Erbil 10°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 11:52

توێژینەوەیەك هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شەكرە دەدات

کوردستان TV
100%

بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت"لێكۆڵینەوەیەكی ئەم دواییە پێشبینی ئەوەی كردووە كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا تووشی نەخۆشی "شەكرە" دەبن لە سێ دەیەی داهاتوودا دوو هێندە زیاد دەكات، بەمەش كۆی گشتیی تا ساڵی 2050 دەگاتە 1.3 ملیار كەس. 
توێژینەوەكە داتا و خەمڵاندنەكانی پەیوەست بە هۆكارە مەترسیدارە تایبەتەكانی پەیوەست بە قەڵەوی، خۆراك، چالاكیی جەستەیی، ژینگە یان پیشە، جگەرەكێشان و بەكارهێنانی كحولی لەخۆگرتبوو.
پێشبینی دەكرێت باكوری ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورگەی زەریای هێمن ئەو ناوچانە بن كە زۆرترین كاریگەری نەخۆشی شەكرەیان لەسەرە و وڵاتانێك هەن لە ساڵی 2050دا لە هەر پێنج كەس یەكێكیان تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.
بەپێی توێژینەوەكە پێشبینی دەكرێت ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە لەنێو كەسانی بەساڵاچوو لەو ناوچانە زیاتر بێت.
بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە مەزەندەكردن 422 ملیۆن كەس لە ساڵی 2104دا لە جیهاندا تووشی نەخۆشی شەكرە بوون، لە كاتێكدا لە ساڵی 1980دا 108 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی شەكرە بوون.
هەروەها لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شەكرە لە وڵاتانی كەم داهات و مامناوەند بە بەراورد بە وڵاتانی داهات بەرز بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی دەكرێت زۆربەی زۆری تووشبووانی نوێی نەخۆشی شەكرە لە سێ دەیەی داهاتوودا لە جۆری دووەم بن.
توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە پیربوونی دانیشتووان و زیادبوونی قەڵەوی هۆكاری سەرەكین بۆ بەرزبوونەوەی چاوەڕوانكراوی حاڵەتەكانی نەخۆشی شەكرە.
جێگای ئاماژەیە نەخۆشی شەكرە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كوێربوون و لەكاركەوتنی گورچیلە و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشك .خۆراكی تەندروستیش لەگەڵ چالاكییەكی جەستەیی باش و جگەرە نەكێشان، دەتوانێت ڕێگری لە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم بكات یان دوایبخات.


 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.