کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنەوەی فەرمیی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.
کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەشتەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە و ڕێکخراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی (تاران، مەشهەد و ئەسفەهان) ئەنجام دەدرێن.
بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران و بەدواداچوونی وەزیری گواستنەوە و دوای تەواوکردنی سەرجەم مەرجە ڕێکخراوەیی و هونەرییەکان هاتووە، بە جۆرێک کە ئامادەکاریی تەواو بۆ ئۆپەراسیۆنی فڕینەکان کراوە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لە گەڕانەوەی ئەم گەشتانە، ئاسانکاریکردنە بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییە ئاسمانییەکانی عێراق لە ناوچەکەدا، بەتایبەت بۆ مەبەستی گەشتیاریی ئایینی، چارەسەری پزیشکی و خوێندن.
جێگەی ئاماژەیە، کۆمپانیای گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە سەرەتای مانگی ئاداری ڕابردووەوە سەرجەم گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگرتبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.