Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 07:34

بەخێوكردنی گامێش لە عێراقدا بەرەو لەناوچوون دەچێت

کوردستان TV
100%

ئەو خێزانانەی لە رۆژهەڵاتی بەغدا پایتەختی عێراق، نیشتەجێی نزیك رووبارەكانن، بژێوی ژیانیان لە رێگەی بەخێوكردنی گامێشەوە دابین دەكەن و سەرەڕای كێشە و گرفت و ماندووبوونەكەی، هەر بەردەوامن لەسەر كارەكانیان.
دەیان خێزان لە قەراغ رووباری دیالە لە ناوچەی فوزەیلیە رۆژهەڵاتی بەغدا لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین. ئەم ناوچەیە كە زبڵ و خاشاكی زۆری لێ كەڵەكەبووە، بە شوێنی بەخێوكردنی گامێش ناوی دەركرووە.
منداڵانی ئێرە لە تەمەنێكی بچووكەوە فێری دۆشین و بەخێوكردنی گامێشەكان دەبن. گامێشەكان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشیی جۆراوجۆر هەیە.
لە بەرامبەردا حكوومەت و شارەوانی بە پاساوی ئەوەی بە شێوەیەكی نایاسایی دروستكراون، هەڕەشەی تێكدانی خانووەكانیان لەو خێزانانە دەكەن كە تاكە سەرچاوەی داهاتیان بەخێوكردنی گامێشەكانە.
لەوبارەیەوە باسم ئەبو عەباس كە خاوەنی 5 منداڵە و دەیان گامێشی هەیە، راگەیاند، شارەوانی هەوڵی رووخاندنی خانووەكانیان و ئەو شوێنانە دەدات كە بۆ گامێشەكان دروستیان كردوون، ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی خراپیی ژینگە و سیاسەتی حكوومەتەوە، بەخێوكردنی گامێش لە عێراق بەرەو لەناوچوون دەچێت و گوتی: بەخێوكردنی گامێش لە عێراق كارێكی زۆر ماندووكەرە. گامێیش، ئاژەڵێكە حەز بە مانەوە لە ئاودا دەكات، كەمبوونەوەی ئاویش كاریگەریی لەسەر بەخێوكردنی گامێش هەیە، بژێوی ژیانمان لە رێگەی ئەو شیرەوەیە كە لە گامێشەكانمانەوە دەستمان دەكەوێت.
هەرەوەها تاڵب عەبدوللەتیف، (تەمەن 23 ساڵ)، كوڕە گەورەی خێزانێكی دیكەیە كە بە بەخێوكردنی گامێشەوە خەریكەو بڕیاری دا واز لە خوێندن بهێنێت بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات كە لە باوباپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە.
ئەو گەنجە عێراقییە دەڵێت: رۆژانە بە تێكڕا چوار كاتژمێر دەخەوم و زۆربەی كاتەكانم بە بەخێوكردنی گامێشەكانەوە بەسەر دەبەن.
 گوتیشی: هەر لە منداڵییەوە بەخێوكردنی گامێش بووەتە بەشێكی گرنگی ژیانم، ئێمە ژیانێكی كۆچەری دەژین، لە كوێ ئاو هەبێت ئێمە لەوێین، رۆژانە دوو جار بەیانییان و ئێواران گامێشەكان دەدۆشین، ئەو شیرە دەفرۆشینەوە كە بەدەستی دەهێنین.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.