Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 10:41

ئەستێرەی هەڵبژادەی تۆپی پێی سوید، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ وازی لە یاریکردن هێنا

کوردستان TV
100%


هێرشبەری سویدی، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ یاریزانی یانەی ئەی سی میلان لە تەمەنی 41 ساڵیدا وازی لە یاریکردن هێنا.
یانەی ئەی سی میلان دوای ئەوەی لەمیانی دوایین هەفتەی وەرزی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا میوانداریی هێلاس ڤێرۆنای کرد و بە ئەنجامی 3-1 یارییەکەی لێ بردەوە، رێوڕەسمێکی تایبەتی بەبۆنەی وازهێنانی لە یاریکردن بۆ ئیبراهیمۆڤیچ رێکخست.
بەر لە یارییەکە هاندەران بە رەنگی سوور و رەش نمایشێکی تایبەتیان پێشکەش کرد و ئیبراهیمۆڤیچ دوای یارییەکە هاتە ناوەڕاستی یاریگاکە لەنێو چەپڵەڕێزانی هاندەران و هاوڕێکانی و لیژنەی تەکنیکی ماڵئاوایی خۆی لە یانەکە کرد.
ئیبراهیمۆڤیچ کە نەیتوانی کۆنترۆڵی فرمێسکەکانی بکات گوتی: "لێرە یادگاری زۆرم هەیە، هەمیشە هاندەری میلان دەبم، کاتی ئەوە هاتووە ماڵئاوایی لە تۆپی پێ بکەم".
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ درێسی ژمارە 11ی پێدرا کە هاوڕێکانی واژوویان لەسەر کرد.
ئیبراهیمۆڤیچ، کە لە دوو قۆناغی جیاوازدا لە میلان یاری کردووە، یەکەمیان لە نێوان 2010-2012 و دووەمیش لە نێوان 2020-2023، ئاستێکی بەرزی بۆ یانەکەی پێشکەش کرد.
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ کە بە گشتی 163 یاری بۆ میلان ئەنجامداوە و 93 گۆڵی تۆمار کردووە، بەهۆی پێکانەوە لەم وەرزەدا توانی تەنها چوار یاری ئەنجام بدات و تاکەگۆڵێک تۆمار بکات.
ئەو یاریزانە سویدییە لە ژیانی پیشەگەریشیدا لە 988 یاریدا 573 گۆڵی تۆمار کردووە و لەگەڵ یانەکانیدا چەندین نازناو و خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی بەدەستهێناوە.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.