Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 13:12

ئێران كارتی كارەبا لە دژی عێراق بەكار دەھێنێت؟

کوردستان TV
100%

جارێكی دیكە ئێران ھەناردەكردنی غازی بۆ عێراق كەمكردەوە كە بەھۆیەوە، بەرھەمھێنانی كارەبا لە 26 ھەزار میگاوات بۆ 20 ھەزار و 600 میگاوات كەم بووەتەوە.
بەردەوام ئێران لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، بە چەندین ھۆكار ھەناردەكردنی غاز بۆ عێراق كەم دەكاتەوە كە ئەوەیش كاریگەری لەسەر كەمكبوونەوەی قەبارەی بەرھەمھێنانی كارەبا دروست دەكات.
ھۆكاری كەمبووەنەوەی ھەناردەكردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا لە عێراق، بۆ دواكەوتنی دانەوەی قەرزەكانی ھاوردەكردنی غاز لەلایەن بەغداوە بە تاران دەگەڕێتەوە.
لە سێی ئەم مانگە، سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئێران، یەحیا ئال ئیسحاق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە عێراق 10 ملیار دۆلار پارەی غاز و كارەبا بە ئێران قەرزدارە، بەڵام بەھۆی سزاكانی ئەمریكاوە، بانكی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە راستەوخۆ ئەو پارەیە بداتەوە بە ئێران.
ئەوەیش لە كاتێكدایە رۆژی 25ی ئەم مانگە مەجید چەگەنی، یاریدەدەری وەزیری نەوتی ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە عێراق تەواوی قەرزەكانی غازی داوەتەوە بە ئێران.
هەروەها لە 10ی حوزەیراندا، ئێران رایگەیاندبوو كە دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاریان كە بەھۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە عێراق دەستی بەسەرداگیرابوو، ئازاد كراوە.
لای خۆیەوە محەمەد رەزا جەولایی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا نەیشاردەوە كە بەھۆی كێشەی تەكنیكییەوە ھەناردەكردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە 10 ملیۆن مەترسێجاوە كەمبووەتەوە بۆ پێنج ملیۆن مەترسێجا.
محەمەد رەزا جەولایی راشیگەیاندووە كە بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە باشوور و باشووری رۆژئاوای ئێران، ئامێر و ئامرازەكانی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی غاز بە باشی كارناكەن كە بەھۆیەوە ھەناردەكردنی غاز بۆ عێراق كەمبووەتەوە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران ئاماژەی بەوەیشداوە كە مانگی رابردوو، رۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا غاز ھەناردەی عێراق كراوە، بەڵام لە میانی ئەم مانگەدا، بۆ 21 ملیۆن مەتر سێجا كەمبووەتەوە.
لەئێستادا، قەیرانی كارەبا لە عێراق كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروست كردووە كە بەھۆیەوە ئەگەری هەیە خۆپیشاندان لە ژمارەیەك پارێزگای عێراق ئەنجام بدرێت.
حكوومەتی عێراقیش بەردەوام لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، ھەوڵدەدات رێگایەكی خێرا بۆ كۆتاییھێنان بە قەیرانی كارەبا و زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بدۆزێتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە كە عێراق ساڵانێكی زۆرە نەیتوانیووە بڕی كارەبای پێویست بۆ دامەزراوەكان، ھاووڵاتییان و كارگەكان دابین بكات، ئەوەیش لە كاتێكدایە عێراق دوای سعوودیە لە رێكخراوی ئۆپێك، بە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاو دادەندرێت كە رۆژانە تێكڕا چوار ملیۆن و 500 ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دژبە نەبوونی كارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش كە پلەكانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق دەگاتە سەرووی 50 پلەی سەدی.


 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.