Erbil 28°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:18

پشکنینی تاقیگەیەکی ئەمریکی: لە عێراق دەرمانێکی منداڵان دەفرۆشرێت کە ماددەی ژەهراوی تێدایە

کوردستان TV
100%

پشکنینی تاقیگەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، دەرمانێکی هیندی کە بۆ چارەسەرکردنی هەڵامەتی منداڵان بەکاردەهێنرێت و لە دەرمانخانەکانی عێراق دەفرۆشرێت، ئەو دەرمانەش پیسبووە بە ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی سەبارەت بە دۆزینەوەی دەرمانێکی ژەهراوی لە عێراق، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: ئەم دۆزینەوە نوێترین دۆزینەوەیە لە زنجیرەیەک دۆزینەوەی کێشەدار سەبارەت بەو دەرمانانەی کە منداڵان لە سەرانسەری جیهان بەکاری دەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە ناوی دەرمانەکە (کۆلد ئاوت)ـە، لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە دەرمانخایەکی بەغدا کڕدراوە و لە تاقیگەی (Valisure) ئەمریکی پشکنینی لەسەر کراوە. بەپێی پشکنینەکە، ئەو دەرمانە بە ڕێژەی 2.1%ـی (ئیسیلین گلایکۆل)ـی تێدایە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەم ڕێژەیە نزیکەی 21 هێندەی سنووری قبوڵکراوی ئیسیلین گلایکۆلە. ئاماژە بەوەش دراوە کە بڕێکی کەم لەم ماددەیە بۆ مرۆڤ کوشندەیە و ڕۆڵی لە مردنی بەکۆمەڵی منداڵان هەبووە، ئەمەش کە لە وڵاتانی گامبیا و ئۆزبەکستان لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دەرمانی کۆکەی هیندی ڕووی داوە.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش داوە کە پشکنینی تاقیگەی (Valisure) ئەمریکی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی قبووڵ کراوە، ئەگەر حکوومەتی عێراق پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەم جۆرە دەرمانە لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێت، پێویستە لەمبارەیەوە ئاگاداری دەربکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک ڕانەگەیەنراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەنجامی پشکنینەکان و ناو و شوێنی ئەو دەرمانخانەیەی بەغداد کە دەرمانەکەی لێ کڕدراوە، دراوەتە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و دەسەڵاتدارانی عێراق.

سارا شێپەرد گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند: عێراق بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی نموونە بۆ پشتڕاستکردنەوەی یان ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە ئایا ئەم بەرهەمە بوونی هەیە و دەفرۆشرێت.

ڕاشیگەیاند: هەر کە ئەو بابەتە پشتڕاست کرایەوە و دەرکەوت کە ئەم دەرمانە لە دەرمانخانەکانی عێراق فرۆشراوە، ڕاستەوخۆ ئاگادارییەک لەمبارەیەوە دەردەکەین.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی بلومبێرگ، ئەو پاکێجەی (کۆلد ئاوت) کە لە عێراق دۆزراوەتەوە، لە مانگی یەکی ساڵی 2022 دروستکراوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی عێراق دووپاتی کردەوە کە ئەو پرسە تازە نییە، عێراقیش کۆنترۆڵێکی توندی لەسەر هاوردەکردن و دابەشکردنی دەرمان هەیە.

سەیف ئەلبەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەمبارەیەوە بۆ ماڵپەڕی ئەلحورە قسەی کردووە و ڕایگەیاند: وەزارەتی تەندروستی عێراق چەند مانگێک لەمەوبەر وەڵامی ئەم بابەتەی داوەتەوە و ڕاگەیەنراوی لەسەر بڵاو کردۆتەوە.

جەختیشی کردەوە کە عێراق کۆنترۆڵی توندی بۆ هاوردەکردن و دابەشکردنی دەرمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت هەندێک سەرپێچی ڕوو بدات.

ماڵپەڕی ئەلحورە ئاشکراشی دەکات کە "ئەلبەدر وەڵامی پرسیارێکی نەداوەتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا پێشتر لایەنی تەندروستی ئەم بەرهەمەیان لە بازاڕ کشاندووەتەوە، یان بەرپرسانی بەرپرسیار لە هێنانی بۆ ناو وڵات لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ئەمە پێنجەمین جارە لەماوەی ساڵێکدا کە پشکنینەکان بەو ئەنجامە دەردەکەون کە دەرمانی هیندستان ڕێژەیەکی بەرزی ئیسیلین گلایکۆلیان تێدایە.

جگە لەو حاڵەتانەی لە گامبیا و ئۆزبەکستان دەستنیشانکراون، پشکنینەکانی تاقیگە حکوومییەکان، بەرهەمی ژەهراوی دیکەیان لە هەمان سەرچاوە لە دوورگەکانی مارشال و لیبریا دەستنیشان کردووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لەو وڵاتانە پەیوەندی بەو دەرمانانەوە هەبووبێ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.