Erbil 24°C سێشەممە 17 ئەیلوول 06:09

خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه.. ژه‌نیاره‌ به‌تواناكه‌ی شاری كرماشان ..!

‌( 1948_2015)
کوردستان TV
100%

له‌سه‌ره‌تای ساڵی ( 1979) له‌باشووری كوردستان كاسێتێكی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌ڕێی تۆمارگاكانه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، چه‌ند گۆرانییه‌كی خۆش و پڕ چێژ و دڵگیری هونه‌ریی له‌خۆگرتبوو، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا له‌ناو جه‌ماوه‌ر دا بووه‌ جێی سه‌رنج و په‌سه‌ندی گوێگران و هه‌وادارانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ،یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كان گۆرانی( حه‌ریره‌) بوو، ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ئاواز و هۆنراوه‌ی ناوچه‌ی( ئه‌رده‌ڵان) ه به‌وته‌ی هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی).‌.

  ( ئای مه‌گه‌ر من كووره‌ی كاڵێ گیان زه‌ڕه‌نگه‌رانم

ئای هه‌رسات ئاگرت جوانێ گیان به‌رئای له‌گیانم

ئای حه‌ریر حه‌ریره‌ حه‌ریره‌  حه‌ریر هه‌ر یه‌سه‌

ده‌مكوڵ و پاچه‌رموو جوانێ گیان چووی بۆ مه‌دره‌سه‌

ئای تۆ مه‌رگی براكه‌ و كاڵێ گیان جه‌فا و جه‌ور به‌سه‌

ئای ڕه‌نگم زه‌رد نه‌بوو كاڵێ گیان تۆ كردۆ به‌به‌ی

ئاخ كافر دڵ له‌سه‌نگ جوانێ گیان تامڵ كه‌م تاكه‌ی

ئای حه‌ریر حه‌ریره‌ حه‌ریره‌  حه‌ریر هه‌ر یه‌سه‌

ده‌مكوڵ و پاچه‌رموو جوانێ گیان چووی بۆ مه‌دره‌سه‌

ئای تۆ مه‌رگی براكه‌ و كالێ گیان جه‌فا و جه‌ور به‌سه‌ )

گۆرانی حه‌ریره‌ زۆر زوو كه‌وته‌ ناو هه‌ست و سه‌رزاری گوێگران، چه‌ند ده‌نگی ڕه‌زازی ده‌نگێكی پاك و به‌ گه‌روویه‌كی كوردانه گۆرانییه‌كه‌ ده‌چڕێ ‌، ئه‌وه‌نده‌ش گروپی مۆسیقا به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ئامێری ( تار) ه‌كه‌ زۆر به‌هه‌ست و سۆز و عه‌شقێكه‌وه‌ تارده‌ژه‌نێ و سه‌رنجی گوێگر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات به‌ره‌و میلۆدی و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند، دیاره‌ ئه‌و كاته‌ و تائێستاش له‌وانه‌یه‌ زۆرێك له‌ گوێگران و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی نه‌زانن ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ زێرینانه‌ كێن و خه‌ڵكی كوێن له‌پشتی ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌وه‌؟!

ئه‌وه‌بۆمن زۆر گرنگ بوو تائه‌و جێیه‌ی زانیاریم ده‌ست ده‌كه‌وێ به‌دوایدا بڕۆم ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌ زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌و هاوكار و پشتیوانی ده‌نگ و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی بوون، بۆ ئێوه‌ی خوێنه‌ر ئاشكرا بكه‌م.

هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ئه‌و گۆرانییه‌و گۆرانییه‌كانی دیكه‌ی ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند، گۆرانی( حه‌ریره‌ ، چی یه‌ ئه‌ی گوڵ ؟! ، لیمۆ هه‌ی لیمۆ ، ده‌نا كورتێ ، ئێواره‌یه‌ وا هه‌ڵگره‌ ساگۆزه‌ی تازه‌ و سه‌وزه‌های لیمۆ و شیرینه‌ سه‌وزه‌ و  زۆری تر له‌و گۆرانیانه‌ كه‌له‌و سه‌ر‌ده‌مه‌دا خوێندراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ ) ، هونه‌رمه‌ندانی گرووپی مۆسیقا له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ كه‌ زۆر زه‌حمه‌تی كێشاوه‌ له‌ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ڤیۆلۆن ( گریشا میكائیلزاده‌ 1929_ 6/4/1999) ، هونه‌رمه‌ند ( عه‌باسی نیرومه‌ند 1931_27/9/2016، ژه‌نیاری كلارنێت ) ، هونه‌رمه‌ند( میكائیل گریشا میكائیلزاده‌، ژه‌نیاری ئۆكۆردیۆن) ، هونه‌رمه‌ند( به‌هزاد هۆمایۆنڕوز، ژه‌نیاری زه‌ڕب، به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ژیاندا نه‌ماوه‌) و  هونه‌رمه‌ند( خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ ، ژه‌نیاری تار) .

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی گه‌ره‌كمانه‌ یادی لێبكه‌ینه‌وه‌ ‌ئێوه‌ی خوێنه‌ر و هۆگری مۆسیقا و گۆرانی پێی ئاشنابن ، هونه‌رمه‌ندی تارژه‌ن ( خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌) یه‌ ، بابزانین ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كێیه‌وه‌ و له‌ كام له‌شاره‌ جوانه‌كه‌ی كوردستانه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆنێو دنیای ئاواز و مۆسیقا هه‌ڵگرتووه‌.

هونه‌رمه‌ند خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌، ژه‌نیاری ئامێری

( سه‌نتوور ، تار و سێ تار) ی به‌توانا و  ئاماده‌كار و ئاواز دانه‌ر ، له‌ڕێكه‌وتی ( 26 ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1327 ی هه‌تاوی) به‌رامبه‌ر ( 18/10/1948 ی زاینی) له‌ یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی شاره‌ شیرینه‌كه‌ی كوردان( كرماشان) به‌ناوی ( به‌ردمه‌عده‌ن) ی كۆن و ( خه‌یام) ی ئێستا له‌خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی له‌دایكبووه‌.  

له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌ ناو خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی عاشق به‌مۆسیقا په‌روه‌رده‌و گه‌وره‌ ده‌بێت، باوك و برایه‌كی ژه‌نیار و شاره‌زای ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا بوون، هه‌روه‌ها ( حاجی عه‌بدالحسێن چاڵه‌ چاڵه‌)  مامی هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌ باشترین تارژه‌نه‌كانی شاری كرماشان و ئێران به‌گشتی، هونه‌رمه‌ند خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ له‌ناو ئه‌و ژینگه‌ هونه‌رییه‌دا گه‌شه‌ی كردووه‌ و،  حه‌زو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا بووه‌ سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئامێری ( سه‌نتوور) فێربووه‌ ، له‌ساڵی (1960) هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی (12) ساڵیدا، به‌شێوه‌ی گوێگرتن ، نه‌ك به‌نۆته‌ له‌لای هونه‌رمه‌ندی ناودار ( مه‌نوچه‌ر مه‌جزوبی) بۆماوه‌ی (8) هه‌شت مانگ به‌به‌رده‌وامی كاری له‌سه‌ر ئامێری سه‌نتوور كردووه‌ و فێربووه‌(1) .

دوای په‌یداكردنی شاره‌زایی و ژه‌نینی‌ ئامێری سه‌نتوور ، هونه‌رمه‌ند خه‌لیل چاڵه‌چاڵه‌، ده‌چێته‌ ( فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری شاری كرماشان) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان

( سه‌روان هیمه‌تی و مه‌حمود بلووری) فێری زانسته‌كانی مۆسیقا ده‌بێت، ماوه‌ی (5) ساڵ ‌به‌رده‌وامی ده‌دات به‌مانه‌وه‌كه‌ی له‌فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر تابه‌ته‌واوی فێری ( نۆته‌) ی مۆسیقا و شێواز و گۆشه‌ی مه‌قامه‌كان ده‌بێت.

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1966)  وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری ئامێره‌كانی ( سه‌نتوور ، تار و سێ تار) ده‌چێته‌ ڕادیۆی كرماشان، له‌وكاته‌وه‌ كه ‌له‌ڕادیۆی كرماشان وه‌ك ژه‌نیار ده‌ست به‌كاربووه‌، هاوكاری زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی كردووه‌ و به‌شداربووه‌ وه‌ك ژه‌نیارێك له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ڕادیۆی ناوبراو ، به‌تایبه‌ت مۆسیقای بۆ هونه‌رمه‌ندان ( حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد1947_16/9/1995)  و ( ئیسماعیل پیرخدری 1949_1985 ) ژه‌نیوه و له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌شداربووه‌‌.

هونه‌رمه‌ند چاڵه‌ چاڵه‌ تا ‌ساڵی (1353ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر ( 1974 ی زاینی ) له‌ڕادیۆ كرماشان كارده‌كات، له‌هه‌مان ساڵدا هونه‌رمه‌ند شاری كرماشان به‌جێ دێڵێ و ڕوو ده‌كاته‌ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری شاره‌  جوانه‌كه‌ی سنه‌ ، ماوه‌ی (5) ساڵ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( حه‌سه‌ن كامگار1923_1992) و هونه‌رمه‌ندانی شاری سنه‌ چه‌ندین كاری هونه‌ریی ئه‌نجام ده‌دات،

هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ( به‌هرۆزی ته‌وه‌كولی) له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ پێێ ڕاگه‌یاندم  و وتی: ( ئه‌و كاته‌ی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری تاری به‌توانا خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ ، هاته‌ شار سنه‌ ئه‌و كاته‌ من له‌ته‌ك مامۆستا حه‌سه‌ن كامگار له‌فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر دا كاری هونه‌ریمان ئه‌نجام ده‌دا، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم ماوه‌ی (5) ساڵ له‌شاری سنه‌ مایه‌وه‌ و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ شیرینه‌كه‌ی زۆر خزمه‌تی به‌هونه‌رمه‌ندان كرد ، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ من دا له‌چه‌ندین كۆنسێرت و ئاهه‌نگدا وه‌ك ژه‌نیاری تار ئاماده‌یی هه‌بووه‌ و وێنه‌ی فره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌م هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ندێكی خاس و شاره‌زا و به‌توانا بوو له‌ژه‌نینی ئامێری تار ، ڕۆحی شاد و یادی به‌خێر ) (2) .

له‌و ماوه‌یه‌ی چاڵه‌ چاڵه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌شاری سنه‌ ژیاوه‌ و تێكۆشانی هونه‌ریی ئه‌نجامداوه‌ ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری شاری سنه‌ چه‌ندین كاری هونه‌رییان بۆ هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ( عه‌باس كه‌مه‌ندی1952_22/5/2014)   ،( ناسری ڕه‌زازی 21/6/1955) ، ( به‌هرۆزی ته‌وه‌كولی) ،(فه‌تانه‌ی وه‌لیدی 1953) ، (هۆشه‌نگ شگرف 1950) و ( ساڵه‌ح پیرزهیری)   ئه‌نجامداوه و ‌،  ‌ كاره‌ هونه‌رییه‌ ناوداره‌كانی بۆ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی ئه‌نجامیداوه‌، گۆرانی ( حه‌ریره‌ و لیمۆ و ده‌نا كورتێ و   ...تاد) یه‌ له‌ساڵی (1357 ی هه‌تاوی  واته‌ 1978 ی زاینی ) له‌ڕادیۆ سنه‌ تۆماركراوه‌.

له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری به‌ناوبانگی ئێران

 ( محه‌مه‌د ڕه‌زا لوتفی1946_2014 ) له‌شاری سنه‌ ده‌بێت ، خه‌لیل چاڵه‌چاڵه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین نێوانی خۆش ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا و زۆر سوود له‌تواناهونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د ڕه‌زالوتفی ) وه‌رده‌گرێت، له‌ساڵی ( 1359ی هه‌تاوی ، 1980ی زاینی) هونه‌رمه‌ند چاڵه‌ چاڵه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ڕه‌زا لوتفی، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری كرماشان و دووباره‌ په‌یوه‌ندی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ڕادیۆی كرماشان و درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ڕادیۆی ناوبراو ده‌دات.

به‌رده‌وامی ده‌دات به‌كارو تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌كانی و جێ په‌نجه‌و تارژه‌نینه‌كه‌ی سه‌رنجی زۆر له‌ هه‌وادارانی هونه‌ر ڕاده‌كێشێت و ده‌بێته‌ هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو له‌شاری كرماشان و كوردستان و ئێران ، توانا و لێهاتوویی له‌ هونه‌ردا بۆ ماوه‌ی (4) ساڵ  خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین ده‌بێت به‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می به‌شی مۆسیقا له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی كرماشان واته‌ له‌ساڵی ( 1988 تا 1991) .

له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ كارگێڕی و هونه‌رییه‌ به‌رپرسی به‌شی مۆسیقا له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ، هونه‌رمه‌ند گرنگی زیاتری داوه‌  به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ، له هه‌مان ساڵدا (1988) به‌شداری  چواره‌مین فیستڤاڵی ( فه‌جر) ی كردووه‌، له‌و پێشبڕكێیه‌دا پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ و بڕوانامه‌ی ( دبلۆمی فه‌خری) وه‌رگرتووه‌،

له‌ساڵی ( 1991) هونه‌رمه‌ند به‌گه‌شتێكی هونه‌ریی ده‌چێته‌ وڵاتی ( ئیماراتی عه‌ره‌بی) و كۆنسێرت له‌وڵاته‌ به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی پێشكه‌ش كردووه‌.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌وڵاتی ئیمارات له‌هه‌مان ساڵ (1991) ئۆركێسترایه‌كی كوردی به‌ناوی ( ئه‌وج) به‌هاوكاری كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند داده‌مه‌زرێنێت ، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای ئه‌وج بریتی بوون له‌

( ئه‌بوقاسم په‌ره‌ندیان ، ژه‌نیاری ڤیۆلۆن و كه‌مانچه‌

 ( جۆزه‌) ، ( عه‌باس توتونی ، ژه‌نیاری نه‌ی ) ،

( حیشمه‌توڵڵای حوجه‌تی ، ژه‌نیاری زه‌ڕب ) ،

( عه‌بدولڕه‌زاته‌نهایی، ژه‌نیاری سه‌نتوور ) ،

( ئه‌میر چاڵه‌ چاڵه‌، ژه‌نیاری تار باس) و

( نادر سه‌میمی، گۆرانیبێژی ئۆركێسترا) .

 هونه‌رمه‌ند خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا ( 19) گۆرانی ئاماده‌ و دابه‌شكردووه‌ و له‌لای خه‌ڵك و هۆگرانی هونه‌ر جێی په‌سه‌ند بووه‌، یه‌كێك له‌و گۆرانیانه‌ی  له‌ڕێی ڕادیۆی كرماشانه‌وه‌ په‌خشكراوه‌ و بۆته‌ جێی خۆشحاڵی بیسه‌ران ، گۆرانی( ماه مه‌جلیس) بووه‌ له‌هۆنراوه‌ی ( حافزی شیرازی ) و به‌ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ندی كوردی كرماشانی ( محه‌مه‌د ڕه‌زا دارابی _1951 كرماشان )  خوێندراوه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كار و تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ئاهه‌نگ و فیستڤاڵه‌كاندا خه‌ڵات كراوه‌.

 هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1973) له‌گه‌ڵ خاتوو ( سه‌عیده‌ ته‌نهایی) ئاشنا ده‌بێت و ژیانی هاوبه‌شی پێك دێنن، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌، دوو كوڕ بوون به‌ناوه‌كانی( محه‌مه‌د ئه‌میر و ئه‌مین) ، هه‌ردووكیان ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقان و دوو ژه‌نیاری به‌توانان له‌شاری كرماشان،

هونه‌رمه‌ند خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ دوای به‌سه‌ربردنی (67) ساڵ ته‌مه‌ن، به‌ڵام نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردن به‌هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی، به‌داخه‌وه‌ له‌ڕۆژی شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی ( 28/11/2015) له‌زێده‌كه‌ی خۆی له‌شاره‌ شیرینه‌كه‌ی كرماشان بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكده‌نێ و ماڵئاوایی  له‌ژیان و هونه‌ر ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند له‌گۆڕستانی( باخی فیرده‌وس) ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كرێت.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندان ( خه‌لیل چاڵه‌ چاڵه‌ و گریشا میكائیلزاده‌) گڵكۆكانیان هه‌میشه‌ چراخان و یادیان به‌خێر .

جه‌مالی ده‌لاك ( 12/7/2023) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

(1)سایتی ئاسۆی ڕۆژهه‌ڵات (فارسی) 30/11/2016. 

(2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێی ( واتساپ) ه‌وه‌ ، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ، (9/7/2023) ( هه‌ولێر _ تاران).

 له‌دڵه‌وه‌ سوپاسگوزاری بێ پایانم بۆ هه‌ریه‌ك له‌ برایانی ئازیز ( ئه‌سعه‌د ڕه‌زازی _ سوید) ، ( جه‌لال هانیسی _ نه‌رویج ) ، ( سادق حاجی ڕۆسته‌می و  ڕه‌شاد ئه‌مانی _ سنه‌) هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی پێویست زانیارییان پێ به‌خشیم و سه‌رفرازو پڕ ته‌ندروست بن  ، سوپاسم بۆ (@kermanshah_bozorgmardan

) له‌ئینستاگرام .( جه‌مالی ده‌لاك) .

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.