Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 12:22

نهێنی خێرا بڵاوبوونەوەی ئەپی سرێدز چییە؟

کوردستان TV
100%

ئەپلیکەیشنی "Threads" کە لەلایەن کۆمپانیای "Meta Platforms"ـەوە خراوەتە بەردەست، بەشێوەیەکی زۆر خێرا بڵاو بووەوە، بەو پێیەی ژمارەی بەشداربووان لە 24 کاتژمێری یەکەمدا گەیشتە 30 ملیۆن بەشداربوو.

بڵاوبوونەوەی ئەپی سرێدز، تویتەری خستووەتە دۆخێکی خراپەوە، مارک زوکەربێرگ بە خستنەڕووی سرێدز کە تێکەڵەیەکە لە ئینستاگرام و تویتەر لەنێو ملیاردێرە تەکنەلۆژییەکان بەخراپی لە ئیلۆن ماسکی ڕکابەری داوە.

تۆڕەکە زۆر لە تویتەر دەچێت، بەو پێیەی هاوشێوەی تویتەر ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی نووسینی کورت دەدات و بەکارهێنەران دەتوانن لایکی بکەن و دووبارە لای خۆیان بڵاوی بکەنەوە و وەڵامی بدەنەوە.

هۆکارەکانی خێرا بڵاوبوونەوەی سرێدز:-

زیاد عەبدولتەواب، شارەزای دیجیتاڵی و ئاسایشی زانیاری لە لێدوانێکیدا بۆ (سکای نیوز عەرەبی) هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەپلیکەیشنی نوێی سرێدزی خستووەتەڕوو کە لە 24 کاتژمێری یەکەمدا 30 ملیۆن کەس ئەپەکەیان دابەزاندووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمانە:-

- تۆڕەکە پەیوەستە بە ئەپلیکەیشنی ئینستاگرامەوە کە نزیکەی 2 ملیار و نیو بەکارهێنەری هەیە، بۆیە ئاسانکاری لە گواستنەوەی بەکارهێنەران بۆ ئەپلیکەیشنە نوێیەکە هەیە، بەکارهێنەر دەتوانێ بە یەک کلیک لەڕێگەی ئینستاگرامەکەیەوە هەژمار  لە سرێدز دابنێ تەنانەت بە هەمان ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی.

- یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سرێدز بریتییە لە بڵاوکردنەوەی نووسین کە ڕێگەی بە 500 پیت دەدات، بەراورد بە تویتەر کە ڕێگە 280 پیت دەدات، ئەگەر ئەکاونتەکە پشتڕاست نەکرابێتەوە، ئەمەش وادەکات بەکارهێنەرێکی زیاتر ڕووی تێبکەن.

- بەرنامە نوێیەکە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ دەدات لە 5 خولەک زیاتر نەبێت.

کێبڕکێیەکی سەخت لەنێوان تویتەر و سرێدز هەیە

ئەو شارەزایەی دیجیتاڵی سەبارەت بە سەرکەوتنی سرێدز دەڵێت، ئێستا ئەستەمە بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدرێت، سەبارەت بە ڕاکێشانی متمانەی گشتی، بەتایبەتی کە ئەپلیکەیشنەکە بەپێی سیاسەتی کۆمپانیای مێتا بەڕێوە دەچێت، کە سیاسەتێکی توندترە لە تویتەر بەڕێوەی دەبات.

دوای ئەوەی ماسک تویتەری کڕی، بەڵێنی دا کە ئەپەکە ڕێگە بە "ئازادییەکی گەورەی ڕادەربڕین دەدات لە ڕێگەی پۆستەکانەوە، بە بەراورد بە ئەپەکانی مێتا".

زیاد عەبدولتەواب ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا پێشبینیکردنی داهاتووی سرێدز ئەستەمە، بە تایبەت کە تاوەکو ئێستا هەندێک تایبەتمەندی بنەڕەتی نییە، وەک پەیامی تایبەت لەنێوان بەکارهێنەران.

هەروەها گوتی: تاوەکو ئێستا دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی ماسک لە هەندێک بابەتی پەیوەست بە هەراسانکردنی بەکارهێنەران پاشگەز ببێتەوە، بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە بەخۆڕایی سنووردار کراوە.

گوتیشی: ئەستەمە بۆ ئەپلیکەیشنە نوێیەکە ئەپلیکەیشنی تویتەر لەناو ببات، چونکە ئاسانە بۆ هەر بەرنامەیەک کۆمەڵێک تایبەتمەندی زیاد بکات بۆ ئەوەی دووبارە بەکارهێنەران ڕابکێشێت، تویتەریش دەتوانێت ئەمە بکات.

ئەو شارەزایەی دیجیتاڵی ئاماژەی بەوەش دا کە ژمارەی زۆری بەرنامەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕەحەتی بۆ هەندێک لە بەکارهێنەران، کە نایانەوێت بەرنامەیەکی زۆریان هەبێت کە تایبەتمەندییەکانیشیان لەیەکتر نزیک بێت.

جێی باسە، ئەپی سرێدز کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن کۆمپانیای مێتا بۆ بەکارهێنەران خرایە بەردەست، بەخێرایی بەشێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان هەژماریان لە ئەپەکە دانا، مارک زوکەربێرگ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا لە یەکەم پۆستیدا لەسەر ئەپی سرێدز نووسیبووی "با دەست پێبکەین، بەخێربێن بۆ سرێدز."

زانست و تەکنۆلۆژیا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.