ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌م20ی8ی2023، له گه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌می خوله ناوخۆییه‌كانی ئه‌وروپا، چه‌ند یارییه‌ك به‌رێوه‌چوو.
له‌چوارچێوه‌ی یاریه‌كانی گه‌ری دووه‌می خولی ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا زۆر به‌ئه‌سته‌م توانی به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كادێز تۆمار بكات.
یارییه‌كه له‌سه‌ر یاریگای لویس كۆمبانیسی ئۆلۆمپی به‌رێوه‌چوو، به‌درێژایی ماوه‌ی یاریه‌كه یاریزانانی كادێز خۆراگربوون له‌به‌رده‌م هێرشه‌كانی بارسێلۆنا، دواجار له‌ده خوله‌كی كۆتایی، بارسێلۆنا گوشاره‌كانی چرتركردهوه، له‌خوله‌كی هه‌شتاو دوو پیدرۆ گۆنزالیس توانی گۆلی پێشكه‌وتن تۆمار بكات.
دواتر له‌خوله‌كی زیادكراوی یاریه‌كه ڤیران تۆریس كه له‌چاره‌گی كۆتایی هاته ناو یاریگا، توانی گۆلی دووه‌م بۆ بارسێلۆنا تۆمار بكات.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی بارسێلۆنا ته‌واو بوو.
هه‌ر له‌ركابه‌رییه‌كانی گه‌ری دووه‌می خولی ئیسپانیا، یاری لوتكه‌و ئاگرینی ئه‌م گه‌ره له‌نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ریال بێتس و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید به‌رێوه‌چوو.
یارییه‌كه به‌یه‌كسان بوونی هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ ته‌واو بوو، جێی ئاماژه‌یه به‌درێژایی نه‌وه‌د خوله‌كی یارییه‌كه، یاریزانانی هه‌ردوو یانه به‌رده‌وامبوون له‌هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر گۆڵی یه‌كتر، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌گۆڵ تۆماركردن.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌یه‌كسان بوون به‌بێ گۆڵ ته‌واو بوو.
له‌چوارچێوه‌ی یاریه‌كانی گه‌ری دووه‌می پریمه‌رلیگ، له‌م گهرهش چێلسی نه‌یتوانی تامی بردنه‌وه بكات، به‌ڵكو یانه‌ی چێلسی له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌گۆلێك به‌رامبه‌ر به‌سێ گۆڵ به‌یانه‌ی وێستهام یونایتد دۆرا.
له‌ده‌ستپێكی یاریه‌كه، دوای تێپه‌ربوونی حه‌وت خولهك، نایف ئهكرهد گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ وێتسهام تۆماركرد، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی چێلسی له‌خوله‌كی بیست و هه‌شت به‌واژووی كارمی گۆلی به‌رامبه‌ر بوونه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنایه‌وه، ئه‌م گێمه به‌یه‌كسان بوون به‌گۆلێك بۆ هه‌ردوولا ته‌واو بوو.
له‌گێمی دووه‌م و له‌خوله‌كی په‌نجاو سێ، میشیل ئه‌نتۆنی گۆلی دووه‌می بۆ وێتسهام یونایتد تۆماركرد، له‌خوله‌كی شه‌ست و حه‌وت، یاریزانی وێتسهام یونایتد، نایف ئه‌كرد به‌كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه، سه‌ره‌رای كه‌می ژماره‌ی یاریزانانی، به‌ڵام وێستهام یونایتد له‌خوله‌كی كۆتایی لێدانی سزای به‌ده‌ستهێنا، لۆكاس باكیتا سه‌ركه‌وتوو بوو له‌جێبه‌جێكردنی لێدانه‌كه‌و گۆلی سێیه‌میان تۆماركرد.
به‌م جۆره یانه‌ی وێستهام توانی به‌سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌گۆلێك سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر چێلسی تۆماربكات و بلوز رووبه‌رووی یه‌كه‌م دۆراندن له‌وه‌رزی نوێ بكاته‌وه.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یاریه‌كانی گه‌ری دووه‌می خولی ئینگلیزی، یانه‌ی ئه‌ستۆن ڤێلا یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی له‌وه‌رزی ئه‌مساڵ به‌ده‌ستهێنا.
یارییه‌كه له‌سه‌ر یاریگای ڤیلا پارك به‌رێوه‌چوو، میواندار به‌چوار گۆلی بێ به‌رامبه‌ر ئیڤرتۆنی دووچاری دووه‌م دۆراندنی له‌سه‌ر یه‌ك كرد، له‌گێمی یه‌كه‌م و له‌خوله‌كی هه‌ژده، جۆن ماكجین گۆلی پێشكه‌وتنی تۆماركرد، دوابه‌دوای ئه‌م گۆڵه، ئه‌ستۆن ڤێلا له‌خوله‌كی بیست‌و چوار لێدانی سزای به‌ده‌ستهێنا، دۆگلاس لۆیز سه‌ركه‌وتوو بوو له‌جێبه‌جێكردنی لێدانه‌كه‌و یانه‌كه‌ی كرده خاوه‌ن گۆڵی دووه‌م، ئه‌م گێمه به‌دوو گۆڵ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ستۆن ڤێلا بوو.
له‌گێمی دووه‌م و له‌خوله‌كی په‌نجاو یه‌ك، لیۆن بابلی گۆلی سێیه‌م و دلنیایی بۆ میواندار تۆماركرد، گوشاره‌كانی ئه‌ستۆن ڤێلا درێژه‌ی هه‌بوو، ئه‌مجاره‌یان له‌خوله‌كی حه‌فتاو پێنج، جۆن دۆران گۆلی چواره‌می بۆ ئه‌ستۆن ڤێلا تۆماركرد.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌چوار گۆلی بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی ئهستۆڤ ڤێلا به‌سه‌ر یانه‌ی برایتۆن هات.
له‌چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی گه‌ری یه‌كه‌می خولی ئیتالیاش، یانه‌ی رۆما له‌گه‌ڵ یانه‌ی سالیرنیتانا به‌دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر بوون، له‌یاریه‌كی دیكه‌ی ئه‌م گه‌ره یانه‌ی ئه‌تله‌نتا له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر یانه‌ی ساسۆلۆ تۆماركرد، یانه‌ی ئۆدێنزی له‌سه‌ر یاریگای خۆی میوانداری یانه‌ی یۆڤنتۆسی كرد، یاریه‌كه به‌سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی یۆڤنتۆس ته‌واو بوو.
له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا و له‌میانی یاریه‌كانی گه‌ری یه‌كه‌می بۆندسلیگا، یانه‌ی یۆنیۆن به‌رلین به‌چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌گۆلێك سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر یانه‌ی ماینز تۆماركرد.
له‌ده‌ستپێكی یاریه‌كه، كیڤن بیهرینس گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ یۆنیۆن به‌ده‌ستهێنا، هه‌شت خولهك دوای ئه‌م گۆڵه كیڤن دووه‌م خۆی و یانه‌كه‌ی تۆماركرد، ئه‌و گێمه یۆنیۆن به‌رلین به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌پێشه‌وه‌بوو.
له‌گێمی دووه‌م ماینز له‌خوله‌كی شه‌ست و چوار له‌رێی یاریزان ئهنتۆنتی كاسی گۆلێكی تۆماركرد‌و جیاوازی گۆڵهكان كه‌م كرده‌وه، به‌ڵام هه‌رزوو یۆنیۆن له‌خوله‌كی حه‌فتاو چوار به‌واژووی كیڤن بیهرینس گۆلی سێیه‌م و هاتریكی خۆی له‌یاریه‌كه به‌ده‌ستهێنا، به‌ر له‌فیكه‌ی كۆتایی میلۆس بانتۆڤیچ توانی گۆلی چواره‌م بۆ میواندار تۆمار بكات.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌گۆلێك بهسهركهواتنی یانه‌ی یۆنیۆن به‌رلین ته‌واو بوو.
له‌وڵاتی فه‌ره‌نسا و له‌میانی یاریه‌كانی گه‌ری دووه‌می لیگاوهنیش، یانه‌ی مۆناكۆ له‌سه‌ر یاریگای لویسی دووه‌م میوانداری یانه‌ی ستراسبۆرگی كرد، یاریه‌كه به‌سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی مۆناكۆ ته‌واو بوو.
له‌گێمی یه‌كه‌م و له‌خوله‌كی بیست تاكۆمی مینامینۆ گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ مۆناكۆ تۆماركرد، دوابه‌دوای ئه‌م گۆڵه، تاكۆمی مینامینۆ گۆلی دووه‌می خۆی و یانه‌كه‌ی تۆماركرد، ئه‌م گێمه مۆناكۆ به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر لهپێشوهبوو، له‌گێمی دووه‌م و له‌خوله‌كی په‌نجاو هه‌شت وسام بن یه‌در گۆڵی سێیه‌م و دڵنیایی بۆ مۆناكۆ به‌ده‌ستهێنا.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌سوودی یانه‌ی مۆناكۆ ته‌واو بوو.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یاریه‌كانی گه‌ری دووه‌می خولی فه‌ره‌نسا، یانه‌ی لیل له‌سه‌ر یاریگای بیار مۆروا میوانداری یانه‌ی نانتی كرد.
یاریه‌كه به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی لیل ته‌واو بوو، له‌گێمی یه‌كه‌م ئاستی هه‌ردوولا هاوسه‌نگ بوو، له‌م گێمه هیچ لایه‌ك نه‌یتوانی گۆڵ تۆمار بكات، له‌گێمی دووه‌م و له‌خوله‌كی شه‌ست و شه‌ش، جۆناسان دایڤید گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ لێل تۆماركرد، گوشاره‌كانی لیل درێژه‌ی هه‌بوو، دواجار له‌كۆتا خولهك، ئادم وناس گۆلی دووه‌می بۆ لیل به‌ده‌ستهێنا.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی لیل ته‌واو بوو.
له‌وڵاتی هۆله‌نداو له‌میانی یاریه‌كانی گه‌ری دووه‌م، یاری دێربی شاری رۆتردام له‌نێوان هه‌ردوو یانه‌ی سپارتا رۆتردام و فاینۆرد رۆتردام به‌رێوه‌چوو، یاریه‌كه به‌یه‌كسان بوون به‌دوو گۆڵ بۆ هه‌ردوولا ته‌واو بوو.
له‌گێمی یه‌كه‌م و له‌خوله‌كی چل، چارلز ئه‌ندریاس گۆلی پێشكه‌وتنی بۆ سپارتا رۆتردام تۆماركرد، ئه‌م گێمه میواندار به‌گۆلێك له‌پێشه‌وه‌بوو، له‌گێمی دووه‌م و له‌خوله‌كی په‌نجاو چوار، چارلز ئه‌ندریاس دووه‌م گۆلی خۆی و یانه‌كه‌ی تۆماركرد، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی فاینۆرد زۆر هه‌ولیدا ئه‌نجامی یاریه‌كه بگۆرێت، دواجار له‌خوله‌كی حه‌فتاو حه‌وت، سانتیاگۆ خینیز گۆلێكی تۆماركرد‌و جیاوازی گۆڵه‌كانی كه‌م كرده‌وه، به‌ر له‌فیكه‌ی كۆتاییش لیۆ ساوێر گۆلی دووه‌م و به‌رامبه‌ر بوونه‌وه‌ی تۆماركرده‌وه.
به‌م جۆره یاریه‌كه به‌دوو گۆڵ یه‌كسان بوون ته‌واو بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.