وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول گەیشت و هەر ئەمڕۆ خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەم وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 835,553,000,000 دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120,000,000,000 دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم، لە کۆی تەمویلی مووچەکە بڕیوە.
هەروەها وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، بڕی 4,961,000,000 دینار لە تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول نەنێردراوە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتەوە بڵاودەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.