Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 16:16

ئۆفیسی سلێمانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرایەوە

کوردستان TV
100%


لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و سەعید سەلیم پشدەری بەرپرسی لقی چوار و شێخ ستار عەوالانی، بەرپرسی لقی ٢١ و د. محسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر و ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی دیار،  ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرایەوە.
لە دەسپێکدا  دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ڕێگای ئەو بیرۆکانەی بۆ ئەم ئۆفیسە ھەیە، ھەموومان بەیەکەوە دەتوانین بە گیانی یەکڕیزی خزمەتی وڵاتەکەمان دەکەین.
وتیشی یەکێک لە بیرۆکەکان دەرکردنی گۆڤارێکە، کە ئەم گۆڤارە خزمەتی زۆر بەم قۆناغەی ئێستا و ڕوناکبیریی کوردی دەکات، ھاوکات کردنەوەی خولی مەشق و ڕاھێنان لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و میدیایی و پەروەردەیی و زمان و بوارەکانی تریش، لە کار و چالاکییەکانی ئەم ئۆفیسە دەبێت.
ھەر لەو مەراسیمەدا دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی  وتەیەکی پێشکەش کرد و بەناوی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لە کردنەوەی ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
وتیشی: بۆ بۆنە و یادەوەریی حزبیانە زۆر بەدەگمەن دەچم، تەنھا بۆ ئەو بۆنانە نەبێت کە لە ڕێگای چالاکی و نووسینگەکان و بەرنامەی حزبییەوە خزمەتێک بە کایەی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان و یەکترقبوڵکردن دەکەن، کە ئەم ئۆفیس و بەشە یەکێکیانە.
دواتر ھەریەک لە ھونەرمەندان و نووسەران  یاسین قادر بەرزنجی و حەمە ڕەشید ھەرەس و خەڵات عومەر وتەیان بە بۆنەی کردنەوەی ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشکەش کرد.
مەبەست لە کردنەوە ئەم ئۆفیسە، بایەخدانی پترە بە بواری ڕۆشنبیری و میدیایی و کلتوری و ئه‌ده‌بى و هونه‌رى و، ھاوکات ئەنجامدانی‌ چەندین پڕۆژه‌ و چالاكیی تر.
دواتر چەپکە گوڵی پیرۆزبایی سەندیکا و کۆمەڵە و ناوەندە ڕۆشنبیری و میدیایی و هونەرییەکان پێشکەش کران و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئۆفیسی سلێمانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاکەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خواست.

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.