بەھۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ماوەی شەش رۆژە پارێزگای سیستان - بەلوچستان باشووری رۆژھەڵاتی ئێرانی گرتووەتەوە، هەزار و 191 رەوانەی نەخۆشخانە کراون و کەسێک گیانی لەدەست داوە.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی کارەساتی سیستان-بەلوچستان، مەجید مۆحیبی رایگەیاندووە، ماوەی شەش رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین، پارێزگای پارێزگای سیستان-بەلوچستان'ی گرتووەتەوە کە بەھۆیەوە تا ئێستا، هەزار و 191 کەس تووشی ھەناسەسواریی بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
مۆحیبی ئاماژەی بەوەش داوە، نەخۆشییەکانی چاو و هەناسەدان و دڵ هۆکاری سەرەکی چوونی هاووڵاتییانە بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان.
ناوبراو راشیگەیاند، هەزار و 19 کەس کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، چارەسەریی171 کەس بەردەوامە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی کارەساتی سیستان-بەلوچستان، مەجید مۆحیبی، رۆژی 26ی حوزەیران ئاماژەی بەوە دابوو کە 764کەس لە شارەکانی زابول، زەهەک، هومان، هیرمەند و نیمروز بەهۆی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون کە چارەسەریی 115 کەسیان لە نەخۆشخانە بەردەوامە.
بەرپرسان هۆشدارییان دابوو کە بەهۆی بوونی خۆڵێکی زۆر لە هەوادا، ئەو کەسانەی بەتایبەتی نەخۆشی دڵ و هەناسەدانیان هەیە نەچنە دەرەوە و ئاگاداری خۆیان بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.