ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی پەسەندکردنی بودجە دیاری نەکراوە و سبەش ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی بودجە کۆنابێتەوە.
شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی لە ژمارەیەک بڕگەی ماددەکانی 13 و 14 ئەنجام دراون، ڕایگەیاند: ئەو گۆڕانکارییانەی کراون دژی هەرێمی کوردستانە و نادەستوورین، ئێمە نیگەرانین لەم بابەتە، چونکە دژی مافەکانی هەرێمی کوردستانە و وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داکۆکی لە قەوارە و مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین.
لەبارەی کێشەکانی ئەو گۆڕانکارییانەی کراون شێروان دووبەردانی ڕاشیگەیاند: بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە، بەغدا تەواوی داهاتەکان کۆنترۆڵ دەکات، وەکو هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و پێشێلکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستانە و قبووڵی ناکەین.
شێروان دووبەردانی لەبارەی هەواڵی دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024، 2025 باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە دیاری نەکراوە.
لەبارەی ئەو بڕگەی ئاماژە بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، شێروان دووبەردانی جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێش هەموو لایەنەکانی دیکەوە داوای مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەناوخۆی هەرێم و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی هیچ بڕەپارەیەکی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها گوتی: ئەمە لەکاتێکدایە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا کەمتر لە بەشەکەی خۆی بۆ دانراوە، بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان 13.9%، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە 12.67% دانراوە.
شێروان دووبەردانی ئاشکراشی کرد کە ئەوەی دەگوترێت لەمبارەیەوە تەنیا موزایەدەی سیاسییە کە لەلایەن بەشێک لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکرێت، حکوومەتی عێراقیش بەڕوونی بە هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە هیچ بڕەپارەیەک بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەرخان ناکەن.
ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێ لایەنی سیاسیی بۆ موزایەدەکردن و بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن، ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانیان خستە مەترسییەوە.
شێروان دووبەردانی سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بودجەوە ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان بەردەوامن. باسی لەوەش کرد کە دوێنێ لایەنەکانی سوننە دەنگیان بەم گۆڕانکارییانە نەدا، تەنیا چەند ئەندامێکی کورد و لەگەڵ شیعەکان لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە گۆڕانکارییەکان دا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دەنگدان بەم بڕگە "نادەستووریانەی دژی هەرێمی کوردستان" جەختی کردەوە کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نادرێت و تێناپەڕێنرێت.
شەوی ڕابردوو، پێنجشەممە 25ـی 05ـی 2023 لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بڕگەی ماددەکانی 13 و 14ـی دەستکاریی کرد کە دژی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵین، کە لەوانەیە بەهۆیەوە بەتەواوەتی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەمبارەیەوە ئەمڕۆ ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێککەوتی 25ـی 05ـی 2023 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکوومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە.
لە ڕاگەیەنراوەکە جەختیشی کردبووەوە کە "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکەش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکوومەتی سوودانی کراوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.