Erbil 15°C شەممە 01 حوزەیران 10:28

دەشتی ناوكوڕ بەناوبانگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە هەرێمی كوردستان و عێراق

کوردستان TV
100%

دەشتی ناوكوڕ ناوەندی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ساڵانە قەبارەی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەڵكشاندایە و لەئێستادا نزیكەی 30 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە، چاوەڕوان دەكرێت قەبارەی بەرهەم لەم ناوچەیە 350 هەزار تۆن بێت 
لە دەشتی ناوكوڕ لە سنووری پارێزگای دهۆك لە رێگای كرێكارانی ناوچەكەوە دەست بە كۆكردنەوەی پەتاتە دەكرێت ئەوەیش هەلیكاری بۆ ژمارەیەكی زۆر كرێكاری ناوچەكە رەخساندووە، خاوەن زەوییەكی ناوچەكەش ئاماژە بەوە دەكات كە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان، شەش ئەوەندەی پێداویستیی ناوخۆیە و ئاشكرایشی دەكات كە لە ماوەیەكی نزیكدا، پەتاتەی هەرێمی كوردستان رەوانەی وڵاتانی كەنداو دەكرێت.
لەوبارەیەوە جووتیار، بەشار مشیر ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەی 15 ساڵە چاندنی بەروبوومی پەتاتە گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیووە و لەئێستاشدا ساڵانە لەسەر رووبەری 30 هەزار دۆنم زەوی پەتاتە لە دەشتی ناوكوڕ دەچێندرێت و 350 هەزار تۆن بەرهەمی ساڵانەی پەتاتەیە لە ناوچەكەدا.
هەروەها گوتی: لە ساڵی 2009وە چاندنی پەتاتە لە دەشتی ناوكوڕ گەشەی بەخۆیەوە بینیووە، ئەم دەشتە ناوەندی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ساڵانە قەبارەی چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەڵكشاندایە 
گوتیشی: "دەتوانین پەتاتە بۆ دوو جۆر پۆلێن بكەین، یەكەمیان پەتاتەی خواردنە و نزیكەی 30 جۆری هەیە، هەروەها ئەوەی دیكە پەتاتەی پیشەسازییە كە نزیكەی شەش جۆری هەیە و بۆ چپس و فینگەر بەكاردێت، لێرە هەردوو جۆرەكەی دەچێندرێت.
مشیر ئاماژە بەوە شدەكات كە ساڵانە بنەتۆی پەتاتە لە وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی لە هۆڵەندا هاوردە دەكەن و گوتی: چەند كۆمپانیایەك هەیە لە كوردستان كە بریكاری سەرەكی هاوردەكردنی بنەتۆی پەتاتەن و ئێمە ساڵانە نزیكەی 10 بۆ 15 هەزار تۆن بنەتۆ لە هۆڵەندا هاوردە دەكەین و لێرە دابەشی سەر جووتیارانی عێراقی دەكەین، هەروەها بەشێكیشی لە كۆمپانیای خۆمان دادەنێین و ساڵانە نزیكەی هەزار تۆنی دەچێنین.
بەگوتەی بەشار مشیر بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان شەش ئەوەندەی پێداویستی ناوخۆیە و ئەوەشدەخاتەڕوو كە بەنیازن پەتاتە هەناردەی وڵاتان بكەن و لەمبارەیەوە گوتی: بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەرێمی كوردستان بۆ ساڵێك پێویستی بە 100 هەزار تۆن پەتاتە هەیە، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەكرێت لە هەرێمی كوردستان 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمبێت، واتا شەش بەرامبەر پێداویستی ناوخۆ بەرهەم زیادی كردووە، ئەم زیادەیەش رەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێڕاق دەكەین، هەرچەندە لە شارەكانی دیكەی عێراقیش پەتاتە چێندراوە، بەڵام كە قەبارەی بەرهەمهێنان زیادی كرد ئەوا جووتیار تووشی گرفتی بەبازاڕكردن دەبێت، بۆیە ئێمە لە هەوڵداین لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانین پەتاتە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بكەین بە تایبەتی وڵاتانی كەنداو كە بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم لەگەڵ كونسۆڵخانەی ئیمارات یاداشتێكی لێكتێگەیشتینیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن چەندین جۆری بەروبوومی كشتوكاڵی لەنێویاندا پەتاتە رەوانەی ئیمارات بكرێت كە بڕیارە لە وادەیەكی نزیكدا پڕۆسەكە دەست پێ بكات.
مشیر لەبارەی رەخساندن و ژمارەی هەلیكار لە ناوچەكە گوتی: وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵییدا جیاوازە بەراورد بە سێكتەرەكانی دیكە، كشتوكاڵ چەندین هەلیكار دەڕەخسێنێت هەر بۆیەش لە دەشتی ناوكوڕ ساڵانە 20 بۆ 25 هەزار كرێكار سوود لە چاندن و هەڵگرتنەوەی پەتاتەوە دەبیینن واتا هەلیكار زیادی كردووە، زۆربەی كرێكارەكان ئاوارەن و نیشتەجێی كەمپەكانن كە پێكهاتوون لە هەردوو رەگەز.


 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.