تابلۆكانت نیگار دەكەیت؟
- زیاتر كار لەسەر هونەری ئۆڵتراڕیالیزم و تعبیری دەكەم ،چونكە من دەمەوێت لە هونەرەكەمدا پەیام بگەیەنم تا بگاتە شوێنی مەبەست ،هونەریش بۆخۆی بەهرەیەكە چۆنت بوێت دەتوانی كاری لەسەر بكەیت.
*بەرێزتان خاوەنی چەندین بڕوانامە و خەڵاتی نێو دەوڵەتین ئەگەر تیشك بخیتە سەرەیان؟
- ڕاستە  خاوەنی چەندین بڕوانامە و خەڵاتی نێو دەوڵەتیم ،من وەكو ئەندامی باڵوێزی ئاشتی جیهانی لە ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی ئاشتی جیهانی و مافی مرۆڤم 
لەبەر ئەوەی من لە 3 بواردا كاردەكەم لەهەرسێ بوارەكەشدا زۆر سەركەوتووم هەرسێكیشیان پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە وەكو بواری نوسین وشیعر ،هونەری شێوەكاری ، مافی مرۆڤ،هەربۆیە ئەم ڕێكخراوانە پەیوەندیان پێوەكردم سەرەتا بە كارو چالاكی دەستم پێكرد پاشان قبوڵكرام و لە زانكۆی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بەشی مافی مرڤ و بەشی هونەری وبەشی ئەدەب و وێژەو كولتور دەستم پێكرد لەپاش دووساڵ توانیم بڕوانامەی دكتۆرا بەدەست بهێنم پاشان ڕێگەیان بۆ ئاسان كردین كە ڕێكخراوەكەمان بەپێی پرۆتۆكۆلی نێو دەوڵەتی  هەوڵیداوە ئەو بەهرەو توانایەی كەهەمانە لەگەڵ وڵاتاندا  بەتواناتربێت  بۆ گرێدان و پێكەوەبەستنی هەموو هونەرمەندو شاعیرە چالاك و بەتواناكانی جیهان هەندێ جار بە بەرنامەی ڕاستەوخۆی گوگڵ یان  ئەگەر كارەكە خێراتربڕوات و مەبەست بێت و كات كەم بێت بە ئونلاین بەشداردەبین  بۆ گفتوگۆكردن لەنێوان یەكتریداو بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ئەدەبی  هەتا زیاتر سود مەندبین بۆ كاری باشتر و ئاشنای هونەری وڵاتانی دەرەوە بین..هەر لەم ڕێگەیەشەوە گرێبەستمان بۆ دەكەن لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتانی بەریتانیا وئیتاڵیاو سویسراو چین و ئەڵمانیاو عێراق و دانیمارك و ....هتد
دەتوانم بڵێم بانگهێشتنامەی  فەرمی بۆ وڵاتانی دەرەوە لەسەر ئەستۆیی ڕێكخراوەكە  بۆ پێشانگاو سیمینارو كۆری شیعری دەكەن چونكە كار لەسەر ئاشتی هەموو جیهان دەكەین
بەردەوامیش لەكاروچالاكیداین پەیوەندییەكی زۆرپتەومان لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری وڵاتی میسردا هەیە كە هەندێ كاری بۆ ئاسان كردووین تا بەردەوامبین لە كارەكانمان، هەندێك جار بڕوانامەكان لەرێگەی نووسینەوە دەنێرن و دەگاتە دەستمان.
*زۆرێك لە بڕوانامەكانت لە تۆڕی كۆمەڵاتییەكان بڵاودەكەیتەوە مەبەست چییە لە بڵاوكردنەوەیان؟
- من هەندێكیان بڕوانامەكان لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاودەكەمەوە . تەنها بۆ ئەوەی هاوڕێیان و خوێنەرانیش  ئەو بڕوانامانە ببینن  بۆ دوو مەبەست یەك بۆ هاندانیان بۆكاری هونەرو ئەدەب، ئەوی تریشیان بۆ بینینی شێوازو ئاشنابوونی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی چونكە لەم ڕێزلێنانانە لێرە نیە  هەتا ئەوانیش بێبەش نەبن لەبینینیان ئاشانی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی بن. 
*جگە لە بواری هونەر و ئەدەبدا لەچ بوارێكی تری كۆمەڵایەتی كار دەكەیت؟
- لەبواری مافی مرۆڤیشدا كار دەكەم  بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانیان بەشێوەیەكی ئاشتیانە  كە مرۆڤ وەك مرۆڤ سەیر بكرێ و ڕێزی لێبگیرێت لەهەرشوێنێكی سەر ئەم زەوییە جیاوازی نەكرێت لەنێوان ئاین و كەمەنەتەوەیەكان ، جیاوازی نەكرێت لە نێوان مرۆڤی سپی پێست و مرۆڤی ڕەش پێست  هەروەها بێ كێشەی سیاسی و ژیانێكی شایستەیان بۆ دابینبكرێ و پڕبێت لەئومێد و هەرچی پێویستیان هەیە بەپێی توانا یارمەتیان بدرێت چونكە مرۆڤ شایەنی ڕێزلێگرتنە دەتوانم بڵێم ئەدەب و  هونەر و مافی مرۆڤ 3 سێ بوارن بەڵام لەیەك بواردا كۆمكردونتەوەو كاریان لەسەر دەكەم.
*هیچ هەماهەنگیت لەگەڵ  هونەرمەندان و نووسەرانی كوردستان دا هەیە؟
- بەڵێ زۆریش هەماهەنگیم لەگەڵ هونەرمەندان و نوسەرانی كوردستان هەیە چالاكی زۆریشم لەناو كوردستاندا هەبووە بەشداریم لە چەندین پێشانگای  تایبەت و هاوبەش وكۆری شیعری تایبەت و هاوبەشدا كردووە بەردەوامیش دەبم لە چالاكیەكانم،ئەندامی سەندیكای هورنەندانی شێوەكارنی كوردستان لقی سلێمانم. 
*ئاستی هونەری شێوەكارانی كورد لەگەڵ ئاستی شێوەكارانی جیهان چۆن دەبینیت؟
- شێوەكارانی كوردیش هیچیان لەشێوەكارانی وڵاتانی دەرەوە كەمتر نیە ڕاستە شێوەكاری وڵاتان زۆر بەتواناو باشن  لەگەڵ ئەوەشدا ڕێكخراوێك یا ئەكادیمیایەك هاوكاریان دەبێت و كارییان بۆ ئاسان دەكات پاشان بەپێی ئەو توانایەی كەهەیەتی باشترین ڕێزلێنان و بگرە سەفەری وڵاتانیشیان پێدەكەن بەڵام شێوەكارانی كورد ئەگەر زۆر باشیش بن و چەند هەوڵبدات كاری باش و تایبەتیش بكەن هەر لەسەر گیرفانی خۆیەتی و مەگەر خۆی بۆخۆی هەوڵبدات كاربكات هونەرەكەی پێبگەیەنێت، من لە 2014 ـ 2018  لەكاتی شەری داعش جگە لەنەبوونی مووچەو كەمی لایەنی مادی بەڵام من  ساڵانە گەورەترین چالاكیم كرد لەكوردستان لەسەر مافی مرۆڤ و بەتابلۆو شیعرەكانم  ئەنجام دا، بۆیە هەندێك جار  بەهرەت هەبێت هەرچۆنێك بێت دەتوانی هەوڵبدەی بۆ ئامانجێكت چونكە هیچ كات هونەر ناوەستێت بەڵكو لەكاتە سەختەكاندا زیاتر پێویستەو بابەتەكان وەكو مێژوویەك دەمێننەوە،شێوەكارەكانی كوردستانیش لەڕووی هونەرەوە ئاستێكی باشیان هەیە بەڵام لەڕووی یارمەتی وهاوكارییەوە زۆر لاوەزە بۆیە هونەری كوردی لەخولانەوەیەكی چەق بەستودایە لەڕووی مادییەوە تایبەت لە ئێستادا چەند ساڵێكە قەیرانی دارایی یەخەی هەموومانی گرتۆتەوە .بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زۆر چالاك بن.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس


 

ئەدەب هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.