Erbil 15°C یەکشەممە 02 حوزەیران 11:56

له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا 13 به‌ندكراوی كورد له‌ گرتوخانه‌كانی ئێران گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌

کوردستان TV
100%


لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 13 بەندکراو لە گرتوخانه‌كان گیانیان لەدەست داوە و 13 کەسیان کوردن.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، لانی کەم 20 بەندکراو لە گرتوخانه‌كانی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە 13 کەسیان واتە 65%ی کۆی گشتیی حاڵەتەکان بەندکراوانی کورد بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جگە لە 13 بەندکراوی کورد، لانی کەم 4 بەندکراوی بەلووچ لە گرتوخانه‌كانی زاهیدان، زابۆل و گوڵستان گیانیان لەدەست داوە کە دەکاتە 20%ی هەموو حاڵەتەکان. هەروەها لانی کەم 3 بەندکراوی خەڵکی گەچساران، کۆیەشت و تەورێز لەم ماوەیەدا لە گرتوخانه‌كانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
لە کۆی گشتیی ئەم 20 بەندکراوە، لانی کەم4 بەندکراو لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئه‌منییه‌كاندا گیانیان لەدەست داوە و 7 بەندکراویان بەهۆی نەخۆشی و دواکەوتنی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە. سێ بەندکراوی دیکەش بە هۆکاری گوماناوی وەک ژاراویبوون بوون گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەکان 4 بەندکراو کوژراون.
شایانی باسە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم 3 بەندکراوی سیاسی کە لە پەیوەندی بە بزووتنەوەی " ئافره‌ت، ژیان، ئازادی،" و لە شارەکانی بۆکان، زاهیدان و گەچساران دەستبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.
ناوی ئەو بەندکراوانەی کە گیانیان لەدەست داوە بەم شێوەیە:
1- سدیق ڕەسووڵیان، تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ڕۆژی 14ی1ی 2023بە شێوەیەکی گوماناوی لە گرتوخانه‌كانی بۆکان گیانی لەدەست داوە. ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی ماڵی دەستبەسەر کرابوو.
2- ئەحمەد ساڵحی، تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی 25ی 1ی2023 لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە. ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
3- سەعید سەلیمی فەر، تەمەن 39 ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، ڕۆژی 20ی 2ی 2023 بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.
4- مەجید شاهوەیسی، تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، لە 22ی2ی 2023 و لە گرتوخانه‌ی کرماشان لە شەڕ و تێکهەوڵچوونی نێوان بەندکراوان کوژرا. ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی ئاسایی دەستبەسەر کرابوو.
5- ئیبراهیم ڕیگی، پزیشکی تەمەن 24 ساڵ و خەڵکی شاری زاهیدان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوە ژن، ژیان ئازادی، لە 22ی 2ی 2023، دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزە جێگیرکراوە حکوومەتییەکان لە بنکەی 12ی کەڵانتەری زاهیدان دەستبەسەر کرا، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
6- سادق فولادیوەندا، تەمەن 29 ساڵ، خەڵکی گەچساران و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ئافره‌ت، ژیان، ئازادی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی گەچساران گیانی لەدەست دا.
7- سەیدە ئامینە ئەحمەدی، تەمەن 47 ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە، ڕۆژی 2ی 4ی2023 کۆچی دوایی کرد. ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
8- فەرهاد نەقیزادە، بەندکراوی تەمەن 47 ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، ڕۆژی 8ی مارسی2023، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.
9- شێرزاد ئەحمەدینژاد، هاووڵاتییەکی تەمەن 41 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی بوو، لە 15 مارسی2023و لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانی لەدەست دا.
10- مەهدی کەریمی، بەندکراوی خەڵکی شاباد، لە ڕۆژی23 مارسی 2023و لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی "دیزڵاوا"ی کرماشان کوژرا.
11- ئەبووزەر سەفەری، تەمەن27 ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت، لە 2ی 4ی 2023 و لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی قەزڵحیساری شاری کەرەج، کوژرا.
12- عەبدوڵڵا بەدەوی، تەمەن 65 ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، لە 15ی 4ی 2023، بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرا و لە بەیدنخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.
13- مەجید دیارگار، بەندکراوی بەلووچ، ڕۆژی 29ی 4ی 2023، لە بەدیخانەی ناوەندیی گوڵستان بە شێوەیەکی گوماناوی ژاراوی کرا و گیانی لەدەست دا.
14- مەحموود سابتزادە، بەندکراوی بەلووچ، ڕۆژی 29ی 4ی 2023، لە بەندیخانەی ناوەندیی گوڵستان بە شێوەیەکی گوماناوی ژاراوی کرا و گیانی لەدەست دا.
15- ناسر حەسەنپوور، بەندکراوی تەمەن 37 ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، ڕۆژی 1ی 5ی 2023، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و چارەسەنەکردنی نەخۆشییەکەی، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو بە تۆمەتی تاوانی ماڵی دەستبەسەر کرابوو.
16- سامان دەروێشی، بەندکراوی تەمەن 31 ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین، لە 8ی 5ی2023 و لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە کوژرا. ناوبراو بە تاوانی دزی دەستبەسەر کرابوو.
17- میلاد بەهمەنزادە، بەندکراوی خەڵکی شاری تەورێز، بەهۆی ترسی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، تووشی جەڵتەی دڵ بوو و لە 21ی 5ی 2023گیانی لەدەست دا. ئەو بەندکراوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
18- سەلاح هیجرانی، بەندکراوی تەمەن 50 ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، ڕۆژی 11ی 6ی 2023 بە هۆکارێکی نادیار لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کامێران هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
19- عیرفان بەبریزادە، تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، لە مانگی 6ی 2023 بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانە کوژرا. ناوبراو بە تاوانی دزی دەستبەسەر کرابوو.
20- حەسەن هاشمی‌موقەدەم، بەندکراوی خەڵکی زابۆل، لە 20ی 6ی 2023 بەهۆی دواکەوتنی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و گوشاری نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد. ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی زابۆل ڕاگیرابوو.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.